Shadow Shadow

ڕستەیەكی ئەنفالكراو لەیادی ئەنفالدا

14:44 یه‌ك شه‌ممه‌ 14 نیسان 2019
article image

ئەنفال پڕۆسەیەكی بەردەوام بووە دژی كورد، بەڵام لە ژێر ناوی جیا جیا، تاوێ لەژێر ناوی بڵاوكردنەوەی ئاین و دەمێكی ترلە ژێر ناوی راگوێزان و بە شارستانی كردن و، جارێكی تر لە ژێر چەتری تەبعیس و تەعریب و تەتریك و تەفریسدا. بۆیە ئەگەر بەخیرایی چاوێك بە مێژووی كورد بخشێنین، دەبینین پڕۆسەیەك هەیە لە هەموو قۆناغەكان و لەژێر پەردەی جیاوازدا خۆی نوێ دەكاتەوە، ئەویش پڕۆسەی قڕكردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەكە، داڕمان و خاپووركردنی كەلتوورو كەسایەتی و رابردو و ئایندەی هەزاران مرۆڤە، كە پێیان دەگوتریت كورد. 
.
سەرباری گۆڕانكاری لەقۆناغەكانی مێژوو، سەرباری ئەو پەرەسەندنانەی مرۆڤ بە خۆیەوە بینیویە، سەرباری چاخەكانی كشتوكاڵ و ئاسن و تەكنەلۆژیا و ئەلیكترۆنی، ئەو ئاوەزو بیركردنەوەی كاری لەسەر سڕینەوەی ئەو نەتەوەیە ستەمدیدەیە كردووە، تۆزقاڵێك گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، درێژكراوەی ئەمەش ئەنفالی بەعس بوو لە كۆتایی دەیەكی هەشتەمی سەدەی بیستەم. 
.
رژێمی بەعس، كە رەنگدایەوەیەكی تەندروست و راشكاوانەی كەلتوورو بیركردنەوەی عەرەبی و شۆفینیزمی ئاوێتەكراوی ئاینی- ناسیونالیستی عەرەبی بوو، لە ژێر ناوی ئەنفال، بە پشت بەستن بە ئاین و گەڕانەوە بۆ دەقەكانی قورئان، میللەتی كوردی موسڵمانیان كردە ئامانج، بە پلانیكی تۆكمە، بە شێوەیەكی هۆڤیانە‌، كەوتنە وێران كردنی گوندەكانی كوردستان و كوشتنی مناڵانی كوردو بەتاڵانبردنی ئابوری كوردو بە سەبایەكردنی كچ و ئافرەتی كوردو فرۆشتنەوەیان لە بازاڕی مرۆڤ فرۆشی دەوڵەتە دواكەوتووەكانی ناوچەكە، كە هەڵگری هەمان كەلتووری ئەنفال و سەبایاو كەنیزەك و كۆیلەكردن بوون! 
.
ئەم ئەنفالە نوێیە بەگوێرەی جوگرافیای كوردستان، دابەشكرا بۆ هەشت قۆناغ، كە لە سنورەكانی دۆڵی جافایەتیەوە لە 23\2\1988دەستیپێكردو لە ناوچەی بادینان بە كۆتا هات، لەو ئەنفالەدا تۆپ و تانك و مەتریالیۆزو چەكی قورس و سووك چەكی كیمیاوی جێگەی شمشێرەكانی گرتەوە، بەڵام ئەنجام هەمان ئەنجام بوو!، لە ماوەیەكی كەمدا، 182هەزار مرۆڤی كوردیان لەو ناوچانەی، كە پێی دەگوترا ناوچە قەدەغە كراوەكان، لەناوبرد و لە بیابان و گۆڕە بەكۆمەڵەكان تووڕیان هەڵداو دیزە بە دەرخونەیانكرد. 
.
جێگای داخە ئەنفال هەر لەسەر دەستی دوژمنانی كورد نەوەستا، تەنیا چوار ساڵ دوای ئەنفالی بەعس، لەسەردەمی حكومەتی بەناو كوردیدا، ئەنفالی نۆ دەستپێكرد، كە تەواوكەری هەشت قۆناغەكانی پێشووتر بوو، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناوی برا كوژی! ئەو جاش و مەفرەزە خاسانەی ئەنفالیان بۆ بەعس ئەنجامدا، جلی پارتی و یەكێتیان لەبەركردو كەوتنە وێزەی كوردەكانی باكور، دواتر روویان لەیەكتر كرد، لە ئەنفای نۆدا هەمان پڕۆسەی ئەنفالەكانی ترو هەمان شیواز، لە تاڵانكردن و زیندە بەچاڵكردن و ئەتككردنی مرۆڤ، بە دەستی هەمان جاش و كوردكوژەكانەوەو لە ژێر پەردەی ئەو دوو حیزبە ئەنجامدرا، بۆیە پێویستە كە باس لە ئەنفال دەكرێت، قۆناغی نۆیەمی ئەنفال، وەك لە نوسینیكی پێشووتردا ناوم ناوە، هەرگیز نابێت فەرامۆش بكرێت، كە رەنگ بیت لە هەموو قۆناغەكانی تر قێزەون تربێت، چونكە ئەمجارەیان لە ژێر ناوی كوردایەتیەوە ئەنجامدراوە، دوا قۆناغیش، قۆناغی ئەنفالی دەیە، كه تا ئێستا بەردەوامەوە لە كاتی ئێستادا لەناوی دەژین!‌ 
.
هەموو حیزبەكانی باشووری كوردستان، بەوانەی پێیان دەگوترێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، دژی تێكڕای میللەتی كورد لە باشوور ئەنجامی دەدەن، ئەویش ئەنفالی بەهاكان و ئەنفالی زانست وئەنفال وشەو رستەو زمانی كوردی، ئەنفالی قوتی خەڵك و ئەنفالی برسیكردن و ئەنفالی دزینی نەوت و سەرو سامانی كوردستان و ئەنفالی ریزی تاكی كوردوسووككردنی بەرامبەر دوژمنەكانی و ئەنفالی لێدانی كەسایەتی و چرووكردنی تاكی كورد، ئەنفالی……، ئەنفالی…. هتد، بۆیە كاتیك یادی ئەنفال دەكەین، وا باشترە یادی هەر دە قۆناغی ئەنفال بەیەكەوە بكەینەوە، نەك بە تەنیا ئەنفالەكانی بەعس و ئەوانی پێش بەعس و ئەوانەی لەتەك بەعس!، ئەگەر خویندنەوە بۆ كۆی ئەو دە ئەنفالە بەیەكەوە نەكەین، هەرگیز ناتوانین لەمێژوو تێبگەین و هەمدیس وەك سەتان ساڵ بەر لە ئێستا، مێژوو فریودەدەین و لە دواجاریشدا مێژوو فریومان دەدات!
.

كامەران مەنتك

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل