ناس كورد-
لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا كە پێش دەستگیركردنی تۆماركراوە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایەك لە هاووڵاتیانی هەرێم دەكات و دەڵێت”یەكێتی دەیەوێت نەوەی نوێ واز لە پرەنسیپەكانی بهێنێت و بچێتە ژێرباڵی دەسەڵات”.
.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا كە پێش دەستگیركردنی تۆماركراوە، ڕایگەیاند”هێزەكانی یەكێتی دەیانەوێت جوڵانەوەكەمان لاواز بكەن و واز لە پرەنسیپەكانی حزبەكەمان بێنین و بچینە ژێر باڵی دەسەڵات، بەڵام ئەوە دوورە لە ئەخلاقی ئێمە و هەرگیز كاری لەو شێوەیە ناكەین”.
.
سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەكات، دەسەڵات پێشتر چەندین سیناریۆی لەو شێوەیان بۆ دروست كردوون و هەوڵیانداوە لاوازیان بكەن، دڵنیایی ئەوەشیدا ئەم “سیناریۆ”یە ئاشكرا دەبێت و ڕاستییەكان بۆ خەڵك دەردەكەوێت.
.
هاوكات شاسوار عەبدولواحید داوایەكی لە هاوڵاتیان كرد و ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە ئیتر هاوڵاتیانیش پشتی ناهەقی نەگرن و بچنە بەرەی هەق و زوڵم و ناحەقیەكانی دەسەڵات قبوڵ نەكەن.
.
جەختیشیكردەوە، نەوەك گرتن و زیندانی كردن، بەڵكو ئامادەیە ژیانیشی دابنێت، بەڵام هەرگیز بەرەی هاووڵاتیان جێناهێڵێت و پشتگیری دەسەڵات ناكات و بەردەوام دەبێت لە هەڵوێستەكانی ڕابردووی، وتیشی:”لە هیچ وڵات و سەردەمێكدا بۆ گۆڕانكاریكردن فەرشی سوور بۆ كەس ڕانەخراوە”.
.
پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 15ی ئایاری 2019 دادگای ئاسایشی گشتی هەرێم فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ دەركرد، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی چووە دادگای سلێمانی و بە فەرمانی دادوەر دەستگیركرا.
.