fbpx
Shadow Shadow

رۆیتەرز: بەتەقەى هێزە ئەمنییەکان پێنج خۆپیشاندەر کوژران

18:21 دوو شه‌ممه‌ 04 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاوى کردەوە، بە تەقەى هێزە ئەمنییەکانى عێراق لانى کەم پێنج خۆپیشاندەر کوژران و خۆپیشاندەران بەرەو بارەگاى سەرۆکوەزیران دەچن.

.

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، ئاماژەى بەوەکردووە: “خۆپیشاندەرانى عێراق لە بارەگاى سەرۆکوەزیرانى عێراق نزیکبوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان هەوڵى بڵاوەپێکردنیان دەدەن”.

.

بەگوێرەى هەواڵى ئاژانسەکە، هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرگرتن بە پێشڕەوى خۆپیشاندەران شەقامى حەیفا و ناوچەى عەلاوییان بەتەواوەتى داخستووە.

.

ئاماژە بەوەشکراوە، له‌نزیک پردی‌ ئه‌حراری‌ شاری‌ به‌غداد پێنج خۆپیشانده‌ر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران، فەرماندەى هێزە چەکدارەکانی عێراقیش هۆشداریدا لە ئەگەرى ڕوخانی پردی کۆماری  ئەگەر پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بێت.

.

ئەوەش خراوەتەڕو، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندەران نه‌یانتوانی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ پردی‌ كۆمارییه‌وه‌ بگه‌نه‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وز، هەوڵیانداوە لەناوچه‌ی‌ عه‌لاوییەوە بەرەو ناوچه‌ی‌ سه‌وز و بینای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ حكومه‌ت برۆن، لەنزیک پردی ئەحرار کە یەکێکە لە پینج پردەکانی شاری بەغداد لەسەر ڕوباری دیجلە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوبەڕوی یەکتر بوونەوە و لەئاکامدا پێنج خۆپیشاندەر کوژران 15ى دیکەش برینداربوون.

.

لەلایەکى ترەوە، ئاژانسی هەواڵی سپۆتینكی ڕوسی ئاشكرایكردووە، سەدان خۆپیشاندەر لە ناوچەی عەلاوییەى تەنیشت بەری كەرخەوە هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە سنوری ناوچەی سەوز، كە بە توندی پارێزراوە و بارەگا سەرەكییەكانی حكومەتی عێراق و حیزبەكان و باڵیۆزخانەكانی وڵاتان و نوسینگەی كۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەكانی تێدایە.

.

ئەو هەوڵانەى خۆپێشاندەران بۆ چونە ناوچەی سەوز، لەكاتێكدایە ماوەی 10 ڕۆژە خۆپیشاندەرانی بەغداد لە هەوڵی بەردەوامدابوون بۆ تێپەڕاندنی هەردوو پردی كۆماری و سەنەك، بەڵام ئەم ئێوارەیە بۆ كۆتاییهێنان بە دواهەمین هەوڵی خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەكان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، وەک میدیا جیهانى و عێراقییەکان باسیانلێوەکردووە.

.
ئەوەش خراوەتەڕو، خۆپیشاندەران لە ناوچەی عەلاوی دەستیان كردووە بە سوتاندنی ژمارەیەكی زۆری تایە و ڕێگەی سەرەكی ناوچەكەیان گرتوە، هەوڵیانداوە نزیک ببنەوە لە وەزارەتی داد، بەڵام  هێزە ئەمنییەکان بەتەقە وەڵامیانداونەتەوە و بڵاوەیان پێکردوون.

.

باسلەوەشکراوە، حکومەتی عێراق هێزێکی ئەمنی زۆری ڕەوانەى نزیک بەندەری “ئوم قەسر” کردووە، بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل