Shadow Shadow

رەخنەیەک لە سەرۆکی حکومەتی پێشوو و سەرۆکی هەرێمی ئێستا

21:29 شه‌ممه‌ 08 حوزه‌یران 2019
article image

کاوە عەلى کەریم

 

بە بۆنەی دەستبەکاربوونی بەڕێزیان و تێپەڕ بوونی چوار ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی یەکەم پارێزگاری هەڵەبجەدا.

.

لە ڕابردوودا کاتتان نەبوو…ئەزانم ئێستاش کاتتان نیە بۆ گوێبیستی ئەم ڕەخنەیەش….

.

١٠/٦ ڕۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی پۆستی نوێتە ویەک ڕۆژ لە دواتر چوار ساڵ بەسەر دەست بەکار بوونی پارێزگاری هەڵەبجە دا تێپەڕ دەبێت…

.

چوار ساڵ لەمەوبەر کاتتان نەبوو بەشدار بن لە دەستبەکاربوونی یەکەم پارێزگاری پارێزگا نوێکەدا….
بۆ دەست بەکار بوونی بەڕێزتان ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان دەبیستین چەند ملیۆن دۆلارێک خەرج دەکرێت بەڵام بۆ هەڵەبجە لەو ڕۆژەدا تاکە دینارێکیش خەرج نەکرا و خێرخوازانی وەک حاجی تاهیر هەورامی و حاجی عابد و کاک ئاسۆی حاجی محمد و حاجی عیسا خەرجی و میوانداریان لە ئەستۆ گرت.

.

لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئەوەندە کاتت نەبوو سەردانێکی پارێزگا نوێ کە بکەیت بزانیت ئایا ئەو بڕیارانەی دەرتکردووە چەندە جێبەجێ کراوە… . بڕیار و فەرمانی گرنگ و بەواژووی بەڕێزتان دەرکراوە بەڵام پەکی خراوە لەلایەن وەزیرێک یان خوارتر ڕێز لە واژووی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی پێشوو و وە بەڕێزتان نەگیراوە و هیچ کەس بۆی نەبووە لێپرسینەوەیان لێ بکات بە بیانوو و پاساوی بێ بنەما …

.

کاتت هێندەی بۆ هونەرمەندێک هەبوو( لەگەڵ ڕێزم بۆ هونەرمەندان ) بۆ ئێمەت نەبوو کە ڕووبەڕوو سکاڵای خۆمان بگەیەنین و دڵنیام هیچ کەسیش لەوانەی نزیکتن نە ئەم ڕەخنەیە نە گلەیی هاوڵاتیانی ئەم پارێزگایەیان نەوێراوە بگەیەنن لە ترسی پێگەی خۆیان.

.

پەیتا پەیتا لەسەر یەک نوسراو لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاڕاستەی پارێزگاکان دەکرا کە بۆتان نیە نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکەن بۆتان نیە نوسراو ئاڕاستەی قونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان بکەن بۆتان نیە نوسراو ئاڕاستەی هیچ وەزارەتێکی حکومەتی عێراق بکەن. بەڵام کاتتان نەبوو بەدواداچوون بۆ فەرمانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکەن نە لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکە نە لەگەڵ وەزیرەکان نە لەگەڵ حکومەتی عێراق نە گشتاندنێکتان بۆ ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان کرد کە هەڵەبجە پارێزگایە و هەڵسوکەوتی پارێزگای لەگەڵ بکەن.

.

کاتتان نەبوو گوێمان لێبگرن ئەوەی کە پێیان نە گەیاندوویت خۆمان پێتی بگەیەنین.

.

ئەوەندە کاتت بۆ ئەم پارێزگایە کەم بوو لە ڕابردوودا لە ڕێگەی نوێنەرانی وڵاتانەوە داوای چارەسەری کێشەکانمان کردووە کە لە کاتی بینینی بەڕێزتان باسێکی هەڵەبجەش بکەن.

.

بەڕێزتان خۆتان بەسەرۆکی حکومەتی هەرێم داناوە و باش ئەزانم بە فیعلی دوو ئیدارەیی هەبوو لەگەڵ ئەوەی بە ڕۆتین و لە ووتارو نوسراوەکان یەک حکومەت هەبوو بەڵام ئەوە پاساوی سەردان و تەرخاننەکردنی کات نیە بۆ گوێبیستی گرفتەکان و بەدواداچوونی فەرمانەکانتان و پەکخستنی بڕیارەکانتان و هەندێک لەو وەزیر و سەرۆکی دەستەو…. لە نزیکەکانی بەڕێزتانن.

.

لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ئامادە نەبوون لەم پارێزگادا بانگەشە بکەن و خەڵکی ئەم پارێزگایەتان لە پارێزگایەکی تر کۆکردەوە. ئەزانم تاوەکو هەڵەبجە نەبێتە بازنەیەکی سەربەخۆ لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ژمارەی کورسی دیاری کراوی خۆی نەبێت نابێتە جێگای تەماحی لایەنە سیاسییەکان و کاتی خۆیان بۆ تەنها کورسیەک خەرج ناکەن کە لە پێکهاتەکان ( لەگەڵ ڕێزم بۆ سەرجەم پێکهاتەکان ) یانزە بە ئاسانی دەست بکەوێت.

.

کاتتان نەبوو لەیادی ١٦/٣ بەشدار بن و بزانن و گوێبیستی کێشەی کەس و کاری شەهیدان و موعاناتی برینداران و خەمی مناڵەونبوەکان بەکوێ گەیشتووە و چۆن ململانێی نادروستی حزبی دەستی بەوانیش گەیاندووە.

.

کاتتان نەبوو لە زمانی ئێمەشەوە گوێبیستی ئەو ٨٨ پرۆژەی کە بەناوی بەڕێزتانەوە بڕیار بووە بکرێت بۆ هەڵەبجە و لە ساڵی ٢٠١٢ لە بودجەی نەوت بودجەی بۆ تەرخان کراوە و ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی کراوە زۆربەی وەستاوە و زۆری تریان ڕۆژی دەستپێکردنی دوای ٧ ساڵ هێشتا هەڵنەهاتووە و ئەوانەی پەیوەست بوون بە کەسوکاری شەهیدان لەبەر قەرزاریان و داوای بژاردنی قەرزەکان هەندێکیان خانوەکانیان لەبری قەرز داوەتەوە.

.

کاتتان نەبوو داوای سی ملیۆن دۆلاری پارەی پرۆژەکانی کە کۆمپانیای نەوتی گازپرۆم دابینی کردبوو کە پێت ڕابکەیەنین تەنها دۆلارێکیشی نەهاتووە .

.

کاتت نەبوو کە پێت رابگەیەنین مانگێک ئەو برەی تەرخان کرا بۆ پرۆژە وەستاوەکان بۆ پارێزگاکان لە ١٠ ملیۆن دۆلار هەڵەبجە تەنها ٢٤٠ ملیۆن دیناری بۆ دیاری کرابوو و کە دەیکردە کەمتر لە نیوەی وەرگرتنی عمولەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەو بانکەدا.

.

کاتت نەبوو تەنانەت لەکاتی بومەلەرزە بە هێزەکەی ساڵی ٢٠١٧ ئەو ڕێگا خراپەی هەڵەبجە ببڕیت و سەردانێکی هەڵەبجە بکەیت …

.

گەشبین نیم بە چوار ساڵی ئایندە بەڵام هیوادارم هەڵە بم و بەڕێزتان لە پۆستی سەرۆکی هەرێم قەرەبووی کەمتەرخەمی ساڵانی رابردوو بکەنەوە بەرامبەر بەم پارێزگایە وە بەڕێز سەرۆکی نوێی حکومەتیش کاتی هەبێت گوێبیستی گرفت و سکاڵا و داواکاریەکان بێت .

.

زیاتر لە چوار ساڵ لە پۆستێکدا پێویستە گۆڕانکاری هەبێت و توانای نوێ و کەسانی نوێ بێنە پێشەوە ، هیوادارم لە چەند مانگی داهاتوودا گۆڕانکاری لە پۆستی جێگری پارێژگاری هەڵەبجەشدا بکرێت و کەسێکی تر لە لایەن یەکگرتوو دەستنیشان بکرێت بۆ ئەم کارە و بەندە بەڵێنی هەموو پشتیوانی و هاوکاریەکی دەکەم و بەڵێنی خزمەت بە پارێزگای هەڵەبجە دەدەم لە هەر پلەو و پۆست و وەزیفەیەکدا بم .

.

هیوادارم ئەوەندە هەڵە بم لە نا گەشبینیمدا بۆ ئایندە… ساڵی ئایندە بتوانم لێرەوە پۆستێکی دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەردوو بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بکەم بۆ خەمخۆری و لاکردنەوەیان بەلای ئەم پارێزگایە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل