fbpx
Shadow Shadow

سێ په‌رله‌مانتاری كورد له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا هاتنه‌ ده‌نگ

22:38 پێنج شه‌ممه‌ 20 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد-

سێ پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا سەبارەت بە سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ بەغدا، راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن “پابەندبوون بە یاسا چارەسەری مەلەفی نەوت دەکات، نەک رێکەوتنی سیاسیی ژێر بەژێر”.

.

پاش سەردانەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، هۆشیار عەبدوڵڵا و سەرکەوت شەمسەدین، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن” ئێمە لە هەفتەی رابردوودا و لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری دەستوری و یاسایی کێشەکانی نەوت لە عێراقدا، خاڵێک کە جەختمان لێکردەوە چارەسەری مەلەفی نەوت و کێشەی موچە و بودجەی هەرێم بوو لەرێگەی دەستور و یاساکانی عێراق”.

.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، دوای هەوڵەکانیان لە بەدواداچوون بۆ مەلەفی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی، سەرەڕای کاردانەوە نا عەقڵانیەکان و هەوڵی تەخوینکردن و دروستکردنی دەیان تۆمەت بۆیان، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا ئەگەر ببێتە هۆی پابەندبوون بە یاسای بودجەی 2019 و هەنگاونانیش بە ئاڕاستەی دروست بۆ چارەسەری یەکجاری مەلەفی نەوت لەسەر بنەمای دەستور، بە باش دەزانن.

.

‏‎له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یاندا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ جەختیشیانکردووەتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بۆ خۆدزینەوە بێت لە پابەند بوون بەیاسای موازەنە و هەوڵ بێت بەئاراستەی رێکكەوتنی ژێربەژێری سیاسیی لە سەر مەلەفی نەوت ئەوا کێشەکان نەک وەک خۆی دەهێڵێتەوە بەڵکو قوڵتریان دەکاتەوە.

.

ئەو سێ پەرلەمانتارە له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا هانی هەرهەوڵێکی دوو لایەنەی هەرێم و بەغدا دەدەن بۆ کۆتایهێنان بە کێشە و قەیرانەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و بەلایانەوە گرنگە ئەگەر درەنگ وەختیش بێت هەرێم پابەند بێت بە یاسایی بودجەی 2019ەوە.

.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ هەریەک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.

.

لەپاش کۆبوونەوەی لەگەڵ حەلبوسی، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک بڵاوى کردەوە، ھەرێمی کوردستان ئامادەیە سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بەپێی دەستوور چارەسەر بکات و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی بکه‌ن.

.

هاوکات نووسینگەى رۆژنامەوانى محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، رایگەیاند “نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، رەزامەندى دەربڕیوە لە پێشوازیکردنى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق بۆ بەدواداچوون لەبارەى میکانیزمەکانى فڕۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل