fbpx
Shadow Shadow

یەکێتی داوادەکات سەرجەم لایەنە کوردییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن

سبەی لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک لە سەر پرسی هەڵبژاردنەکان کۆدەبنەوە

22:33 یه‌ك شه‌ممه‌ 01 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە سبەینێ لایەنە کوردییەکانی کەرکوک لەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆبنەوە و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیش دەڵێت، داوا لە سەرجەم حزبە کوردییەکان دەکەن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەیەک لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکەن.

.

ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کە خەڵکی پارێزگای کەرکوکە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بەرپرسانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان ڕێکخستووە لەنێوان لایەنە کوردییەکانی کەرکوک و بڕیارە سبەینێ کۆبوونەوەکە ئەنجامبدرێت”.

.

سەبارەت بە تەوەری کۆبوونەوەکە، ڕزگار عەلی کە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتییە ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی باسی لەوەشکرد، وەک یەکێتی نیشتیمانی هەڵوێستیان ئەوەیە کە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان هەموو لایەنە کوردییەکان بەیەک لیست بەشداری بکەن، بۆ ئەوەی دەنگی کورد پەرتەوازە نەبێت.

.

ئەمە لەکاتێکدایە، لایەنە کوردییەکان بۆچوونی جیاوازییان لەبارەی هەڵبژاردن لەو ناوچانە هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین حزبی کوردییە، تائێستا بڕیاری نەداوە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکات یاخود نا.

.

پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دادگای فیدڕاڵی دژی بڕگەیەکی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سکاڵای تۆمارکرد، خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، هێشتا هیچ بڕیارێکیان نەداوە لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و زووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەوە، بەڵام هەڵبژاردن لە پارێزگایەکدا کە حوکمی سەربازی بکرێت هیچ مانایەکی نییە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل