fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

شێوازەکە چییە و سودى چییە؟

شێوازى قیرکردنى شەقامەکانى کوردستان دەگۆڕدرێت

10:07 سێ شه‌ممه‌ 25 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان سیستەمی قیری “سوپەر پەیڤ”ى راگەیاند كە نوێترین سیستمی قیركردنی شەقامە لە جیهاندا، کە پلەى گەرمى ناوچەکان و پەستانى سەر شەقامەکان بەهەند وەردەگیرێت، ئەوەش بە ئامانجى درێژکردنەوەى تەمەنى شەقامەکان و ڕێگریکردن لە تێکچوونیان.

.

لە هەرێمى کوردستان تا ئێستا قیرى شەقامەکان بە سیستەمى مارشاڵ دەکرێت، کە سیستەمێکى کۆنە و تێیدا ڕەچاوى پەستان و پلەى گەرمى ناوچە جیاجیاکان ناکرێت، بەو هۆیەشەوە بەردەوام شەقامەکانى هەرێم روبەڕووى خراپ بوون بوونەتەوە.

.

بەدرێژایی سێ مانگى ڕابردوو تیمەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى هەرێم سەرقاڵى وەرگرتنى بەرزترین و نزمترین پلەى گەرماى ناوچە جیاجیاکان بوون بەدرێژایی 15 ساڵى ڕابردوو، بۆ ئەوەى بەپێی پلەى گەرمى ناوچەکان سیستەمەکە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

.

بەشێوەیەکى گشتى و لەسەر ئاستى هەرێم تیمەکە بەرزترین پلەى گەرمى بە 72 پلە و نزمترینیشى بە 10 پلەى ژێر سفرى سەدى دیاری کردووە، واتە هەر شەقامێک کە بەو سیستەمە قیر بکرێت دەبێت بەرگەى ئەو پلە گەرمییانە بگرێت، سەرەڕاى بەرگرتنى پەستانى زۆر.

.

نزار حەمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی بیناسازی هەولێر بە ناس کوردى وت “ئەمە تەکنەلۆژیایەکى نوێیە لە جیهانداو زۆربەى وڵاتە پێشکەوتوەکان کارى لەسەر دەکەن، رێگایەکى نوێى دیزاینکردنى هاوکێشەى قیرە کە لە ڕێگاکان بەکاردەهێنرێت، هێشتا لە زۆربەى وڵاتان هەر ڕێگا کۆنەیەکە کە ڕێگاى مارشاڵى پێ دەوترێت، ئەم ڕێگە نوێیە ڕەچاوى دوو شتى سەرەکى تێدا کراوە یەکیان پلەى گەرمیەو ئەوى تریش قورسایى سەر ڕێگەکەیە”.

.

 پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ هەرسێ تاقیگەى بیناسازى سلێمانى و هەولێر و دهۆک ئامادەکراوە بەهاوکارى زانکۆى “ویسکنسن”ى ئەمریکى، پرۆفیسۆر “حسێن بەهیە” پێداچونەوەى بۆ کردووە، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى سیستەمەکە لەجیهاندا.

.

لەساڵى 2014 ەوە هەرێمى کوردستان هەنگاوە سەرەتاییەکانى بۆ جێبەجێکردنى ئەو سیستەمە نوێیە دەستپێکردووە و ئامێرى پێشکەتوووى کڕیوە و خولى تایبەت بۆ کارکردن لەسەرى کراوەتەوە.

.

نزار حەمەد وتى “چەند قۆناغێکمان بڕیوە، قۆناغى یەکەم پۆلیمەرات بوو قۆناغى دوەمیش ئەو قۆناغەى ئێستایە کە تێیداین کە دیزاینکردنە بەڕێگەى سوپەر پەیڤ، ئەو پرۆفیسۆرەش کە لەگەڵ دامەزراوەکانى تایبەت بەو سیستمە لە وڵاتان کار دەکات و خۆشى یەکێکه‌ لە دامەزرێنەرانى  سیستمەکە”.

.

سیستمى سوپەر پەیڤ لە ساڵى 1993ەوە لەلایەن دامەزراوەى “بەرنامەى لێکۆڵینەوە لە ستراتیژى ڕێگە خێراکان SHRP ” پەرەى پێدراوە و لەساڵى 1996 بڵاوکرایەوە، بەڵام لەچەند ساڵى ڕابردوودا کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە و لەئێستادا لە چەندین وڵاتى پێشکەوتوى جیهان بەکاردەهێنرێت.

.

دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوێنێ (دوشەممە) لە رێوڕەسمى ڕاگەیاندنى سیستەمەکەدا ڕایگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە وەک کارێکی گرنگ و بنەڕەتی و گەشەپێدان گرنگی تایبەتی بە تاقیگەکان داوە، لەو چوارچێوەیەدا ھێنانەپێشەوەی مانوێلێکی تایبەتە بە دیزاینی ئەسفەلت بەرێگای سوپەر پەیڤ.

.

هیواشى خواست ئەو شێوازە ببێتە سەرەتایەکی باش کە لە داھاتودا رێگاوبانەکان بەشێوەیەک دیزاین بکرێت کە لەئاست داواکاری ھاووڵاتیان و پاراستنی سەلامەتی گیانیان بێت.

.

بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو تا ئێستاش شەقامەکانى هەرێمى کوردستان گرفتى زۆریان بۆ هاووڵاتیان و شۆفێران و تەنانەت حکومەتیش دروستکردووە، بەهۆى خراپى قیرکردنیانەوە بەردەوام ڕێگاکان خراپ دەبن و زۆرجار بەهۆیەوە ڕووداوى هاتوچۆ ڕوودەدەن، هەروەها حکومەتیش ناچارە ساڵانە پارە تەرخان بکات بۆ نۆژەنکردنەوەیان.

.

دروستکردنى شێوازى قیرەکە لەلایەن کارگەکانەوە بەم سیستەمە نوێیە یەکێکە لە کارە سەرەکییەکان، شێوازەکەشى بەجۆرێکە کە دەبێت لەلایەن هەر پێنج تاقیگە سەرەکییەکەى هەرێمەوە لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، گەرمیان و کۆیە کۆنتڕۆڵ بکرێت تا لەکاتى دروستکردنیدا رەچاوى کوالێتى کەرەستەکانى بکرێت.

.

بەرێوەبەرى تاقیگەى بیاناسازى هەولێر وتى “ئەو سیستمە لە عێراق و ناوچەکە نەبوو بۆیە سەخت بوو بتوانرێت کارى پێ بکرێت، بەڵام ئێستا بەردەستە و دەتوانرێت بەو ڕێگایە دیزاین بکرێت، ئەو کارگانەى کە قیرەکە ئامادە دەکەن دەتوانن شێوازە نوێیەکە بەکاربهێنن، هەروەها گشتاندنیشى پێدەکرێت بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان”.

.

سەبارەت بەوەى کەى دەتوانن بە سیستمى سوپەر پەیڤ دیزاین بکەن، نزار حەمەد، روونیكرده‌وه‌ “ئێستا ئاماده‌یه‌ و لەبەڕێوەبەرایەتى تاقیگەی بیناسازی هەولێر دەتوانین بەو سیستمە دیزاین بکەین، هەروەها ئامێرەکانیشى هەیە و دیزاینمان پێکردوە و تەنها جێبەجێکردنى ماوە بۆ داهاتوو، هەر بەڕێوەبەرایەتیەک بیەوێت بەو سیستمە دیزاینى بۆ بکەین ئێمە ئامادەین”.

.

ڕونیشیکردەوە “لەکاتى ئامادەکردنى قیرەکەدا ڕێژەکان دەگۆڕدرێن، بۆ نموونە قیر کە لە کارگەکان بەرهەم دەهێنرێت بەڕێگەى مارشاڵ ئێمە ڕێژەکانیان بۆ دیارى دەکەین، بە سیستمە نوێیەکەش بەهەمان شێوەیە بەڵام ڕێژەى پێکهاتەکان دەگۆڕێت”.

.

لە سیستمە نوێیەکەدا دوو شت بەهەند وەردەگیردرێت، ئەوانیش پلەى گەرمى و پەستانى سەر ڕێگەکە، لە خانەقین تا کوردستان کراوە بە چەند زۆنێک بەپێى پلەى گەرمى شوێنەکە قیر دەکرێت ئەویش لە ئامێرە نوێیەکان پلەى گەرمى و پەستانەکە دیاریدەکرێت و ڕێژەکان دیاریدەکرێن و ئەو ڕێژانەش دەدرێنە کارگەکانى قیر بۆ ئەوەى بەو پێیە قیرەکە بەرهەم بهێنن.

.

بەوتەى نزار حەمەد لە زۆر وڵاتانى جیهان پلەکانى گەرما لەنێوان شەو و ڕۆژدا زۆر جیاواز نییە بەڵام لە هەرێم وا نییە، “بۆیە پێویستمان بەو سیستمە تازەیە هەبوو، هەروەها ئەو قورساییەى دێتە سەر جادەکە و چەند ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر بەسەر چادەکاندا تێپەڕ دەبن لەماوەى چەند ساڵى داهاتوو پەستان لەسەر جادەکە چەند دەبێت ئەوانە هەموو لەبەرچاو دەگیردرێت، هەروەها شەقامەکانیش بەم سیستمە نوێیە تەمەنیان زۆر درێژتر دەبێت، هەموو شتێکیش تەمەنى خۆى هەیەو تەواو دەبێت بەڵام ئەم ڕێگە نوێیە زۆر زیاتر بەرگە دەگرێت”.

.

سەبارەت بە تێچوەکەشى وتى “هیچ شتێکى لەو جۆرە ناگۆڕدرێت چونکە هەمان ئامێر و مادە بەکاردەهێرێن، تەنها یەک شت دەگۆڕدرێت ئەویش پۆلیمەرات بەکاردەهێنرێت و ڕەنگە پێویستى بە پۆلیمەرهەبێت بۆ نمونە هەولێر پلەى گەرمى بەرزترە یان شەقامێک لۆدى زۆر لەسەرە ئەو کاتە پێویستمان بە پلەى گەرمى لە 82 ەوە تا -10 دەبێت و ئەو پۆلیمەرە بەکاردێت ئەویش تەنها دۆلارێک بۆ دۆلار و نیوێک لە یەک مەتر چوارگۆشە زیاد دەکات”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل