fbpx
Shadow Shadow

ره‌وه‌ندی كوردی له‌ فه‌ڕه‌نسا دۆسیه‌ی تیرۆركردنی ساکینە و  هاوڕێکانی ده‌خه‌نه‌وه‌ به‌ر باس

14:36 سێ شه‌ممه‌ 14 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌ڕه‌نسا بۆ ئاشكراكردنی بکوژانی سێ چالاکوانی ژنی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)، نزیکەی چوار هەزار  هاووڵاتی كورد لەشاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا.

.

ئەمڕۆ، (سێشەممە، 14ى کانوونی دووەمی، 2020)، نزیکەی چوار هەزار هاووڵاتی كورد لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا و خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی پاریسدا، داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا کرد بکوژانی “ساکینە چانسێز”ی تەمەن 54 ساڵ، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ڤیدان دۆگان-ی تەمەن 28 ساڵ و لەیلا سیلماز-ی تەمەن 24 ساڵ، ئاشکرابکرێت کە لەساڵی 2013 دا لە بارەگای کۆمەڵەیەکی سەر بە پارتەکە لە باکوری شاری پاریس، تیرۆرکران.

.

موراد پۆڵات، نوێنەری ئەنجوومەنی دیموکراتی کورد لە فەڕەنسا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند :”پاش حەوت ساڵ لە تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە چالاکوانە کوردە، تائێستا بکەرانی ئەو کارە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەڕەنساوە ئاشکرا نەکراوە، بۆیە سورین لەسەر ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و فەراهەمکردنی دادپەروەری”.

.

هاوکات ئان ئۆزبەک، چالاکوانێکی دیکەی بەشداربووی خۆپیشاندانەکه‌، سەبارەت بە پرسی ژنە چالاکوانە تیرۆرکراوەکان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت :” دەمانەوێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن، پاش حەوت ساڵ لەو ڕووداوه‌  هیچ شتێک ڕوون نییە، ئێمە لە ئێستادا زیاتر سورین لەسەر بەرخۆدان وخەبات لەپێناو ئازادی ژن و گەلی کوردستان”.

.

 

هەر پاش تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە چالاکوانە کوردە، لە 9ی کانوونی دووەمی، 2013 پۆلیسی فەڕەنسا پەنجەی تۆمەتی بۆ دەزگای هەواڵگری میتی تورکی درێژ کرد، و ڕایگەیاند :” گومانی ئەوه‌مان هەیە کە ژمارەیەک ئەندامی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە تێوەگلابن”.

.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە دەزگای هەواڵگری تورکیا “میت” لە ساڵی 2014  هەموو ئەو تۆمەتانه‌ی ڕەتکرده‌وە، ئەوەش پاش ئەوەی کە بەڵگەنامەیەک دەرباره‌ی فەرمانی کوشتنی ئەو سێ ژنە بڵاوكرایه‌وه‌ کە نووسراوه‌كه‌ لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە دەرکرابوو بۆ  کەسێک بەناوی “محەمەد گۆنای” بۆ ئەوەی پڕۆسەی کوشتنی ئەو سێ ژنە ئەنجام بدات.

.

پۆلیسی فەڕەنسا لەساڵی 2014، محەمەد گۆنای، وەک تاکە گومانلێکراوی ئەو  دۆسیەیه‌ دەستگیرکرد، بەڵام ناوبراو پێش ئەوەی بچێتە بەردەم دادگا. لە ساڵی 2016 لە ڕوداوێکی تەمومژاویدا لە زیندان گیانی لەدەستدا، ئەمه‌ زیاتر گومانەکانی بەلای دەزگای میتی تورکیادا برد.

.

پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و تورکیا، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا  گرژییەکی زۆری تێکەوت ئەوەش بەهۆی پشتگیریکردنی فەڕەنسا بۆ دۆزی کورد و ڕەخنەگرتنی لە دۆخی ئازادییەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل