fbpx
Shadow Shadow

"ئێران لە پشتەوە بەڵێنى جیاوازترى بە ئەمریکا داوە"

سێ سیناریۆ بۆ چارەنوسی ڕوبەڕوبوونەوەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق

16:16 هه‌ینی 10 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

لەناو گێژاوى زانیارییە پێچەوانە و دروست و نادروستە میدیایەکاندا لەسەر ڕوداوى کوشتنى قاسم سولەیمانى و مەهدی موهەندیس، ناس کورد چەند سیناریۆیەک لەسەر چارەنوسى ململانێکانى ئێران و ئەمریکا لە عێراقدا دەخاتەڕوو.

.

بەپێى زانیارییەکانى ناس کورد کە بۆ داڕشتنەوەى سیناریۆکان بەدەستى کەوتووە، پێناچێت هەڕەشەى “میلیشیا چەکدارەکانى عێراقی نزیک لە ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەى خوێنى ئەبو مەهدى موهەندیس وەک تائێستاش لەسەر زارى چەند بەرپرسێکیانەوە دووبارە دەکرێتەوە، بتوانرێت لەسەر ئەرزى واقیع دژى سوپاى ئەمریکا جێ بەجی بکرێت، بۆیە پەنابردن بۆ بژاردەى ناتوتدوتیژى یەکێکە لە ئەگەرە کراوەکان.

.

بەپێى ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا، ئێران لە ژێرەوە بە نهێنیى و لە ڕێگەى سویسرا و چەند وڵاتێکى ترەوە لەگەڵ ناوەندى بڕیارى ئەمریکادا خەریکە بۆ ئەوەى نامەیەکى ڕوونى پێبگەیەنێت کە ئەو موشەکانەى ئاڕاستەیکردن تەنها و کۆتا وەڵامە و چاوەڕوانى دوا هەڵوێستى ئەمریکا لەو بارەوە دەکەن.

.

بەڵام واشنتن بەو دڵى ئاواى نەخواردووەتەوە کە باس لە کۆتایهاتنى وەڵامەکانى ئێران لە تۆڵەى کوشتنى قاسم سولەیمانى دەکەن، بەڵکو ئەو دورتر دەڕوات و داواى کردووە ئێران فەرمان بکاتە میلیشیا چەکدارەکانى ترى لە ناوچەکە بۆ نمونە حزبوڵاى لوبنانی و چەند میلیشیایەکى چەکداریی تر لە عێراق دەستهەڵبگرن لە هەڕەشە و نانەوەى ئاژاوە دژى ئەمریکا، بەڵام ئێران ئەوەى ڕەتکردووەتەوە و وتویەتى ئەو دەسەڵاتى بەسەر ئەو میلیشیا چەکدارانەدا نییە و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا نین، واشنتۆنیش لەو وەڵامەى ئێراندا وتوویەتى “ئەو قسانەت لێناکڕم”.

سێ سیناریۆ بۆ چارەنوسی ڕوبەڕوبوونەوەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق

لەئێستاشدا ئاستى هەڕەشەکانى ئێران ناوە ناوە و جاروبار سوپاى پاسداران جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو هێرشانەى پێشوو سەرەتا بوو و لەسەر زارى ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى نوێی فەیلەقى قودسەوە هەڕەشەى لەگۆڕنانی “شەیتانە گەورەکە” دەکرێت، ئەوە سەرەڕاى هەڕەشەکانى خامنەیى.

.

بەپێى ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، هەتا هەڕەشەى میلیشیا چەکدارەکانى سەر بە ئێران لە عێراقدا دژى ئەمریکا توندتر ببنەوە، ئەوا بژاردەى سزادانیش لەدژى ئەو گروپانە لەلایەن ترەمپەوە توندتر دەبێتەوە.

.

لەئێستاشدا چاو لەسەر کاردانەوەى میلیشیا چەکدارەکانە کە بەڵێنى تۆڵەکردنەوەیان دژى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراقداوە بەهۆى کوشتنى ئەبو مەهدى موهەندیس و قاسم سولەیمانییەوە و تا ئێستاش شێوازى ئەو تۆڵەکردنەوەیە دیار نییە کە ئەو میلیشیایانە بڕیارە بیگرنەبەر، هەروەها نازانرێت وەڵامى سەربازانى ئەمریکا لەو ئەگەرانەدا چى دەبێت.

سێ سیناریۆ بۆ چارەنوسی ڕوبەڕوبوونەوەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق

ئەوە لەکاتێکدایە قەیس خزعەلى، هەڕەشەى ئەوەى کرد کە هیشتا تۆڵەکردنەوە دەستى پێنەکردووە و لەو کارەشدا دیپلۆماتکاران ناکەنە ئامانج.

.

بەلاى چاودێرانیشەوە، ئەگەر خزعەلى مەبەستى بەئامانج گرتنى سەربازانى ئەمریکا بێت ئەوا ئەو کارەش دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات گەر سەربازانى ئەمریکا بکوژرێن.

.

“هێورکردنەوەى بارودۆخەکە”

ژمارەیەک لە بەرپرسانى سیاسى کەوتووەتە نێوانەوە لەگەڵ هەندێ لە میلیشیا چەکدارەکان بۆ ئەوەى بارودۆخەکە هێور بکرێتەوە و ئەو هەڕەشانەى سەر هێزەکانى ئەمریکا بارودۆخەکە خراپتر نەکات، بە تایبەت لە کاردانەوەى ئەمریکاشدا نەبنە قوربانى، بەڵام بەگوێرەى چەند سەرچاوەیەک ئەو هەوڵە دیبلۆماتییانە لەگەڵ ژمارەیەک لەو میلیشیایانەدا ئاکامێکى ئەوتۆى لێ نەکەوتووەتەوە.

.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردى ڕاگەیاند، باڵێکى حەشدى شەعبى و حزبى دەعوەش لەو هەوڵانەدا بەشدارە و جەخت لەسەر دوو ئاست دەکەنەوە، یەکەمیان ئەوەیە بەتەواوەتى کۆڵ لە بیرۆکەى تۆڵەکردنەوە بهێنن و بەو وەڵامەى ئێران ڕازى بن، بەوپێەى سولەیمانى و موهەندیس لەیەک هێرشدا کوژراون و عێراق و ئێرانیش هاوپەیمانى ستراتیژى یەکترن و جیاوازى لەنێوان وەڵامى ئێران و عیراقیشدا نیە.

.

سەرچاوەکەى ناس کورد دەشڵیت، بژاردەى دووەمیش گەیاندنى پەیامێکە بە ئەمریکا لەبارەى دەرکردنی لە عێراق وەک تۆڵەسەندنەوەیەک، بۆ ئەو کارەش حەشدى شەعبى ئەوە بەگرنگ دەزانێت بڕیارەکەى پەرلەمان بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا جێبەجی بکرێت و ئەوەش بەدەستکەوتێکى خۆی هەژمارى دەکات و لەبەر چاوى لایەنگرانیشدا گوڕوتینێکى بۆ دەگەڕێتەوە.

.

بەڵام بەلاى ژمارەیەک لە بەرپرسانى ترەوە وەڵامەکەى ئێران کە ڕەزامەندى لەسەربوو بە هەماهەنگى و کارێکى لاواز دادەنرێت و لایەنگرانى ئەم سیناریۆیە لێدوانێکى موقتەدا سەدریان پێى باشە کە داواى کرد، تیمى بەرگریی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ئەمریکا دابمەزرێت بەڵام دانبەخۆدا بگیرێت و هیچ چالاکیەکى سەربازیی ئەنجام نەدرێت تا ئەوکاتەى چالاکییە سیاسى و پەرلەمانى و نێودەوڵەتییەکان بایەخێکیان نامێنێت.

.

بژاردەکانى سەدر

بەرپرسانى نزیک لە سەدر پێانوایە سەدر لەگەڵ ئاسایکردنەوەى بارودۆخەکە و دەکردنى هێزەکانى ئەمریکایە بەڕیگاى دیبلۆماتی و یاسایى و کۆتایهێنان بەو دۆسییە گوماناوییەدایە، بە تایبەت ئەو فراکسێۆنیکى بەهێزى پەرلەمانى هەیە و بەمدوایانەش بە هاوکارى چەند لایەنێکى ترى سیاسى توانى لە ڕێگەى پەرلەمانەوە پڕۆژەبڕیارى دەکردنى هێزە بیانییەکان تێپەرێنن.

.

پێشتر سەدر لە تویتێکیدا داواى داخستنى سەرجەم بارەگاکانى حەشدى کرد بۆ ئەوەى نەکرێنە ئامانجى ئەمریکا لەئەگەرى ئەوەى بڕیاریان دا شەڕی سەربازى لەگەڵ ئەو هێزەدا بکەن لەکاتى نەچوونە دەرەوەیاندا لە عێراق و هەرەوەها لەکاتى شکستهێنانى هەموو هەوڵێکى سیاسى و دیبلۆماتی بۆ یەکلاکردنەوەى پرسەکە.

سێ سیناریۆ بۆ چارەنوسی ڕوبەڕوبوونەوەکانی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق

هێشتا میلیشیا چەکدارەکانى سەر بە ئێران لە عێراقدا هەڕەشەکانى خۆیان بۆ تۆڵەکردنەوەى ئەبومەهدى موهەندیس و سولەیمانى لەسەر ئەرزى واقیعدا جێبەجێ نەکردووە، بەڵام لە ئەگرەی هەنگاوێکیاندا بۆ تۆڵەکردنەوە ئەنجامى سیناریۆکان زیاتر ڕوون دەبنەوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل