fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

زەنگی شکستهێنانی عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەکەی 72 کاتژمێری ماوە لێبدات [تایبەت]

21:46 پێنج شه‌ممه‌ 27 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ کورد و سونە خەریکە محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەکەی شکستدەهێنێت کە تەنها 72 کاتژمێر کاتی لەبەردەستدا ماوە، ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمیش لەوبارەیەوە دەڵێت، دەیانزانی عەلاوی ئەمڕۆ شکستدەهێنێت، چونکە ئەو مامەڵە لەگەڵ حزبەکان ناکات و دەشیەوێت دەنگی پێبدەن.

،

ئەمڕۆ پێنجشەممە کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى بەبێ ڕەزامەندى زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکانى کورد و سونە و بەشێک لە شیعە برایە پەرلەمانى عێراق، بەڵام شکستى هێنا لە تێپەڕاندنى و بڕیارە ڕۆژی شەممە دووبارە دانیشتنی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبچێت.

،

سەعدی پیرە: دەمانزانی عەلاوی شکستدەهێنێت

،

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “دەمانزانی ئەمڕۆ عەلاوی شکستدەهێنێت، چونکە ئەو نایەوێت هاوکاری لەگەڵ حزبەکان بکات و کاندیدی حزبەکان قبوڵ ناکات، کەواتە حزبەکانیش دەنگی پێنادەن”.

،

وتیشی: “حزبەکان دەنگ بە کێ بدەن؟، ئەو دوێنێ ناوی کاندیدەکانی داوە بە لایەنەکان، ئەوان چۆن فریا دەکەون ئەو هەموو سیڤییە بخوێننەوە و بزانن دەنگ بەکێ بدەن”.

،

پیرە ئاماژەی بەوەشكرد، لایەنێکی دیکەی شکستهێنانی ئەمڕۆی عەلاوی هەڕەشەکانی هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و حزبەکان بوون کە جێگەی مەترسی بوون، بەتایبەتی هەڕەشەی سەدرییەکان کەم نەبوو.

،

 

72 کاتژمێری ماوە زەنگی شکستهێنانی عەلاوی لێبدرێت

،

عەلاوی تەنها 72 کاتژمێر مۆڵەتی ماوە و کاتەکان زۆر خێرا لەبەردەمیدا تێپەڕین و زۆرینەى لایەنە سیاسیەکانى بۆ ڕازى نەکرا تا دەنگ بە کابینەکەى بدەن، هەربۆیە ئێستا دەیەوێت هەرچۆنێک بێت دەنگ بە کابینەکەی بدرێت، سەرچاوەیەکى پەرلەمانى عێراق کە داواى کردوە ناوەکەى ئاشکرا نەکرێت بە “ناس”ى وت: “ئەمڕۆ پەرلەمانتاران داوایانکردوە دانیشتنەکە دوابخرێت، بەڵام حەسەن کەریم کەعبى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان ڕەتیکردوەتەوە، کوتلەکان کەوتونەتە گفتوگۆیەکى توندەوە دواتر زەنگى پەرلەمان لێیداوە بۆ ئەوەى پەرلەمانتاران ئامادەبن لە هۆڵى کۆبونەوە”.

،

ڕۆژى چوارشەممە کە تەنها چەند کاتژمێرێکى مابوو بۆ دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بۆ تێپەڕاندنى کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى خۆپیشاندەرانى مەیدانەکانى خۆپیشاندان لەشارەکانى کەربەلا و بەغداو چەندین شارى ترى عێراق دروشمیان دژى دواخستى داواکاریەکانى خۆپیشاندەران بەرزکردەوە و یەکێک لە دروشمەکان نامەیەکى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى ئایینى شیعە بوو کە تێیدا نوسرابوو: “ئەگەر ئەوانەى دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە وا دەزانن کە دەتوانن بە دواخستن لە چاکسازى ڕاستەقینە خۆیان بدزنەوە ئەوە لە خەیاڵدا دەژین”.

،

سەرەڕاى داواکارى خۆپیشاندەران و مەرجەعەکان و چەندین کەسایەتى عێراقى، بەڵام عەلاوى بەدەستبەتاڵى گەڕایەوە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکیەکانى ناو پەرلەمان و ناکۆکى نێوان محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمان و حەسەن کەعبى جێگرى یەکەمى، بەهۆى ئەوەشەوە دانیشتنەکە دواخرا بۆ ڕۆژى شەممەى داهاتوو، چونکە بەشێکى زۆرى پەرلەمان لەناو هەوڵى دانیشتنەکەدا ئامادەنەبون و ڕێژەى یاسایى تەواو نەکرا، لاى خۆشیەوە فالح عیساوى وتەبێژى هاوپەیمانى هێزە عێراقیەکان ئاشکرایکردوە، پەرلەمانتارەکانى ئەوانیش لەدانیشتنەکەدا ئامادەنەبون و ئەوەى کە دەوترێت ئامادە دەبن بەڵام دەنگ نادەن دورە لەراستیەوە.

،

لەلایەکى ترەوە کەریم علێوى، سەرکردە لە هاوپەیمانى فەتح ئەوەى ئاشکرا کردوە: “هێزە شیعیەکان کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ یەکلاکردنەوەى تێپەڕاندنى کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى لە رۆژى شەممە، ئیرادەیەک لەلایەن هێزە شیعى و سونیەکانەوە هەیە بۆ تێپەڕاندنى کابینەکە هەروەها هەندیک لە هیزە سونى و کوردیەکان تێپەڕاندنى ڕەتدەکەنەوە چونکە پۆستیان بەدەستنەهێناوە، ئەو پەرلەمانتارە نەشیشاردەوە کە هەندیک پەرلەمانتارى کورد و سونە دەنگ بە حکومەتەکەى عەلاوى دەدەن و پێشبینیش دەکات دانیشتنى ڕۆژى شەممە دەنگ لەسەر کابینەکە بدرێت”.

،

کورد چیدەکات؟

،

ئەمڕۆ جگە لە چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو و ئایندە کە شەش پەرلەمانتار بوون، سەرجەم هێزە کوردییەکان پێکەوە بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد.

،

دەربارەی کۆتا بڕیاری کورد لەوبارەیەوە، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەکرد، دوور لە ڕاگەیاندن گفتوگۆکانی خۆیان بەردەوام دەبێت و تاوەکو ڕۆژی شەممە بڕیار دەدەن کە چی بکەن.

،

هاوکات زیا پترۆس کە ئەندامێکی دیکەی شاندی دانوستانکاری هەرێمە بۆ ناس کورد وتی: “هێشتا زووە باس لەوە بکەین و ئەوە ئەگەرە، ناکرێت باس لە ڕوودانی ئەگەر بکەین، هەرکات ئەوە ڕوویدا ئەوکات لەوبارەیەوە بڕیاردەدەن”.

،

 

باسی لەوەشکرد: ” پێویستە عەلاوی نەرمى بنوێنێت بۆ ئەوەى دەنگ بە کابینەکەى بدرێت و سەرجەم گرێکوێرەکان بکرێنەوە و پێویستە ڕاوێژ بە کورد بکات لە دیاریکردنى وەزیرەکانى، هەروەها چەند کێشەیەک لە بابەتى موچەى فەرمانبەران و بودجەو چەند بابەتێکى تر هەیە کە لە کۆبونەوەى یەکەم لەگەڵیدا بەڵێنى چارەسەرکردنى دا”.

،

هەر لەدوای دواخستنی دانیشتنەکەش حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بۆ ناس کورد وتی: “ئەگەر عەلاوی بەمشێوەیە مامەڵە بکات، ئەوا رۆژی شەممەش شکستدەهێنێت و کابینەکەی تێناپەڕێت و دەبێت بکشێتەوە”.

،

دوای شکستهێنانی عەلاوی چی دەکرێت؟

،

زیا پترۆس ڕوونیکردەوە، ئەگەر عەلاوی شکستبهێنێت، ئەوا پرسەکە دەگەڕێتەوە لای بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا کەسێکی دیکە ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەکە.

،

وتیشی، پاشان ئەو کەسە نوێیەش مانگێکی لەبەردەمدا دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی کابینەکەی.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل