fbpx
Shadow Shadow

نەوەى نوێ: بڕیارەکە بۆ ئێمە جێگەى سەرسوڕمان نییە

شارەوانی سلێمانی ڕیسەکەی نەوەی نوێ دەکاتەوە بە خوری

21:24 چوار شه‌ممه‌ 04 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

پاش ئەوەى تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێ هەستان بە چاککردنەوەى شۆستەى بەردەم باخى گشتى و پرۆژەکەیان بەکۆتا هێنا، شارەوانى سلێمانى ڕایدەگەینێت، شۆستەکە هەڵدەوەشێننەوە، جوڵانەوەکەش دەڵێت، چاوەڕێی بڕیارێکى لەو جۆرە بووین و هیچ لامان سەیر نییە.

,

پاش تەواوکردنى پرۆژەى شۆستەى بەردەم باخى گشتى لەلایەن جوڵانەوەى نەوەى نوێوە، لە ئێستادا شارەوانی سلێمانی نیگەرانە لەو کارە، سەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئێمە وەک شارەوانی سلێمانی ئاگاداری ئەو پڕۆژەیەی نەوەی نوێ نەبوین و پڕۆژەکەش لەکاتێکدا بوە کە ئێمە خۆمان بەنیاز بوین ئەو شوێنە نۆژەن بکەینەوە و بودجەی بۆ تەرخان بکەین، بۆیە ئێمە پڕۆژەکەی نەوەی نوێ هەڵدەوەشێنینەوە”.

,

لەبارەى هۆکارى هەڵوەشاندنەوەى پرۆژەکەش، سەردەشت ڕەفیق وتی: “نەوەی نوێ لە سەرەتای دەستکردنیان بە پڕۆژەکە، دەبوایە بهاتنایەتە شارەوانی سلیمانی و سەردانی بەشی پڕۆژەکانیان بکردایە، لەگەڵ ئێمە پەیوەندیان دروست کردایە بۆ ئەوەی کە ئێمە چۆنیەتی کارکردن و کوالێتی ئەو کارەیان پێ بڵێین کە دەبێت چۆن ئەنجام بدرێت و دیزانیانیان بدەینێ”.

,

وتەبیژی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چەند مانگێکە سەرقاڵی دانانی پلان بونە بۆ ئەوەی کە هەردوو شۆستەی بەردەم باخی گشتی و سلیمانی پاڵاس و شۆستەکانی هەردوو بەری شەقامی ئۆرزدی پێکەوە نۆژەن بکەنەوە، هەروەها وتیشی: “تەنانەت پرۆژەکانمان داوە بە کۆمپانیایەک و بودجەشی بۆ دابینکراوە، کە بڕەکەی 139 ملیۆن دینار بوە، بەڵام کە نەوەی نوێ زانیویەتی دەمانەوێت دەست بکەین بە نۆژەنکردنەوە چون ئەو هەلەیان قۆستووەتەوتەوە و دەستیان بەو پرۆەژەیە کردووە”.

,

“ئەو چوار شۆستەیەی کە بڕیارمانداوە نۆژەنیان بکەینەوە ئێمە دیزاین و هەموو کارێکمان بۆ کردووە، دەبێت هەر چواریان یەک دیزاین بن و نابێت جیاواز بن، ئەوەی نەوەی نوێش کردویەتی هیچ بە کوالێتی و دیزاینی ئێمە نییە، بۆیە ئیمە وەک شارەوانی ئەوەی ئەوان هەڵدەوەشێنینەوە و لایدەبەین و خۆمان دووبارە نۆژەنی دەکەینەوە بەو دیزایەنی کە خۆمان دامانناوە، ئەگەر ئەوانیش حەزیان لە خزمەت بوایە دەبو سەردانی ئێمەیان بکردایە”، وتەبێژى شارەوانى سلێمانى واى وت.

,

لەبەرامبەردا هیمداد شاهین، لە جوڵانەوەى نەوەى نوێ بە ناس کوردى ڕاگەیاند: “ئێمە هیچ شۆک نیین بەو بڕیارەى شارەوانى سلێمانى و بەلامانەوە سەیر نییە، بەڵام پێویستە شارەوانى و فەرمانبەرەکانیشی ئەوە بزانن ئێمە دەمێکە لەوە تێگەیشتوین ئەم دەستەڵاتە لەبرى ئەوەى دونیاى ئێمە جوان بکات ئیشى هەر تێکدان و ناشرین کردن بووە”.

,

ئەو بەرپرسەى نەوەى نوێ ئەوەشى وت: “بەپێی خەمڵاندنەکانى ئێمە پارەى نۆژەنکردنەى ئەو چوار شۆستەیەى شارەوانى بەنیازە ئەنجامیان بدات زۆر کەمترى پێویستە لەو بودجەیەى بۆ ئەو پرۆژانەیان داناوە”.

,

لەبارەى ئەنجامدانى ئەو کارە بەبێ پرسى شارەوانى، شاهین وتى: “ئێمە هاتوین ڕێگایەکى شارەکەى خۆمان کە ڕێگایەکى سەرەکى بوە، نۆژەنى دەکەینەوە، لەسەر ئەم کارانەش بەردەوام دەبین”.

 

,

ماوەی هەفتەیەکە تیمێک لە کرێکاران و ئەندازیارانى جوڵانەوەى نەوەی نوێ، لە ناوەندی شاری سلیمانی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شۆستەى بەردەم باخی گشتی بوون و دواجار ئەمڕۆ چوارشەممە، کارەکەیان بەکۆتا هاتوو شۆستەکەیان بەڕوى هاوڵاتییاندا کردەوە.

,

,

 

 

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل