fbpx
Shadow Shadow

پشکی هەرێم ئامادەکردنى بودجەى عێراق دوادەخات

دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا “دواخراوە”

21:02 سێ شه‌ممه‌ 08 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان دواخراوە، کە بریاربوو هەفتەى ڕابردوو بەسەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا دەستپێبکاتەوە، ئەندامێکی لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت بەهۆی ڕێکنەکەوتن لەسەر پشکی کورد ڕەشنوسی بودجە تائێستا ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران نەکراوە.

.

بڕیاربوو هەفتەى ڕابردوو بەسەردانیکردنى شاندى هەرێم بۆ بەغدا دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا دەستپێبکاتەوە بۆ چارەسەرى کیشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و ڕێککەوتن لەسەر پشکى کورد لە بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق، بەڵام بۆ کاتێکى نادیار دواخراوە.

.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند “بڕیاربوو شاندی هەرێم بۆ دانوستان لە سەر بودجە و کێشە هەڵپەسێردراوەکان نێوان هەولێر و بەغدا  هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدایان بکردایە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ئەو سەردانە دواکەوتووە”.

.

وتیشی “تائێستا دیارنییە کەی شاندەکەی هەرێم دەچێتە بەغدا، کە کاری سەرەکی بۆ دانوستانە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق، شاندەکەش پێکدێت لە ژمارەیەک وەزیری پەیوەندیدار بە پرسەکەوە لە حکومەتی هەرێم”.

.

دواکەوتنى سەردانى شاندەکە لەکاتێکدایە، کەمتر لەمانگێک ماوە بۆ پێشکەشکردنى ڕەشنوسى بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بە ئەنجومەنى وەزیران، کە تا ئێستا دیارنییە پشکى کورد لەو ڕەشنوسە بە ڕێژەیەک دیارى دەکرێت.

.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردی ڕاگەیاند “لەئێستادا ڕەشنووسی بودجەی گشتی لە وەزارەتی دارایی عێراقە و تائێستا ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران نەکراوە، ئەوەش بەهۆی ڕێکنەکەوتنەوەیە لە سەر پشکی هەرێمی کوردستان”.

.

وتیشی “بەهۆی نەبوونی پێوەرێکی باوەرپێکراوەوە وەک سەرژمێریی، هەموو ساڵێک ئەو کێشەیە دووچاری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێتەوە”.

.

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە هەوڵی زیادکردنی پشکی هەرێمن، چونکە ئەو پشکەی کە لە سەردەمی حەیدر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەپێندرا بەسەر هەرێمدا کە 12.67  بە هیچ شێوەیەک داد پەروەری تێدا نییە.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، ئەو کۆمەڵە چاکسازییانەی کە حکومەتی عێراقی بڕیاری لە سەرداوە لە ئاکامی ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووە، بە هیچ شێوەیەک کاریگەری ناکاتە سەرپشکی هەرێم.

.

“ئەگەر تا15ى تشرینی یەکەم بودجەی گشتی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکرێت، حکومەتی عێراق تەنها بودجەی تەشغیلی ڕەوانەی هەرێم دەکات، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەوشی پڕۆژەکان و کەرتی خزمەتگوزاریی لە هەرێمی کوردستان” جەمال کوچەر وایوت.

.

ماوەی چەند مانگێکە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی چەند گەرێکی دانووستانیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا دانوستانەکان نەگەیشتوون بە ئەنجام.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل