fbpx
Shadow Shadow

سیاسەتمەدارێک: دەبێت کورد وەک ئیسرائیل بیر بکاتەوە

ساڵى 2020 کورد لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاریدایە

12:57 پێنج شه‌ممه‌ 12 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لە پاش ئەوەى ڕێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغدادد لەسەر پرسى بودجە و نەوت هاتوەتەئاراوە، بەجۆرێک لەجۆرەکان هاوڵاتییانى هەرێم گەشبینن بەو پێشهاتە، بەڵام چاودێرانی سیاسی بۆچونی جیاوازیان هەیە و هەندێکیان دەڵێن، کورد لە ناوچەیەکدا نییە شامی شەریفی قبوڵ بێت.

,

سەبارەت بە ترسی سەرنەگرتنی ئەو ڕێککەوتنە نوێیەش چاودێرێکى سیاسی ئاماژە بەوەدەکات، لە خراپترین حاڵەتدا ئەگەر ڕێککەوتنەکەش جێبەجێنەکرێت، دۆخی هەرێم لە ئێستا خراپتر نابێت.

,

بۆ ساڵى نوێش، ئاڵەنگارییەکى زۆر چاوەڕوانى هەرێمى کوردستان دەکات، پرسی دەستور و ئیدارەدانى نزیکبوونەوە لە بەغداد..هتد، شەڕى هەرێمن و دەبێت خۆى بۆ ئامادە بکات، وەک چاودێران بۆ ناس کورد باسیان کردوون.

,

ساڵى 2020 کورد لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاریدایە

,

ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد کۆتایی کێشەکانە؟

ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتمەداری کورد بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هیوادارین ڕێککەوتنەکە وەک ئەوەی شاندەکە دەیڵێن، وەک خۆی جێبەجێبکرێت، چونکە ڕێککەوتنێکی باشە و لە بەرژەوەندی هەرێمە، بەڵام ئێمە دەزانین کە لە عیراقدا تەنها دامەزراوە حکومییەکان بڕیاری تێدا نادات، بەڵکو پرسە سیاسییەکان زۆر زیاتر کاریگەرن بەسەریانەوە”.

,

کاروانی وتیشی، حکومەتی داهاتوو دەتوانێت دەستکاری ڕێککەوتنەکە بکات، یاخود کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمان دەتوانن دەستکاری بکەن و دەکرێت عێراق پابەند نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆکانی شاندەکە سەرکەوتوبو و هیوادارن ڕێککەوتنەکە بگەیننە کۆتایی.

,

هاوکات عارف قوربانی، نوسەر و ڕۆژنامەنوس دەڵێت: “هەرکاتێک هەرێم و بەغداد ڕێککدەکەون، ئەوا هاوڵاتییان دڵخۆش دەبن، چونکە نایانەوێت ئەوەی لە دوای 2014وە ڕویدا جارێکی دیکە دروست ببێتەوە و جۆرێک لە دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتییان کە جارێکی دیکە توشی قەیران نابنەوە”.

,

قوربانی ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد هەرێم بگەڕێنێتەوە دۆخی پێش 2014، یاخود بگاتە قۆناغێک کە خەڵک پێیوابێت هیچ گرفتێکی نابێت.

,

ساڵى 2020 کورد لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاریدایە

,

هەرێم چاوەڕوانى چی دەکات لە 2020دا؟

چەند هەفتەیەک ماوە کە ساڵى 2019 جێبهێڵین و بچینە ساڵى نوێوە، بەڵام باسلەوە دەکرێت، گۆڕانکارییە ناوچەییەکان ڕەنگە هەرێم بخەنە بەردەم دۆخێکى جیاوازەوە.

,

ئەبوبەکر کاروانی لەبارەى دۆخی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو کە جێگەی دڵخۆشی بێت باسی لەوەکرد: “ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین ئەقڵییەتی ژیان بە شامی شەریف قبوڵناکات، ئێمە بەشێکین لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست کە گۆڕانکارییەکانی لە گەرمەی خۆیدایە و بێگومان هەر گۆڕانکارییەک کاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت”.

,

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لە هەندێک ڕوداو کرد کە تائێستا ناڕونن و ئەگەری رودانیان لە ساڵی داهاتودا هەیە و ئاماژەی بەوەکرد: “بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکان و حکومەتی داهاتوی عێراق و هەڵوێستی لەسەر ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێمدا، پەیوەندی تورکیا و هەرێم و مەترسی فراوانکردنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆسەر قەندیل و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران و ناوخۆی هەرێم و چارەنوسی دەستور و کۆمپانیا نەوتییەکان و چەندین شتی دیکە پەیوەندیان بە هێزەکانی ناوخۆی هەرێمەوە هەیە”.

,

لاى خۆشییەوە عارف قوربانی ئەوەی خستەڕو، هاوکێشەکان لە عێراق لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدان و خۆپیشاندانەکان بەردەوامە کە ڕەنگە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆککۆمار و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش بکەن، کە ئەوانە عێراق دەخەنە بەردەم کۆمەڵێک پێشهاتی دیکەوە کە پەیوەندی ڕاستەخۆی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کە دەبێت هەرێم بیری لەوە کردبێتەوە لەو حاڵەتەدا چیبکات.

,

ساڵى 2020 کورد لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاریدایە

 

,

پێویستە هەرێم چۆن خۆى بۆ پێشهاتەکان ئامادە بکات؟

عارف قوربانی باس لەوەدەکات: “ئەوەی گرەنتی ژیانی خەڵک دەکات لە نێو ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد، بۆ مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ژیانێکی شایستەیان هەبێت، چونکە هەموو خەڵکی کوردستان مووچەخۆر نین و 25%ی مووچەخۆرن، بۆیە خەڵک پێویستی بە هەلی کارە، پێویستی بە بوژانەوەی بازاڕە و پێویستە حکومەتی هەرێم بیری لێبکاتەوە و چارەسەری بکات و کەشێک بخوڵقێنێت کە کوردستان ببوژێتەوە”.

,

“دەبێت هەرێم ناوخۆی خۆی ڕێکبخاتەوە و سەرچاوەی داهاتەکانی ڕێبکبخات و کەرتی نەوت شەفاف بکات، کە ئەوەش وادەکات بە داهاتەکانی ناوخۆ و فرۆشتنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی سەربەخۆ و ئەو بودجەیەی لە بەغدادوە دێت، هەرێم بگەڕێتەوە دۆخی پێش ساڵی 2014و باشتریش، دەشبێت وابکات، ئەگەرنا دەرەقەتی کێشەکانی داهاتوو نایەت”، عارف قوربانى واى وت.

,

هەروەها بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییە هەرێمی و ناوچەییەکان، ئەبوبەکر کاروانی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو فرەدەسەڵاتی لە هەرێم هەبێت و هێزەکانی 70 و 80 مابن و پەیوەندی و بەرژەوەندی جیاوازی دەرەکی هەبێت، بەتایبەت ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە عێراق و ئێرانەوە هەیە، هیچ گرەنتییەک نییە کە هەرێم بەرگەی ڕووداوی لەناکاو بگرێت.

,

ساڵى 2020 کورد لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاریدایە

,

ساڵى 2020 ساڵى دەستور دەبێت؟

هەرێمی کوردستان تائیستا خاوەنی دەستورێکی تایبەت بە خۆی نییە و ئەوەش بەسەرچاوەی زۆرێک لەکێشەکان دادەنرێت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش بە کەمتەرخەم ناودەبرێن لەوبارەیەوە، ئەبوبەکر کاروانیش دەڵێت، کورد دەبێت وەک ئیسرائیلییەکان بیر بکاتەوە.

,

دەربارەی پرسی نوسینەوەی دەستور، عارف قوربانی ئاماژەی بەوەکرد: “کورد زۆر کەمترخەم بوو لە نوسینوەی دەستور و زۆر دواکەوت، کە ئەوەش زیاتر بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانەوە بوە و بەڕاستی ئەوە غەدرێکی زۆر گەورەیە لە نەتەوەی کورد دەکرێت، زۆرێک لە کێشە سیاسییەکانیش زادەی نەبوونی دەستور بوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوشدا ئەوە دروست نەبێتەوە پێویستە سەرجەم لایەنەکان و پەرلەمان هەوڵبدەن بۆ نوسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێم و ئیتر هیچ بیانویە نەماوە بۆ دواخستنی”.

,

لەسەر هەمان پرس، ئەبوبەکر کاروانی باسی لەوەکرد: “چیتر ناکرێت نوسینەوەی دەستور بەبیانوى نالەباری بارودۆخ دوابخرێت، چونکە بارودۆخ لەبارە و ئیمەى کورد دەبێت وەک ئیسڕائیلییەکان بیربکەینەوە کە بە دووژمن چواردەور دراون، بەڵام هەرگیز وازیان لە دیموکراسییەکەی خۆیان نەهێناوە لەبەر ئەوەی دۆخیان دژوارە، لە کاتێکدا هەموو عەرەب بە بیانوی بوونی ئیسرائیل دیموکراسییان دوادەخست، بۆیە هیچ ڕێگرییەک نییە لەبەردەم ئەوەی لەساڵی داهاتودا هەرێم ببێتە خاوەن دەستوری خۆی”.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل