fbpx
Shadow Shadow

شەقامى سەد مەترى مەسرور بارزانى دەهێنێتە سلێمانى؟

سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ مەسرور بارزانى ئاشکرا کرد

20:49 شه‌ممه‌ 16 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

جیاوازیکردن لە خەرجکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمى کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئاماژە بەوە دەکرێت سەرلەنوێ سلێمانی وەک ڕابردوو پشتگوێخراوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت “مەسرور بارزانى وتوویەتى: پشتگوێخستنی سلێمانی لە کابینەکانی ڕابردوودا بووە و لەم کابینەیەدا بەوشێوەیە نابێت”.

.

غالب محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى خەرجکردنى 15 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانى پارێزگاکان ئاماژەى بەوە کرد شارى سلێمانى پشتگوێخراوە و بەراورد بە شارەکانى هەولێر و دهۆک کە سەدا 60ى بودجەکەیان بۆ تەرخان کراوە تەنها سەدا 40 بۆ سلێمانى دابین کراوە.

.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت “ئەو پارەیە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخانکراوە، کە 85٪یان تەواو بووە و پڕۆژەکان بەو شێوەیە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکاندا، لە ئێستاشدا ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین کە ئەو جیاوازیکردنەی لە ڕابردوودا هەبووە چارەسەربکەین و قۆناغ بە قۆناغ نەیهێڵین”.

.

بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە 12ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەیەکدا بەتایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان قسەی کردووە و سەرۆکی حکومەت وتویەتی: “ئەو پشتگوێخستنەی هەبووە هی کابینەکانی ڕابردوو بووە و لەم کابینەیەدا بەوشێوەیە نابێت و سنوری سلێمانی حسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت”.

.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە 15ی کانونی یەکەمی سەرەتای ساڵی داهاتوو، پارە بۆ ئەو پڕۆژانەش خەرج دەکرێت، کە 75٪یان تەواو بووە و لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی وتویەتی “زۆرینەی ئەو پڕۆژانە دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە”.

.

سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى جەختیشیکردەوە، مەسرور بارزانی بەڵێنیداوە کە لەم کابینەیەدا هیچ جیاوازییەک نەکرێت لەنێوان ناوچە و پارێزگاکاندا و سەرجەمیان وەک یەک خزمەت بکرێت.

.

تەنانەت روونیکردەوە خودى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدواداچوون بۆ پڕۆژەى 100 مەترى سلێمانى دەکات و رەزامندى نیشانداوە لەنزیکەوە چاودێرى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە بکات.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل