fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

سیاسەتی یەکێتی بە دوو هاوسەرۆکە نوێیەکەیەوە بەرامبەر پارتی چۆن دەبێت؟

21:29 پێنج شه‌ممه‌ 20 شوبات 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لەدوای هەڵبژاردنی هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی تائێستا دیارنییە پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لەگەڵ حزبەکانی دیکە و بەتایبەتی پارتی چۆن دەبێت، بەتایبەت کە تائێستا پارتی پیرۆبایی لێنەکردوون و ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت، هەر حزبێک پێی وابێت دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی دژایەتی دەکەن، هەڵەیە، بەڵام ئیتر وەکو پێشووش هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت لەجێی یەکێتی سیاسەت بکات.

،

زیاتر لە دوو ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنی هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هەرچەندە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکەدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، پیرۆزبایی لە هەرکەسێک دەکەن ببێتە هاوسەرۆکی یەکێتی، بەڵام تائێستا پارتی کە حزبێکی هاوپەیمانیی یەکێتییە لە حکومەتدا بە فەرمی پیرۆزبایی لە دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی نەکردووە.

،

لەکاتێکدا ڕابردوودا لەکاتێکدا لەماوەی ڕابردوودا و دوای هەڵبژاردنەوەی بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بە تایبەتی پیرۆزبایی لە سەڵاحەدین بەهادین کرد.

،

ئەوە لەکاتێکدایە لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلولی ساڵی 2017 و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ ناکۆکی و گرژییەکانی زۆر کەوتە نێوان پارتی و بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی لە پێشیانەوە هەریەک لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی ئێستای یەکێتی، هەربۆیە زۆر کەس پێیانوایە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەڕێوەیە بەتایبەت لە ڕووی دژایەتیکردنی پارتی لەلایەن دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتیییەوە.

،

ژوان ئەحمەد سەعید، کادری پێشکەوتووی یەکێتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیویەتی: “هەموو ئەوانەی دەیانبینم، شێخ لاهور ‌و كاك بافڵ تەنیا بەوە ستایش دەكەن كە گوایە دژی پارتین، ئەگەر ئەم دوو هاوسەرۆکە ستراتیژیان ئەوە بێت، گومانم نیە سەركەوتوو نابین،چونكە نابێت ‌و مەحاڵە تەنیا ململانێ لەگەڵ حزبێكدا بكەینە ستراتیژی كاركردنمان، ئەمە كرۆكی سیاسەتی پۆپۆلیستی یە‌و دوو هاوسەرۆكەكەی یەكێتیش نابێت بچنە بازنەی پۆپۆلیستی”.

،

لەوبارەیەوە زوبێر عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ناس کوردی وت: “ئەو کێشانەی پارتی و بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی هۆکارەکانی 16ی ئۆکتۆبەر نەبوو، بەڵکو ڕیفراندۆمەکەی 25ی سێپتێمبەر بوو کە بنەماڵەی بارزانی و پارتی سەپاندیان بەسەر خەڵکدا و و ئەو ڕووداوانەی دوای ئەوە ڕوویاندا و خەریکبوو بەتەوای خەونەکانی کورد لەبارببرێن هۆکارەکانی ڕیفراندۆم بوو کە ئەو کێشانەی لێکەوتەوە”.

،

دەربارەی هەڵوێستی حزبە کوردییەکان لەسەر هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتیی زوبێر عوسمان ئاماژەی بەوەکرد: “هەر هێزێک بیەوێت لەگەڵ یەکێتی پەیوەندی باشی هەبێت، ئەوا دەبێت بە هەڵبژاردن و بڕیارەکانی ناوخۆی یەکێتی ڕازی بێت، چونکە ئێمە خۆمان بڕیار لە چارەنوسی حزبەکەمان دەدەین و قبوڵی ناکەین هیچ هێزێکی دیکە بڕیار لە چارەنوسی ئێمە بدات و بڕیارەکانی خۆمان لەبەر هیچ لایەنێک ناگۆڕین”.

،

وتیشی، یەکێتی بۆ دژایەتی هیچ حزبێک دروست نەبووە و دەستی هاوکاری و یەکگرتوویی درێژدەکەن بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، بەڵام هەر هێزێک پێیوابێت سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە بۆ دژایەتی ئەوانە و هەرلەئێستاوە پیلان دابنێن دژیان، بێگومان بێدەنگ نابن و وەڵامی خۆیان دەبێت.

،

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەکردایەتیی یەکێتی جەختیشیکردەوە، یەکێتی هەنگاوی بەرەو نوێبوونەوە ناوە و هەر هێزێک پێیەک بچێتە پێشەوە لێیان، ئەوان دوو پێ دەچنە پێشەوە لێی، بەڵام هەر هێزێکیش بیەوێت دژایەتییان بکات، ئەوا ئەوان هێزێکی گەورەن و دەستەمۆ ناکرێن و وەکو پێشووش هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت لەجێی ئەوان سیاسەت بکات و خۆیان خاوەن بڕیاری خۆیان دەبن و ناکەونەژێر کاریگەری ئەوەی هێزێک بیەوێت بیکات بە پاشکۆی خۆی.

،

هاوکات عەدنان کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک بۆ ناس کورد باسی لەوەکرد: “قسەکانی 18ی شوباتی کاک فازڵ میرانی ڕوون بوون کە ئێمە دەستوەرنادەینە کاروباری ناوخۆی یەکێتی و ئەوە کاری تایبەت بە خۆیانە هەرکەس هەڵدەبژێرن و  ئێمە شەریکی یەکێتین لە حکومەت و پەیوەندی هاوبەشمان هەیە و هیوادارین پەرەی پێبدەین”.

،

دەربارەی هۆکاری ئەوەی تائێستا بە فەرمی پیرۆزباییان لە دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی نەکردووە، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوە پەیوەندی بە مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە هەیە، بەڵام هیچ هۆکارێکی تایبەتی نییە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل