Shadow Shadow

ناس کورد بەدواداچون بۆ چارەنوسی کۆچبەرە کوردەکان دەکات

سوید بەنیازە 42 هەزار پەنابەر لە وڵاتەکەی دەربکات کە پەنابەرى کوردیشیان تێدایە

21:58 چوار شه‌ممه‌ 11 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

میدیاکانی سوید ڕایانگەیاندووە، حکومەتی سوید پلانی هەیە لەماوەی سێ ساڵی داهاتودا 42 هەزار پەنابەر بنێرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە بەشێکى ئەو پەنابەرانە خەڵکى عێراق و هەرێمى کوردستانن.

,

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی ئەیلولی 2019 ڕۆژنامەی دى ئێنى سویدی ڕایگەیاندووە: “حکومەتی سوید بەردەوامە لە سیاسەتی کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەران و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 17 هەزار کەس لەو کۆچبەرانەی کە هاتونەتە سوید بەمەبەستی داواکردنی مافی پەنابەری، داواکانیان  ڕەتکراوەتەوە و پلانی ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە هەیە”.

,

هاوکات بەرپرسانی باڵای حکومەتی سوید، ڕایگەیاندووە: “لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا لەهەموو سێ کەسێکێک کە کە داواى مافى پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، دوو کەسیان دیار نەماون و سنوری ئەو وڵاتەیان بەزاندووە بۆ وڵاتانی دیکە ڕۆشتوون، کە ژمارەیان نزیکەی 11 هەزار کەس دەبێت، زۆربەى ئەو پەنابەرانەش کە داواکانیان ڕەت کراوەتەوە خەڵکی وڵاتەکانی عێراق، ئەریتیریا، ئەفغانستان و سۆماڵن”.
,

ئەوەش ئاشکراکراوە، حکومەتی سوید پلانی هەیە تا ساڵی 2022 ژمارەی ئەو کەسانەی کە داوانامەی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە، بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان خۆیان، کە ژمارەیان 42 هەزار کەسە، بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی سویدیش، سەرجەمیان بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوانامەکانیشیانەوە دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

,

لەبارەى هۆکارەکانى ناردنەوەى ئەو پەنابەرانە، ڕۆژنامە سویدییەکە ئەوەى خستوەتەڕو: “هۆکاری ناردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران زیادبوونی ڕێژەی ئەو تاوان و کوشتارانەی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە سوید ڕویانداوە”.

,

بەپێی وتەی وەزارەتی ناوخۆی سویدیش: “ئەو کەسانەش کە داوانامەی پەنابەرییان ڕەت دەکرێتەوە، سنورەکانی سوید دەبەزێنن و بەشێوەی نایاسایی دەچنە وڵاتەکانی دانیمارک و نەرویج و لەوێ دووبارە داوای مافی پەنابەری دەکەنەوە”.

,

سەبارەت بەوەى تا چەند پەنابەرانى کورد لە سوید هەمان گرفتییان هەیە؟، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ماوەیەکی زۆرە سوید و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ناردنەوەی بە خواست و بەزۆری کۆچبەران، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆچبەرانە داوانامەی بە پەنابەربوونیان لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتانەوە ڕەتکراوەتەوە و ‘تەڕد و ڕەفز’یان بۆ هاتووەتەوە، بەشێکیش لەو کۆچبەرانە کە دەیانەوێت بیانێرنەوە هاوڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانن”.

,

ئاری جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارەی سوید و وڵاتانی ئەوروپا کاردانەوەی زۆر خراپ دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر ناردنەوەکە بەزۆر بێت و لەدەرەوەی خواستی کۆچبەران بێت، وتیشی: “لە ساڵانی ڕابردوودا کە هەڵمەتی ناردنەوەی پەنابەران هەبو، نزیکەی شەش هەزار و 500 پەنابەر نێردرانەوە عێراق، 10 کەس لەو پەنابەرانەی کە بەزۆر نێردرابوونەوە خۆیان کوشت و ژمارەیەکیشیان توشی نەخۆشی دەروونی بوون”.

,

“لە ئێستاشدا زیاتر لە 100 هەزار پەنابەری عێراقی و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا مەترسی ناردنەوە و دەرکردن و ڕەتکردنەوەی داوانامەی پەنابەریان لەسەرە، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی نەنێردرێنەوە”، ئارى جەلال واى وت.

,

سەرۆکی دەزگای لوتکە باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا وڵاتانی ئەوروپا وەک پێشتر ناتوانن ئەو کارە بکەن و بەزۆر پەنابەران بنێرنەوە، چونکە ئەوە پێشێلکردنی مافی پەنابەرانە و یاسا و دۆخی ئێستا ڕێگەیان پێنادات.

,

لەبارەى هەوڵى دەزگاکەیان بۆ چارەسەرکردنى دۆخى پەنابەرانى هەرێم و عێراق، سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاشکرایکرد: “ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی هەردوو حکومەت و باڵیۆزخانەکانی عێراق کارمان کردووە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە ناردنەوە بەزۆری پەنابەران و هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو وڵاتانە نەکەن لە دۆخی ناردنەوە بەزۆری پەنابەراندا”.

,

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەساڵی 2015ەوە وەرگرتنی مافی پەنابەری لە سوید سەختتر بووە، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە چونەتە وڵاتەکە، وەک کۆچبەر داوای مافی پەنابەرییان کردووە بە بیانوی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، بەڵام بەهۆی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان داواکانیان ڕەتکراوەتەوە.

,

,

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل