fbpx
Shadow Shadow

نەوەی نوێ و دادگا چی دەڵێن لەسەر دۆسیەکە؟

دۆسیەکەی شادی نەوزاد بەکوێ گەیشت؟ [تایبەت]

17:27 شه‌ممه‌ 28 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد –

نزیکەى پێنج مانگ تێدەپەڕێت بەسەر تۆمارکردنى سکاڵاکەى شادى نەوزاد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەفراکسیۆنى نەوەى نوێ کە لە سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ تۆمارى کرد و هێشتا دۆسیەکە رادەستى دادگاى سلێمانى نەکراوە و بەرپرسانی نەوەی نوێش دەڵێن “دۆسیەکە کۆتایی هاتوە و داخراوە”.

.

150 رۆژ لەمەوبەر شادى نەوزاد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە میانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لەناو باڵەخانەى پەرلەمانى کوردستان بەدەم بەرزکردنەوەى مۆبایلەکەیەوە رایگەیاند “لەچەند ڕۆژی رابردودا لەلایەن “باندەکەی شاسوار عەبدولواحید”ەوە هەڕەشەی توند و شەخسیم لێکراوە و ئەگەر بێتو بێدەنگ نەبم ڤیدیۆ و وێنەی دەستکاریکراوی نەشیاوم بڵاو دەکەنەوە” و رۆژێک لەدواى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشى لە دادگا سکاڵاى لەسەر سەرۆکى جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار کرد.

.

حاکم عومەر ئەحمەد، وتەبێژی دادگای سلێمانی بە ناس کوردى ڕاگەیاند “تا ئێستا دۆسیەی شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ نەهاتووەتە دادگای سلێمانی، بەڵکو بەهۆی ئەوەی چەند دۆسیەیەکی دیکەش لەسەر هەمان ئەو کەیسەی شادی نەوزاد سکاڵای لەسەر هەبووە هێشتا لە دادگای تایبەتمەندی ئاسایشە”.

.

وتیشى”ژمارەی دۆسیەکانی سکاڵا لێکراو زۆرن و  ژمارەیەک کەسی دیکەش سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە تا ئێستاش ئەو دۆسیانە بە بەردەوامی لە لێکۆڵینەوەدان و ‌هێشتا هیچی یەکلایی نەبووەتەوە و دواکەوتووە”.

.

دەربارەی هۆکاری دواکەوتنی حاکم عومەر باسی لەوە کرد “هەندێک جار دەبێت کەسێک وەکو شایەت یان ئاگادار لەو دۆسیانە بچێتە بەردەم دادگا و قسە بکات بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار نییە و داواکراو نییە زۆر جار درەنگ دەچێتە بەردەم دادگا ئەوەش ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان دوادەخات”.

دۆسیەکەی شادی نەوزاد بەکوێ گەیشت؟ [تایبەت]

.

وتەبێژی دادگای سلێمانی بۆ ناس کوردى روونکردەوە لەو دۆسیەدا لەلایەن هەردوو لاوە دەستێوەردان کراوە و هەوڵدراوە بۆ داخستنى کەیسەکە.

.

ناس کورد پەیوەندی کرد بە چوار بەرپرسی باڵای نەوەی نوێوە بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر دۆسیەکە لێدوان بدەن.

.

بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ بە مەرجى ناونەهێنانى بە ناس کوردی وت  “ئێوە باسی کام دۆسیە دەکەن، ئەو دۆسیەیە هەر لەکاتی خۆیەوە کۆتایی هاتوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تازە نییە لەسەر دۆسیەکە”.

.

سکاڵاکارى دۆسیەکە، ئاماژە بەوە دەکات ماوەیەکى زۆرە چاوەڕوانى دادگا دەکات بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکى وەرنەگرتووە و هیچ لایەنێکیش نە ئاسایش و نە دادگا پەیوەندییان پێوە نەکردووە.

.

شادی نەوزاد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ بە ناس کوردى راگەیاند “ڕێکارەکان زۆر بە سستی بەڕێوە دەچن، ئێمە هەموو بەڵگەکانمان ڕادەستی دادگا کردووە و ئەوان دەتوانن لێکۆڵینەوەى تەواو بکەن”.

.

شادى نەوزاد دانى بەوەدا نەنا کە دەستێوەردان لە دۆسیەکەدا دەکرێت و وتى “ئەگەر دەستێوەردان هەبێت جارێکی تر ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە دادگاکان سەروەرییان پارێزراو نییە و ناتوانن بەشێوەیەکی یاسایی کارەکانیان ئەنجام بدەن”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل