fbpx
Shadow Shadow

ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتیی ڕووبەرووی گرفتی جددی بووەتەوە.. پارتی پابەند نییە پێوەی

10:36 دوو شه‌ممه‌ 19 ئاب 2019
article image

سەرتیپ جەوهەر
هێشتا روون نییە كابینەی نوێی حكومەت چ ئاراستەیەك دەگرێت، ئاراستەیەك بەرەو دروستكردنەوەی متمانەو هاندانی هەردوو حزبی سەرەكی (یەكێتی و پارتی) بۆ هێمنی سیاسی و بەرەو پێشبردنی تێگەیشتنی پێویستی بەیەكەوە كاركردن، یان ئاراستەیەك رێگر بێت لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان یەكێتی و پارتی.

.
نزیكەی 45 رۆژە حكومەتی نوێی هەرێم پێكهێنراوە، رێككەوتنێكی نوسراو و كۆنكریتی لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە. ئەو رێككەوتنە تەنها بۆ دابەشكردنی جومگەكانی حوكمڕانیی و پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكان نییە، بەڵكو لەبنەڕەتدا بۆ بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگییە لەسەربنەمای شەراكەت لە دابەشكردنی دەسەڵات و بڕیاردان، هاوكات چارەسەركردنی گرفتە ئاڵۆزكاوەكانی نێوان هەردوولا.

.
45 رۆژە تێپەڕیوە كەچی هێشتا رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی لەجێی خۆیدا نەجوڵاوە، دێڕێك و ماددەیەكی لێ جێبەجێنەكراوە! گەر وابڕوات ئیدی بەمزوانە دەنگی لێ‌ هەڵدەستێ‌ و بێدەنگییەكە دەشكێت.

.
بەپێی زانیارییەكان تائێستا هیچ دەسەڵاتێك بە جێگری سەرۆكی حكومەت نەدراوە، یان تائێستا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتەكانی لەگەڵ جێگری سەرۆك دابەش نەكردووە! لەكاتێكدا ئەسڵی مشتومڕو نەگەیشتنە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی دابەشكردنی دەسەڵات و شەراكەت بوو لەحوكمڕانیی! ئەگەر دەسەڵاتی پێویست نەدرێتە جێگری سەرۆك وەزیران كە (قوباد تاڵەبانییە) ئەوا گرفتی جددی دروست دەبێت، بەتایبەت دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە لەچوارچێوەی پلانی حكومەت.

.

ناكرێت قوباد تاڵەبانی بڕیاری خەرجكردنی پارەبدات بۆ چاككردنی رێگای كۆیە وەزیر یان وەزارەتی دارایی رێگریی بكات!
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن تائێستا پرسی كەركوك دیارنییە، ئەو رێكارەی ئێستا گیراوەتەبەر بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ كاتی زۆری پێویستە، پێدەچێت هەوڵبدرێت پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ ببێتە (هەقایەتی شیردە بۆ داپیردە) لەكاتێكدا وا خەریكە ئەو 45 رۆژە تەواو بێت كە بڕیاربوو لەوماوەیە پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكان ئامادەنەبوونی چەند ئەندامێكی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كراوەتە بیانوو!! لەكاتێكدا هەموومان دەزانین پارتی حزبێكی مەركەزیی شمولییە زۆر ئەستەمە چەند ئەندامێكی “لەخۆوە” گیربن و رێگری دروستبكەن؟!
لەوە واوەتر، تائێستا فەرمانی راسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا كە بڕیارە خالید شوانیی بێت، لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە دەرنەكراوە! تائێستا خالید شوانیی وەك وەزیر دەستبەكارنەبووە! ئەمە لەكاتێكدا لەگەڵ راگەیاندنی كابینەی نوێ‌ بەفەرمانێكی نوێ‌ دوبارە نوسینگەی نوێنەرایەتی پەیوەندی هەرێم و بەغدا كرایەوەو كەسێكی بۆ دەستنیشانكرا! ئەمەش ناكۆك و دژە لەگەڵ دانانی ئەو وەزیرەی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا.

.
سەرباری ئەم كۆك نەبوونە، هێشتا فەرمانی دەستبەكاربون بۆ سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (رەوەند مەحمود) لەلایەن سەرۆك وەزیران دەرنەكراوە!

.
ئەم دۆخەی ئێستای رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دڵخۆشكەر نییە! ئەو رێككەوتنەی كراوە یەك بوخچەیە (پاكیج)ەو ناكرێت ئینتیقائی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئەگەر تائێستا بێدەنگییەك لەم دۆخە هەیە، ئەوا ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا لەرۆژانی داهاتوو بێدەنگی دەشكێت، بەتایبەت ئەو رێككەوتنەی نێوان هەردوولا كاتێكی زۆری برد، ناكرێت بەنیوەناچڵی بخرێتە واری جێبەجێكردن و بەشێك لە رێككەوتنەكە كاڵبكرێتەوەو تەنها ئەو دیوە جێبەجێكرێت كە لەبەرژەوەندی لایەنێكی دیاركراودایە! بەتایبەت پرسی پێكهێنانی حكومەت كە ئومێدێكی زۆری لەسەر چنرا بۆ باشتركردنی بازاڕ، بەوشێوەیە نەبوو! ئێستا ئەگەر رێككەوتنەكە كێموكاسی تێكەوێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دیسان بازاڕو بەرژەوەندی خەڵك دەشێوێنێت.

.

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل