fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

سۆران عومەر لەسەر قسەکانی مەلا هەڵۆ: حاشا پێغەمبەری خوا شتی وای نەوتووە

20:00 پێنج شه‌ممه‌ 23 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

نوسینێکی ماسۆستایەکی ئایینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەوان قسە لەسەر بۆچوون و پۆستی فەیسبوک ناکەن، پەرلەمانتارێکی کۆمەڵیش ئاماژە بەوەدەکات، ئەوە قسەی خۆیەتی و حاشا پێغەمبەری خوا شتی وای نەوتووە.

،

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەڵۆ حەمەڕەشید، بانگخواز و مامۆستای ئایینی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسینێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردبووە: “هەر پیاوێک ڕێگا بە ژن یاخود کچەکەی یاخود خوشکەکەی بدات بە سفوری لە ماڵ بچێتەدەرەوە ئەوە ‘گەواد’ە ” و ئەوەش بەخێرایی کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

،

لەوبارەیەوە، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “وەک وەزارەتی ئەوقاف هیچ شتێک لەسەر پۆست و قسەی فەیسبوک ناکەین و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە”.

،

وتیشی: “ئەگەر ئەو قسەیەی لە مینبەری مزگەوتەوە و لەکاتی وتاردان دا بکردایە، ئەوا بێگومان هەڵوێستمان دەبوو و بەدواداچوونمان دەکرد، بەڵام قسە و پۆستی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمی نییە و کۆنتڕۆڵیش ناکرێت”.

،

هاوکات سۆران عومەر، کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕەخنەی توندی لە وتەکانی ئەو مامۆستا ئایینیە گرتووە و نوسیویەتی: ” ‘الدَّيُّوْث’ کە لە کوردی دا مانای دەقاو دەقی وشەی ‘گەواد’ە لەزاراوەی ھاوچەرخ دا بەمانای پیاوێک دێ کە بەئاگایە لە ھاوسەرەکەی لەگەڵ پیاوێکی دیکە یان لەگەڵ چەند پاوێک، سێکس بکات! یان لەگەڵ ژنێک یان چەند ژنێک یان بەتێکەڵی لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و پیاو سێکس بکەن، یان ئەو پیاوە خۆی ئەو کارە بەھاوسەرەکەی بکات”.

،

ئاماژەی بەوەشكردووە: “پێغەمبەر محەمەد، (د، خ) دەفەرموێ : ‘ألديوث’ پیاوێکە کە ھاوسەر و کچ و خوشک و کەسە مەحرەمەکانی ببینێ زینا دەکەن و بێدەنگ بێت لێیان”.

،

سۆران عومەر ئەوەشی نوسیوە: “ھەر کەس ‘گەواد’ بە پیاوێک بڵێ کە ڕێگەی داوە ژنەکەی یان کچەکەی بە سفوری لە ماڵ بچێتە دەرەوە، ئەوە قسەی خۆیەتی و حاشا پێغەمبەری خودا شتی وای نەوتووە”.

،

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوەشکردووە، ئەرکی یەکێتی زانایان و مامۆستایانی ئاینیە ڕێگە نەدەن ھەرکەس بەویستی خۆی چۆن بەدەمیدا ھات ئەم چەمک و مانایانە بەسەر خەڵکدا بخوێنێتەوەو بەوتەی پێغەمبەری خوداشی دابنێ.

،

“تکایە بانگخوازان مامۆستایان قسە و کاردانەوەو توڕەبونی خۆتان مەکەن بە دین لەخەڵک، ئەزانن بەھۆی ھەڵەی ئێوەوە زۆر کەس توڕە دەکەن لەئیسلام، ئەی ئەوانەی زانست و تێگەشتنتان لە دین لەئاستی باڵایەو پشت بەستووە بەتوێژینەوەو ساغکردنەوەی دروستی بابەتەکان، ئێوە بێدەنگ مەبن لەوەی بەناوی خوداو پێغەمبەرەوە لەخەڵک دەکرێ بەدین”، سۆران عومەر وادەڵێت.

،

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکردووە: “کارەساتە خەڵکێک خۆی بەمسوڵمان بزانێ و بۆ بەرگری لە بیروباوەڕی جنێو بەبەرامبەر بدات، کارەساتە ئەوەی ھەڵە تێگەشتن لەدین ڕەد دەکاتەوە پەلاماری خواو پێغەمبەر بدات”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل