fbpx
Shadow Shadow

سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق: داواکارى خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکەین

17:58 دوو شه‌ممه‌ 14 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق لە بارەى رووداوە نەخوازراوەکانى خۆپیشاندانەکانى عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بڕیاریاندا لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی پیشەیی ئەنجام بدرێت و بەزووترین کات دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن و ڕێزیش لە کاری میدیایی و ڕۆژنامەوانی بگیرێت.

.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانى عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (دووشەممە، 14ى تشرینی یەکەمى 2019)، لەسەر داوای بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە کۆشکی سەلام کۆبوونەوە.

.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەکە تاوتوێی دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراقی کردووە بە تایبەتی لە دوای خۆپیشاندانەکان کە بە هۆیەوە دەیان کەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا.

.

ئەوەشخراوەتەڕوو کۆبوونەوەکەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیاری لە سەر کۆمەڵێک خاڵی گرنگ داوە، ئەوانیش:

.

*دەستکردن بە لێکۆڵینەوەیەکی  ورد و پیشەیی و خێرا  لەڕووداوە نەخوازراوەکانى خۆپیشاندانەکان و ئەو دەستدرێژیانەی کە کرانە سەر خۆپیشاندەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن،  دەبێت لێکۆڵینەوەکانیش دووربن لە هەموو کاریگەرییەک.

.

*ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراوون.

.

*ڕێزگرتن لە کاری ڕۆژنامەوانی و کاری میدیایی و پاراستنی سەلامەتی میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان، و رێزگرتن لە مافی عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، لە هەمانکاتیشدا جەختی لە بەرپرسیارێتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووەتەوە لە هەستیاری دۆخی عێراق.

.

*دروستکردنی لیژنەیەکی پسپۆڕ لە چەند کەسێکی شارازە بۆ دانانی پڕۆگرامێکی ستراتیژی تۆکمە بۆ دیاریکردنی کێشەکانی سیستمی وڵات لە بوارەکانی سیاسی،ئابوری،  دارایی، یاسایی و ڕۆشنبیری، دۆزینەوەی چارەسەریش بۆ ئەو کێشانە لە کاتێکی دیاریکراوەدا و پابەندبوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت بەبڕیارەکانی ئەو لیژنەیەوە.

.

* دەبێت فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەکانیان چڕبکەنەوە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە دەبێتە هۆکاری بنبڕکردنی گەندەڵی و ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆکاری فەراهەمکردنی چاکسازی لە بوارەکانی دامەزراندن، خانەنشینی، نیشتەجێبوون،  تەندروستی و بیمەی کۆمەڵایەتی.

.

*هەڵدانەوەی هەموو ئەو دۆسیانەی کە پەیوەندیان  بە گەندەڵییەوە هەیە و ئاڕاستەکردنیان بۆ دادگای پسپۆڕ، دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا دادگاکان کارەکانیان تەواو بکەن، دەبێت پەرلەمانیش لەو کارەدا هاوکار بێت.

.

*بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بە گوێرەی خشتەیەکی دیاریکراو لە ماوەیەکی دیاریکراودا.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل