fbpx
Shadow Shadow

کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى دەکات؟

23:02 سێ شه‌ممه‌ 29 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد –

 

فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق هەڵوێستیان یەکنەخستووە لەبارەى ئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى و خستنەدەنگى ئەو پرسە لە پەرلەمان و هەڵویستى جیایان هەیە لەو بارەیەوە، لەکاتێکدا باس لە نزیکى وادەى دەستلەکارکێشانەوەى دەکرێت.

.

ئەمڕۆ، سێشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2019،  پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا و دەنگیدا بۆ سەندنەوەی مافی پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانەی لە کەیسی گەندەڵییەوە تێوەگلاون و بەزۆرینەی دەنگیش داوای ئامادەبونی عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی لەبەردەم پەرلەمانتاران ئامادە بێت.

.

“عەبدولمەهدى دەستلەکاردەکێشێتەوە”

ئەمجەد عەقابى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى سائیرون ڕایگەیاند، موقتەدا سەدر چاوى بە سیستانى کەوتووە و ئەگەر هەیە عەبدولمەهدى ئەمشەو دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات.

.

عەقابى ئاماژەى بەوەشکردووە، سەردانەکەى سەدر بۆ لاى سیستانى بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی گۆڕینى عەبدولمەهدى بووە، هادى عامریش بە “ئیجابی” لە قسەکانى سەدر دەڕوانێت کە تێیدا داواى لەکارخستنى عەبدولمەهدى کردووە.

.
پەرلەمانتارەکەى سائیرون بەدورى نەزانى سەدر بچێتە ریزى خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانى تەحریرى بەغداوە و دەڵێت “هەڵەمان کرد لە دیاریکردنى عەبدولمەهدى بۆ سەرۆک وەزیران”.

.

زۆرینەی پەرلەمانى

فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق کە خاوەنى 58 کورسین، هێشتا هەڵوێستى خۆیان لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە و بەشێکیان دەڵێن لەگەڵ زۆرینەى پەرلەمانى دەبن ئەگەر پرسى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى خرایە دەنگدانەوە، کە بە “باشترین” سەرۆک وەزیر بۆ کورد ناوى دەبەن.

.

هەدار بارزانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەم نیگەرانیەی ئێستا لەسەر عادل عەبدول مەهدی دروستبووە، کەڵەکەبونی کێشەکانی چەندین ساڵی ڕابردووە کە یەخەی عەبدولمەهدی گرتووە.

.

وتیشى “ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی سائیرون داوایان دەکرد کە عەبدولمەهدی ڕاستەوخۆ بچێتە پەرلەمان، ئەوەش هیچ مەعقوڵ نییە بیانەوێت لە نیو کاتژمێردا سەرۆک وەزیران بچێتە پەرلەمان، لەکاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت حەوت ڕۆژ پێش کاتی خۆی ئەو کەسە ئاگادار بکرێتەوە جا وەزیر بێت یان سەرۆک وەزیران”.

.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەشکرد “تا ئێستا لەنێو فراکسیۆنی پارتیدا باسمان لە دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی نەکردوە و لە هەر ئەگەرێکی لەو شێوەیەشدا ئێمە لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمان دەبین، پێموایە زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەگەڵ ئەوەدان کە ڕایان لەگەڵ ڕای زۆرینەی پەرلەمان دەبێت”.

.

جەختی لەوەشکردەوە ئەوان پێیانوایە، بەهیچ شێوەیەک دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی چارەسەر نییە، بەڵکو فەوزایەکی گەورەتر لە عێراق دروست دەکات، چونکە بۆشاییەک دروست دەبێت کە پڕ نابێتەوە و لایەنەکان بە ئاسایی ڕێک ناکەون، “عەبدولمەهدی باشترین بژاردەیە بۆ کورد”.

.

“باشترین بژاردە بۆ کورد”

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داواکەى فراکسیۆنى سائیرون بۆ بانگهێشتکردنى عەبدولمەهدى و نەچونە دەرەوەیان لە هۆڵى پەرلەمان تا ئامادە دەبێت، “کارێکی خراپە”، چونکە عادل عەبدولمەهدی خۆی کەسیکی تەکنۆکراتە و پێشتریش چەندین جار هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردبو بەهۆی ئەوەی کە ڕێگری لە ئەنجامدانی چاکسازییەکانی کراوە.

.

جوان ئیحسان بۆ ناس کورد وتیشى “لەئێستادا عادل عەبدولمەهدی بێ بەدیلترین و باشترین بژاردەیە بۆ عێراق و بۆ کوردیش بەتایبەت و کەسێکی تەکنۆکراتە، بەڵام لەچەندین لایەنەوە فشاری خراوەتە سەر کەدەست لەکاربکێشێتەوە و هەموو ئەو گەندەڵی و خراپەکاریانەی پێشتر کراوە خراوەتە ملی ئەو”.

.

“سەیرى دۆسیەکە دەکەین”

بەهار مەحمود ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هێشتا هەڵوێستیان یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە سەلمێنرا کە عەبدولمەهدى لە گەندەڵییەوە تێوەگلاوە دەنگدەدەن بۆ ئەوەى متمانەى لێ بسەنرێتەوە.

.

بەهار مەحمود بە ناس کوردى وت “تا ئێستا ئێمە باسمان لەئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی نەکردوە و لەناو فراکسیۆنە کوردییەکانیشدا باس نەکراوە بۆ ئەوەی ڕایەکی هاوبەشمان هەبێت”.

.

وتیشى “بەڵام ئێمە وەکو فراکسیۆنی گۆڕان، سەیری مەلەفەکە دەکەین نەک شەخسەکە واتە ئەگەر لە پەرلەمانەوە بە بەڵگە سەلمێندرا کە عادل عەبدولمەهدی بەشدار و هۆکارە لەو گەندەڵییەی لە عێراقدا هەیە ئەوا ئێمە دەنگ دەدەین بۆ سەندنەوە متمانە لێی”.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل