fbpx
Shadow Shadow

"توڕەبوونێکی زیاتری پێوە دیارە"

“زمینلەرزەی گەنجان”؛ کۆپی دووەمی بەهاری عەرەبی

19:10 هه‌ینی 27 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس كورد-

 

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی، هەڵکشانی ناڕەزایەتیەکان لە چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە “زمینلەرزەی گەنجان” وەسفدەکات و دەڵێت، هەرچەندە خۆپیشاندانەکان بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی یەکەم توڕەبوونێکی زیاتری پێوە دیارە، بەڵام ئەمجارەیان گەنجان زیاتر بە دانایی لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵە دەکەن.

.

بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، کە ئەمڕۆ هەینی 27ى تشرینی یەکەمی 2019 بڵاویکردەوە، زیاتر لە سەدا 60 ی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چینی گەنجانن کە تەمەنیان لە 30 ساڵ کەمترە.

.

ئاماژەی بەوە کردووە، گەنجان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست بە نادادپەروەری دەکەن، بەهۆی تەشەنەکردنی گەندەڵی، دەستێوەردانی دەرکی و تێکەڵبوونی سوپا بە کاری ڕۆژانەی حکومەت.

.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هۆکارەکانی بەرپابوونی ناڕەزایەتییەکانی یەکەم بەهاری عەرەبی پێش 10 ساڵ لەمەوبەر، لەئێستادا هەمان هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە وڵاتانی عێراق، لوبنان و جەزائیر.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەهاری عەرەبی یەکەمدا، سەدان هەزار کەس بە توڕەبوونێکی زۆرەوە  بەرامبەر خراپەکارییەکانی دەسەڵات ڕژانە سەر شەقامەکان، ئێستاش بە هەمان شێوە سەدان هەزار کەس لە لوبنان و عێراق هاتوونە تە سەرشەقامەکان بە هەمان توڕەبوونەوە، بەڵام ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێستا جیا دەکاتەوە لە خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی یەکەم ئەوەیە گەنجان زیاتر بە داناییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.

.

ڕۆژنامەی گاردیان، باسیلەوەشکردووە، خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان  مەترسیدارن، چونکە پشکی شێرى ناڕەزایەتییەکان دژى بە بەرژەوەندییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.

.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران لەئێستادا بە هەموو توانایەوە بەرگریی لە مانەوەی هەژموون و بەڕژەوەندی خۆی دەکات لە ناوچەکە، پێشبینیشدەکرێت  ئێران لە داهاتوودا فشارەکان لەسەر عێراق و لوبنان زیاتر بکات، ئەگەریش هەیە ئەو فشارانە ببنە هۆکارى لێدانی دەهۆڵی جەنگ لە ناوچەکەدا.

.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، خۆپیشاندانەکان لەئێستادا زۆر مەترسیدارن چونکە ئەگەر هاتوو کۆپی دووەمی بەهاری عەرەبی، بەهەرهۆیەک بێت دابمرکێتەوە یاخود بێ ئەنجامبێت، ئەوکات گەنجان لەو وڵاتانە هەست بە نائومێدی دەکەن ئەوەش وایان لێدەکات، ناچاربن وڵاتەکانیان بەرەوە هەندەران بەجێبەهێڵن.

.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە هەموو پێوەرێک بەهاری عەرەبی دووەم هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بەهاری عەرەبی یەکەمدا نییە، گەنجان تەنها دژ بە گەندەڵی و بێکاری نەهاتوونەتە سەرشەقامەکان، بەڵکو دەیانەوێت سنورێک بۆ سیستمی تایفەگەری و ئاینی کە بووەتە بنەمای حکومرانی لە وڵاتەکانیان دابنێن.

.

لەکۆتایدا ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە شەپۆلی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی یەکەم وڵاتی تونس توانی سەرکەوتن بە دەستبهێنێت و لەشەپۆلی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی بەهاری دووەمی عەرەبیشدا سودان  توانی سەرکەوتن بە دەستبهێنێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل