fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

درێژخایەنى و کورتمەودایى خۆپیشاندانەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا (تایبەت)

14:56 سێ شه‌ممه‌ 18 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

بەراورد بەخۆپیشاندانەکانی شارەکانی عێراق، خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە شارو ناوچە جیاجیاکان سەریانهەڵدا، تەمەنیان کورت بوو زۆر زووش پوکاونەتەوە، بەڵام نزیکەی پێنج مانگە، ناڕەزایەتییەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی باشوری ئەو وڵاتە بەردەوامن، سەرەڕاى زیادبوونى قوربانییەکان لەریزى خۆپیشاندەراندا.

.

خۆپیشاندانەکانى عێراق و هەرێم خاڵى لەیەکچوو، جیاوازیان زۆرە، لەرووى داواکارى و ئامانجەوە هەموویان دژى گەندەڵى بوون بۆ داواکردنى چاکسازیی و خزمەتگوزاریی بوون، بەڵام ئەوەى عێراق درێژمەودا و ئەوەى هەرێمیش کورتمەودا بوون.

.

خۆپیشاندانەکانى عێراق

درێژخایەنى و کورتمەودایى خۆپیشاندانەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا (تایبەت)

خۆپیشاندانەکانى عێراق کە لە ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوودا سەریانهەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامن، بەگەورەترین دادەنرێن لەدواى ڕوخانى ڕژێمى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003، کە بەهۆیانەوە تا ئێستا 550 کەس کوژراون و هەزارانى دیکەش برینداربوون.

.

خۆپیشاندەران داواى بنەبڕکردنى گەندەڵى و ئەنجامدانى چاکسازى و هەلیکار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دژى چینى سیاسی ئێستا وەستاونەتەوە و سەرجەمیان ڕەتدەکەنەوە و داواى قۆناغێکى نوێ دەکەن کە مافەکانیان تێیدا پارێزراوبێت.

.

لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر چالاکانى مەدەنى و سەندیکاکان رۆڵیان هەیە، ئەو حزبانەشى کە هەوڵیاندا سوارى شەپۆلى خۆپیشاندانەکان بن نەیانتوانى ئەمانجەکانیان بپێکن، بۆیە لە هەوڵى سەرکوتکردنى خۆپیشاندەرانیش شکستیان هێنا، کە دیاترین نمونەیان ڕەوتى سەدرە بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدر.

.

 هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان و چەند لایەنێکی سیاسی لە هەوڵی ئەوەدان، ئەو شۆڕشە جەماوەرییە بە هەر نرخێک بێت لە بار بەرن، بەڵام خۆپیشاندەران و چالاکوانی نێو ئاپۆڕایی خۆپیشاندانەکان سورن لە سەر بەردەوامبوون لەو ڕەوتەی کە گرتوویانەتەبەر، پێشیانوایە ئەگەر گڕوتینی خۆپیشاندانەکان کزبێتەوە، گیانی” شۆڕش” لە ناخ وبیری جەماوەردا کاڵ نابێتەوە و لە ئێستاشدا شۆرش بووەتە بەشێک لە ڕۆشنبیری تاکی عێراقی.

.

حوسام ئەلکەعبی، کە یەکێکە لە چالاکوانی نێو خۆپیشاندانەکانی شاری نەجەف، بە ناس کوردی ڕاگەیاند “لەئێستادا هەموو تاکێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی عێراق، تەنها بۆ یەک دروشم و یەک پرس تێدەکۆشن ئەوەش عێراقە، بۆیە لەئێستادا ڕۆشنبیری و گیانی شۆرش لە  ناودڵ و دەروونی هەمووعێراقییەکدا چەسپاوە و تەشەنەی سەندووە”.

.

وتیشی “لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان، ژمارەیەک لایەنی سیاسی خاوەن ئەزموون و دەسەڵاتی سیاسی لە هەوڵی ئەوەدابوون خۆپیشاندانەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان  بقۆزنەوە و سواری شەپۆلەکە ببن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە هیچ بایەخێکیان پێنەدرا، بۆیە هەرزوو ئەو حزبانە پەراوێزخران نەبوونە جێگای متمانەی ئاپۆڕایی خۆپیشاندانەکان”.

درێژخایەنى و کورتمەودایى خۆپیشاندانەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا (تایبەت)

خۆپیشاندانەکانى شارەکانى عێراق لەکەسانى جیاجیا و بیروڕا جیاواز پێکهاتوون، بەبێ زاڵبوونى هیچ ئایدۆلۆژیا یان ئاڕاستەیەکى سیاسی دیاریکراو، بەڵکو ئەوەى دەبینرێت زیاتر لە خواستى گشتى خەڵکدا خۆى دەبینێتەوە کە ئەنجامدانى چاکسازیی و باشکردنى دۆخى گوزەرانى هاوڵاتییانى عێراقە.

  .

کەعبی وتى “عێراقییەکان لە گوڕەپانی خۆپیشاندانەکان، نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەری هیچ بیرێکی سیاسی، هەموو ڕەنگەکانی کۆمەڵگای عێراقی لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارن، تەنها یەک بیر و یەک ئایدیا ئەوانی کۆکردووەتەوە ئەوەش خۆشەویستی عێراقە بەبێ گوێدان بە ڕەنگ و ئاوازی جیاواز”.

.

بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و ئەنجامدانى چالاکییە جۆراوجۆرەکان وەک هەر کارێکى تر پێویستى بە هاوکارى مادییە، کە بەوتەى چالاکوانانى خۆپیشاندانەکان لەلایەن سێ لایەنەوە دابیندەکرێت بەڵام هیچ کاریگەرى لەسەر ڕەوتى خۆپیشاندانەکان نەبووە.

.

چالاکوانەکەی نەجەف، وتی “هیچ لایەنێکی دەرەکی ڕۆڵی نەگێڕاوە لە پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەران نە لە ڕووی لۆجستی نە لە ڕووی مادییەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە هەموو گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، سێ لایەن ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەران لە ڕووی مادییەوە ئەوەش لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خۆپیشاندەران لە ( خێوەت، ئازووقە و کەلوپەلی تەندروستی) ئەو سێی لایەنەش بریتین  لەخۆپیشاندەران خۆیان، ڕەوتی سەدرلە عێراق و مەرجەعییەتی باڵای نەجەف”.

درێژخایەنى و کورتمەودایى خۆپیشاندانەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا (تایبەت)

لەدواى بەردەوام بوونى خۆپیشاندانەکانەوە عێراق کەوتووەتەوە سەردەمێکى نوێوە، بەتایبەت کە لەژێر فشارى خۆپیشاندەراندا عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیران دەستى لەکارکێشایەوە و دواى چەند مانگێک محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ شوێنگرتنەوەى دیاریکرا، هەرچەندە ئەویش خواستى خۆپیشاندەرانى لەسەر نییە.

.

 ئەحمەد خزر شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی و یەکێک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بە ناس کوردی وت “خۆپیشاندەران دوای ئەو هەمووقوربانیانە چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد کەسێکی وەک عەلاوی ڕاسپێدرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، چونکە عەلاوی خۆی بەشێکە لەو پڕۆسە سیاسییە شکستخواردووەی کە ماوەی 17 ساڵە فەرمانڕەوایی عێراق دەکات، بۆیە خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت”.

.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێیوایە، زۆربەی سەرکردەکانی شیعە پێشتر زۆر هەوڵیانداوە کۆمەڵگای عێراق “گەوج” بکەن و لەو ڕێگەیەوە بگەن بە ئامانجە تاکە کەسییەکانیان، “بەڵام ئێستا نەوەیەک دروست بووە و تێدەگات، بەجۆرێک دابڕانێکی گەورە لەنێوان ئەو نەوەیە و سەرکردەکانی شیعە دروست بووە، کە چیتر گوێیان لێ ناگرن، ئەو نەوەیە بۆی  دەرکەوتووە، کە ئەو سەرکردانە نوێنەری ئەوان نین و چیتر ناتوانن لە ڕێگەی مەوکبی حوسەینییە و مەزهەبی شیعەگەراییەوە دەستەمۆیان بکەن”.

.

 خزر، ڕوونیکردەوە “هەندێ لایەنی سیاسی بە مەبەستی لەکەدارکردنی خۆپیشاندانەکان، خۆپیشاندەرانیان تۆمەتبارکرد بە جێبەجێکاری ئەجندای دەرکی بەوپێیەی ئەگەر دەستی دەرکی نەبێت خۆپیشاندانەکان بەوشێوەیە بەردەوام نابێت، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە،  تەنها بۆ گوجاندنی خەڵکە، چونکە تەنها هۆکار بۆ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان کۆمەڵانی خەڵکی عێراقە “.

.

 چالاکوانەکەی گۆرەپانی تەحریری شاری بەغدا، ئاماژەى بەوەکرد “کۆمەڵانی خەڵک و سەندیکا پیشەییەکان وەک سەندیکای پارێزەران، ئەندازیاران وحەوزەی زانستی نەجەف، لە سەرەتای دەسپێکی خۆپیشاندانەکانەوەو ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لە پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندانەکان بە تایبەتی لە ڕووی ماددیی و ئابورییەوە”.

.

خۆپیشاندانەکانى هەرێم

درێژخایەنى و کورتمەودایى خۆپیشاندانەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا (تایبەت)

خۆپیشاندانەکانى عێراق لەدژى گەندەڵى و بێکارى سەریانهەڵدا، لە وڵاتێکى دەوڵەمەند بە نەوتدا کە نزیکەى 20%ى دانیشتوانەکەى لەژێر هێڵى هەژاریدا دەژین، دواى ساڵانێکى زۆر لەشەڕ و ئاڵۆزى، ڕەوشەکە لە هەرێمیش تاڕادەیەک نزیکە لەیەکەوە، گەندەڵى دام و دەزگاکانى گرتووەتەوە و بەپێی ئامارەکاى وەزارەتى پلاندانان رێژەى هەژارى نزیکە عێراقەوە.

.

دژى گەندەڵى و بێکارى دەیان جار هاوڵاتیانى هەرێم رژاونەتە سەر شەقام، بەڵام خۆپیشاندانەکان بەردەوام نەبوون و پاش ماوەیەک کۆتاییان هاتووە، بە پێچەوانەى خۆپیشاندانەکەى عێراقەوە کە بەهۆى بەردەوامییەوە قۆناغ بە قۆناغ لە ئامانجەکانیان نزیکبوونەتەوە.

.

دیارترین خۆپیشاندانەکانى هەرێم خۆپیشاندانەکانى 17ى شوباتى ساڵى 2011 و خۆپیشاندانەکانى مانگى 12ى ساڵى 2017 بوون، کە توندوتیژى زۆریان لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 17 کەس کوژران و سەدانى دیکەش برینداربوون.

.

خۆپیشاندانەکانى 17ى شوبات کە لە سلێمانییەوە سەریهەڵدا و بەشێکى زۆرى ناوچە جیاجیاکانى گرتەوە ماوەى 62 ڕۆژ بەردەوام بوون و درێژترین ماوەى خۆپیشاندان بوو لەهەرێمى کوردستان، بەڵام دواتر کۆتایی پێهێنرا.

.

هەرچەندە خۆپیشاندانەکانى 17ى شوبات لەسەرەتاوە خۆپیشاندانى خەڵک بوو، بەڵام هەرزوو لەلایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئەوکاتەوە خاوەندارى کرا، ئەوەش بە هۆکارێکى بەردەوام نەبوونى دادەنرێت، سەرەڕاى چەندین فاکتەرى دیکەى وەکو نەبوونى رێکخستنێکى تۆکمە و بەردەوامیدانى لەرووى لۆجیستییەوە.

.

 فاروق ڕەفیق، نووسەرو ڕۆشنبیرو چالاکوانى دیارى خۆپیشاندانەکانی 17ى شوبات لەوباریەوە بە ناس کوردی وت “ئەو حیزبە سیاسییانەی کە بەشداری خۆپیشاندانەکانی 17ى شوباتیان کرد هەرلە سەرەتاوە بابەتەکەیان بەهەند وەرنەگرتبوو، بۆیە دەیانویست خۆپیشاندانەکە لە پێناو بەرژەوندییەکانی خۆیان بقۆزنەوە وبەلاڕیدا بیبین، تێکەڵبوونی حیزبە بە ناو ئۆپۆزسیۆنەکان بە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی نەرێنی بوو بۆشکستی خۆپیشاندانەکان.”

.

وتیشی “هەموو خۆپیشاندانێک پێویستی بەوە هەیە لەلایەن کەسانێکەوە لە ڕووی مادییەوە داکۆکی لێبکرێت، بەڵام دەتوانم بڵێم لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ى شوباتدا هیچ هێزیکی سیاسی بەناو ئۆپۆزسیۆن کە بەشداربووی خۆپیشاندانەکان بوون  جگەلە بزوتنەوەی گۆڕان نەیانتوانیوە تەنها خێوەتێکیش دابین بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵی ئەوەی داوە سەودا بە خۆپیشاندانەکانەوە بکات بۆ ئەوەی دەستکەوتی حیزبی بەدەستبهێنێت”.

درێژخایەنى و کورتمەودایى خۆپیشاندانەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا (تایبەت)

خۆپیشاندانەکانى هەرێم بۆ دەیان داواکارى جیاجیا ئەنجامدران لەوانە چاکسازیی و دژایەتى گەندەڵى و هەلى کار و دامەزراندن، تا کار گەیشتە ئەوەى خۆپیشاندانەکانى 17ى شوبات دروشمەکانى بگۆرێت بۆ رۆیشتنى دەسەڵاتدارانى ئەوکات، بەڵام پێش ئەوەى ئەو ئامانجە بەدیبێت خۆپیشاندانەکان دامرکانەوە.

.

فاروق ڕەفیق پێیوایە، ناڕۆشنبیری و نەبوونی ئیرادە لەلای نەوەی ئێستا هۆکارێکی دیکەی ترە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی نەبێت، “نەوەی ئێستا بەهیچ شێوەیەک ئیرادەی ژیانی نییە ئەم نەوەیە دەیەوێت کەسی ترخەبانی بۆبکات وئاواتەکانی بەدی بهێنێت، بەداخەوە نەوەیەکی مشە خۆرە، ئەوەش بەرهەمی ئەو دەسەڵاتەیە کە ماوەی 27 ساڵە فەرمانەڕەوای هەرێمی کوردستان دەکات “.

.

وتیشى “بەشدارینەکردنی ڕۆشنبیران بە شێوەیەکی کارا لە خۆپیشاندانەکان هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان گڕوتینی تێدا نەبێت زوو کۆتایان پێبێت، دەسەڵات بەپارە ویژدانی بەشێک لە ڕۆشنبیرانی کوردی کڕیوە و بەپلەی جیاجیا خانەنشینی کردوون، زۆربەیان لە ئێستادا بن دیوارن”.

.

 لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەشدا، فاروق رەفیق باسى لەوەکرد، دەستی دەرکی ڕۆڵی باڵای هەبووە لە کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی خۆپیشاندانەکانی 17ى شوبات، چونکە ئێران وئەمریکا پشتگیریان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل