Shadow Shadow

"وەزارەتی پەروەردە هۆکاری کێشەکەیە"

زانکۆیەکی هەرێم هیچ خوێندکارێکی خولی دووەمى 12ى ئامادەیی وەرناگرێت

21:28 هه‌ینی 28 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

زانکۆی چەرمو بۆ ئەمساڵی خوێندن بڕیاریداوە، هیچ خوێندکارێکی دەرچووی خولی دووەمی 12ى ئامادەیی وەرنەگرێت، چونکە تاقیکردنەوەکان درەنگ تەواو دەبن، پێدەچێت ساڵی داهاتووش تەواوى زانکۆکانی هەرێم ئەو سیستمە پەیڕەو بکەن.

.

سەبارەت بە وەرنەگرتنى خوێندکارانى خولى دووەم لە لایەن ئەو زانکۆیەوە، وەزارەتی پەروەردە بە هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە دەزاندرێت.

.

بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، کە لە 17ی حوزەیران دەرکراوە، تیایدا هاتووە، بەهۆى ئەوەى زانکۆى چەرمو (بۆڵۆنیا پرۆسیس) جێبه‌جێ ده‌كات و له‌ 1/9/2019 ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌ن، ته‌نها ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ و ساڵانی پیشتر وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای خۆیان‌.

.

زانکۆیەکی هەرێم هیچ خوێندکارێکی خولی دووەمى 12ى ئامادەیی وەرناگرێت

.

لەوبارەیەوە سیروان حەسەن، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بەپێی سیستمی “بۆڵۆنیا” پێویستە 32 هەفتە وانە بخوێندرێت و ئەوە سیستمێکی جیهانییە، لە هەرێمیش لە ئێستادا بەشێک لە زانکۆکان ئەو سیستمە پەیڕەو دەکەن، بۆیە پێویستە زوو دەست بە دەوامی خوێندن بکەن.

.

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتیشی: ” ئێمەش بۆ ئەمساڵ ئەو سیستمە پەیڕەو دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندکاران زەرەرمەند نەبن، ئێمە خوێندکاری خولی دووەمیش وەردەگرین، بەڵام ڕەنگە بۆ ساڵی داهاتوو ئێمە و زۆرێک لە زانکۆکانی دیکەش زوتر دەست بە دەوام بکەین و خوێندکاری خولی دووەم وەرنەگرین”.

.

وەزارەتی پەروەردە بە هۆکاری کێشەکە دادەنرێت، بەڵام ئەوان ئامادەنین هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدەن، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی کوردستان ئاگاداری کێشەکە نین.

.

سیروان حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە لای وەزارەتی پەروەردەیە و پێویستە ئەوان کاتی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بگۆڕن و زووتر تاقیکردنەوەکان بکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی پەیڕەوکردنی ئەو سیستمەشدا بتوانرێت خوێندکارانی خولی دووەم وەربگیرێن.

.

بە وتەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان: “زۆرێک لە مامۆستایان نایانەوێت تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم زووتر ئەنجامبدرێت، بەهۆی ئەوەی تا تاقیکردنەوەکان درەنگتر ئەنجامبدرێت، ئەو مامۆستایانەی وانەی تایبەت دەڵێنەوە قازانجی زیاتر دەکەن”.

.

لەوبارەیەوە ناس کورد پەیوەندیکرد بە وەزارەتی پەروەردە و بەرپرسی گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتەکە، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون ڕوونکردنەوە لەو بارەیەوە بدەن.

.

هاوکات ناس کورد پەیوەندیکرد بە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەوان بێ ئاگابوون لە کێشەکە و لە هەمانکاتدا بەڵێنی بەدواداچوونیاندا بۆ ئەو کێشەیە.

.

زانکۆیەکی هەرێم هیچ خوێندکارێکی خولی دووەمى 12ى ئامادەیی وەرناگرێت

.

سەبارەت بەو بڕیارەى زانکۆى چەرمو دەریکردووە، سەڵاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی چەرمو بە ناس کوردی ڕاگەیاند، هۆکاری ئەوەی خوێندکاری خولی دووەم وەرناگرن، ئەوەیە کە ئەوان سیستمی بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکەن و بۆ ئەو سیستمە پێویستە خوێندکار 32 بۆ 34 هەفتە وانە بخوێنێت، بەو هۆیەوە لە 1/9ەوە دەست بە دەوام دەکەن و فریا ناکەون خوێندکاری خولی دووەم وەربگرن.

.

سەرۆکی زانکۆی چەرمو، ئەوەشى ئاشکرا کرد: “لە ساڵانی داهاتوودا زانکۆکانی دیکەی هەرێمیش ئەو سیستمە جێبەجێی دەکەن، بۆیە پێویستە ڕێککەوتن لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا هەبێت و زووتر تاقیکردنەوەکانی قۆناغی 12 دەستپێبکات”.

.

سەرۆکی زانکۆ چەرمو ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەر بەشێکیش 40 خوێندکار وەردەگرن، چونکە لەوە زیاتر دەبێتە “زۆری و بۆری” و بەپێچەوانەوە ئەوان بیر لە “کەمی و کوالێتی باش” دەکەنەوە.

.

“خوێندکاری زانکۆکانی هەرێم زۆر زۆرن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە بە باو لە کۆمەڵگادا، لەکاتێکدا هەرێم زیاتر پێویستی بە خوێندکاری بەشە پیشەیی و بازرگانی و میکانیکییەکانە و پێویستە برەو بە خوێندن لەو بەشانەدا بدرێت”، سەڵاح سەعید واى وت.

.

جەختیشیکردەوە، ناکرێت هەموو خوێندکارێک بەهۆی بەدەستهێنانی نمرەیەک لە زانکۆکاندا وەربگیرێت، بەڵکو پێویستە تاقیکردنەوەیەکی تایبەت هەبێت بۆ وەرگرتن لە زانکۆکاندا و ئەو خوێندکارانە بە فلتەرێکدا تێپەڕن.

.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل