fbpx
Shadow Shadow

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی “بەهەردان”ی 20 ملیارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری گەیاندە پەرلەمان

16:00 هه‌ینی 06 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان لە پشکی گۆڕان، نوسراوێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لەبارەی چۆنێتی سەرفکردنی بڕی 20 ملیارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری سلێمانی لەلایەن بابەکر دڕەیی، کە ئەویش بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانییە لە پشکی گۆڕان.

,

لە نوسراوێكدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، شیرین ئەمین، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان لە پشکی گۆڕان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە، لە نوسراوەکەدا هاتووە: “داواکارین نوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەریم بکرێت سەبارەت بە ناردنی زانیاری دەربارەی چۆنێتی خەرجکردنی بڕی 20 ملیار دینار، لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی”.

,

لەبارەی نوسراوەکە شنۆ عەشقی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەگەڵ شیرین ئەمین پێکەوە نوسراوەکەمان نوسیوە و پێمانوایە ئەو پارەیە بەهەردانێکی زۆری پێەوە کراوە، سودێکی ئەوتۆی بە ژێرخانی ڕۆشنبیری سلێمانی نەگەیاندووە، چونکە ئەو کارانەی کراون هی ئەوە نین کە 20 ملیاری بۆ سەرف بکرێت”.

,

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەشكرد، هەرکات سەرۆکایەتی پەرلەمان نوسراوەکەیان نارد بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێویستە لە ماوەی هەفتەیەکدا وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام ئەوەی کەمێک کێشە دروست دەکات، ئەوەیە کە کارەکە لە کابینەی پێشوودا کراوە و کەمێک بەدواداچوونەکە دوادەخات.

,

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا ناس کورد لە زاری ئاڤان جەمال، سەرۆکی لیژنەی ڕۆسنبیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایکرد، کە بەهەردانی زۆر لە سەرفکردنی ئەو 20 ملیارەدا کراوە و ئاڤان جەمال ڕایگەیاند: “خەڵک هەبووە چەند جارێک بۆ سەرفکراوە و هیچ بەرهەمێکیشی نەبووە، یاخود پارە بۆ چایخانە سەرفکراوە”.

,

لە بەرامبەردا بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی لە پشکی گۆڕان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “من بەڕێوەبەرم و بە ئارەزووی خۆمە چۆن پارە خەرج دەکەم، کێش قسە دەکات با بیکات”.

,

پاش ئەوەش ئاشکراکرا کە بەهەدەردان لە خەرجکردنی پارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری کراوە، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی بە نوسراوێک داوای لە سەرجەم ئەو هونەرمەند و دەزگایانە کردووە کە سودمەند بوون لەو پارەیە، پێویستە لەماوەی مانگێکدا ڕوونیبکەنەوە کە پارەکەیان چی لێکردووە؟

,

لە ساڵی 2013دا بڕی 20 ملیار دینار بۆ پێشخستنی ژێرخانی ڕۆشنبیری سلێمانی تەرخانکرا.

 

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی "بەهەردان"ی 20 ملیارەکەی پایتەختی ڕۆشنبیری گەیاندە پەرلەمان

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل