fbpx
Shadow Shadow

"نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیکا پارتی و یەکێتین و حزبیانە بڕیاردەدەن"

سەندیکای پارێزەران دوو ساڵە ماوەی کارکردنی بەسەرچووە و پێویستی بە کۆنگرەیە

22:18 پێنج شه‌ممه‌ 20 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

بۆ جاری چوارەم کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشەمی سەندیکای پارێزەرانی هەرێم دواخرا و پارێزەرێکیش دەڵێت:”پارتی و یەکێتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی سەندیکاکە دوا دەخەن”.

.

کارزان فازیڵ، پارێزەر و یاساناس بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەندیکای پارێزەراندا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان کە زۆرینەیان یەکێتی و پارتین، بۆ جاری چوارەم کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشەمی سەندیکاکە دواخرا و ئەمجارە ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ بۆ 7ی مانگی 10ی ئەمساڵ دواخراوە.

.

سەبارەت بەهۆکاری دواخستنی کۆنگرەکە، ئەو پارێزه‌رە روونیكرده‌وه‌، بەبێ هیچ هۆکارێک دواخراوە و هیچ کێشەیەک نەبووە کە نەتوانرێت کۆنگرە ئەنجامبدرێت لە کاتی خۆیدا، بەڵام نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیکاکە لە پشکی پارتی و یەکێتین و بە ئارەزووی خۆیان بەشێوەیەکی حزبیانە بڕیاردەدەن.

.

پرسیاری ئه‌وه‌شی كرد، لە کوێی دنیادا هەبووە، سەندیکای پارێزەران کە کاری جێبەجێکردنی یاسایە، خۆی یاسا پێشێل بکات!.

.

دەربارەی ئەوه‌ی دواخستنی کۆنگرە چ بەرژەوەندییەکی حزبی تێدایە، کارزان فازیڵ باسی لەوە کرد، پارتی و یەکێتی هەر دەیانەوێت یاسا و پارێزەر و ئەوانەی مەترسین بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان لاوازیان بکەن، بۆیە هەوڵدەدەن ئەو دەزگایانە لاواز بکەن و بیخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، هەروەها کێشەکانی نێوانیان بەشێکی دیکەیە لە دواخستنی ئەو پرسە.

.

به‌وته‌ی ئه‌و پارێزه‌ره‌، ئەو کەسانەی لە سەندیکاکە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکان و پۆستیان هەیە، پارەیەکی زۆر وەردەگرن و ئەگەر کۆنگرە بکرێت ئەوا ڕەنگە ئەو کەسانە هەڵنەبژێردرێنەوە و دەنگی پێویست بەدەستنەهێنن، بۆیە بەردەوام کاتی کۆنگرە دوا دەخەن.

.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، لە ئێستادا جگە لە دوو ئەندامی سەندیکاکە کە بێلایەنن، سەرجەم ئەندامانی دیکەی سەندیکاکە سەربە پارتی و یەکێتین.

.

لەبارەی ئەو پرسەوە ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیکاکە، بەڵام هیچ یەکێکیان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

.

ساڵی 2013 دواین کۆنگرەی سەندیکای پارێزەران بەڕێوەچوو، بەپێی یاساکەی خۆیان دەبوایە ساڵی 2017 کۆنگرەی شەشەمی سەندیکاکە ببەسترایە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە تەمەنی یاسایی سەندیکاکە کۆتایی هاتووە، بەبێ ئەوەی کۆنگرە ببەستن.

.

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە ساڵی 1993 دامەزراوە و پێنج لقی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك و هەڵەبجە)ی هەیە و نزیكەی هەشت هەزار پارێزەر وەک ئەندامی كارا ئەندامی سەندیکاکەن.

.

ئەنجومەنی سەندیكای پارێزەران لە 10 ئەندام پێكدێت و بەختیار حەیدەر، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان سەرپەرشت و سەرۆكایەتیی و نوێنەرایەتی دەكات، ئەو ئەنجومەنە (11) كەسیە، سێ ساڵ جارێك لەلایەن كۆی ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێن.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل