fbpx
Shadow Shadow

دۆسێی كەركوك دەجووڵێ؟

11:41 چوار شه‌ممه‌ 24 ته‌موز 2019
article image

ناس بیروڕا – ستران عەبدوڵا

.

تا نیوەی ئەم هەفتەیە هەواڵەكان لەسەر دۆسێی كەركوك ئیحای ئەوە دەدەن كە لایەنەكانی ئەو دۆسێ موزمینە گەرەكیانە شتێك بجووڵێنن كە خەسڵەتی چۆنایەتی هەبێت.
ئەم گوزارشتانەی لێرە بەكاردێت دڵنیاكەرەوە نین و بۆنی ئاگاهییان لێدێت. هەم لەبەرئەوەی ئاگاهییەكی رەشبینانە باشترە لە مژدەی خۆش، هەمیش بۆ ئەوەی هەوڵەكانی هەن، نەبن بە چاوەوە. بە شێنەیی و پتەوی جێی خۆیان بگرن.

.
*یونامی بە ئاگادارییەوە لەگەڵ پێكهاتەكان كۆدەبێتەوە تا گەڵاڵەی پڕۆژەیەك هەبێت بۆ لێكتێگەیشتن. بنچینەی ئەم كۆبوونەوانەی یونامی ئەوەیە دۆخی كەركوك بەمجۆرە ئینتقالی و راڕاییەوە تا سەر ناڕوات. راڕاییەكە هی ئەوەی ئیدارەی شارەكە بە پارێزگار و دەستڕۆیشتووە سەربازیی و ئەمنییەكانەوە لەگەڵ ئیرادەی خەڵكەكەی ناگونجێت. ئەمەش ئەگەر جاران بۆ تەعریبـی زەمانی سەدام دەیخوارد، بەڵام لە عیراقی دیموكراسی ئینتیقالیدا كە بزاوت و دیمەنی سیاسەتێكی چالاك هەیە لە بەغدا ‌و لەولاشەوە مت بوون لە كەركوك هەیە، تا سەر نایخوات. پێكهاتەكانی غەیرە كورد دەزانن شتێك ئێستا لە كەركوك هەیە تەبیعی و رەسەن و رەوا نییە. تەنانەت ئەگەر بەشێك لە داوای پێكهاتەكانی تریش رەوا بێت، بەڵام ئەمە نابێ یەكسان بێت بە ناڕەوایی بەرامبەر كورد و رۆڵی كورد لە شارەكەدا. ناوبژیوانی یونامی بۆ دۆزینەوەی رێگای ناوەڕاستی نێوان رەوایی رۆڵی كورد لەو شارە كوردستانییەی ماددەی دەستووری بۆ هەیە و رەوایی نیگەرانی پێكهاتەكانی ترە.

.
*یەكێتی و پارتی هاوشانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گەرەكیانە رەوشی كەركوك بە پارێزگاریشەوە ئاسایی بكەنەوە. گەرەكیانە بە ئاگاییەوە لێك نزیكببنەوە تا دیدی هاوبەشی كورد وابێت كە درز نەخاتە گفتوگۆیان لەگەڵ پێكهاتەكاندا ئەم دوو جووڵەیە لە بەغدا و لە كوردستان كاتییە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 1/4/2020، بەڵام مەعلومە كاتی لە ساتە وەختە هەستیارەكاندا دەتوانێت ئەدگاری قۆناغی داهاتووش بنەخشێنێ.

.
*دانانی پارێزگاری كورد و خیتابی هاوبەشی كورد لەگەڵ پێكهاتەكاندا رێ بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش خۆش دەكات. ئەمە هەر لە قازانجی كورد نییە وەك ئەوانی تر تێیگەیشتوون، بەڵكو لە قازانجی پێكهاتەكانی كەركوك و سیاسەتی عیراقیشە كە دوو ساڵە خنەخنێتی و نەیتوانیووە دیمەنی كەركوكێكی ترمان نیشان بدات.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل