fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى: نەرمى نواندن و چاوپۆشى قبوڵناکرێت

دۆسیەى کچەکەى هەولێر لەنێوان داخستن و بەردەوامیدا

17:43 هه‌ینی 21 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

دواى 10 مانگ تێپەربوون بەسەریدا، دۆسیەى دەستدرێژیکردنە سەر کچەکە تەمەن حەوت ساڵاکەى هەولێر بەناڕوونى ماوەتەوە و چارەنوسى نادیارە، بەوتەى پۆلیس کەیسەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام وتەبێژى قوباد تاڵەبانى دەلێت کەسێک دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکى دیکەدا بەردەوامە.

.

ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو دۆسیەى ئەو کچە کە لەنیسانى 2019 لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستدرێژی کرایە سەر و دواتر لە شوێنێک فرێدرا، هاتەوە بەر باس، دواى ئەوەى باوکى پۆلیسى هەولێرى تۆمەتبارکرد بەوەى تۆمەتبارانى ئازادکردووە و هەڕەشەى ئەوەشی لێکراوە کە کەیسەکەى بکشێنێتەوە.

.

باوکى کچەکە کە خۆى وەک پێشمەرگەى دێرینى یەکێتى ناساند و پێناسەکەى پیشانى ڕۆژنامەنوساندا، چوارشەممەى ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان جەختیکردەوە کە کچەکەى لەلایەن پاسەوانى کەسێکى دەستڕۆیشتووەوە دەستدرێژى کراوەتە سەر و دواى دەستگیرکردنیان ئازادکراون.

.

سەمیر هەورامی وتە‌بێژی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ هەینى لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە و لەلایەن پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە دڵنیا کراوەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر.

.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئێستا تاوانبارێک گیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکات و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ چەند گومانلێکراوێکی دیکە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە

.

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى جەختیکردووەتەوە “هیچ نەرمی نواندن و چاوپۆشیکردنێک بەرامبەر تێوەگلاوانی ئەم تاوانە قێزەونە کە لە نیسانی ساڵی ٢٠١٩دا روویداوە‌ قبوڵ ناکرێت”.

.

ڕووداوەکە لەگەڕەکى ژیانى هەولێر روویداوە، کە ئەوکات وا بڵاوکرایەوە کە چەند کەسێک بە هاوکارى زڕدایکى منداڵەکەیان رفاندووە و دواتر دەستدرێژیان کردووەتەسەر.

.

پۆلیسى هەولێر دوێنێ پێنجشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامى باوکى کچەکەى دایەوەو ڕایگەیاندبوو، هەڕەشەیان لە هیچ كەسێك نەکردووە بۆ تەنازولكردن لە داوا یاساییەكەی، ئەو پەڕاوەش (١٠)مانگ بەر لە ئێستا تۆمار کراوە و کەیسەکە كۆتایی پێھاتووەو ڕەوانەی دادگایان كردووە و ھیچ لێکۆلینەوەیەک لای پۆلیسی ھەولێر نەماوە.

.

ئاماژەى بەوەشکردبوو “هەروەها لە دەرئەنجامی ئەم داوا یاساییە  سێ كەسیان دەستگیر كردووە و ڕووبەڕوووی یاسایان كردوونەتەوە، ئەگەر هەر پۆلیس یان ئەفسەرێكیش، هەڕەشەی تەنازولكردنی لە هەر داوایەكی یاسایی لە هەر دادخوازێك بكات، ئەوا مافی خۆیەتی داوای یاسایی لەسەر ئەو پۆلیسە یان ئەو ئەفسەرە تۆمار بكات، بەڵام بە بەڵگەوە بێت.

.

لەدواى ئاشکرابوونى ڕووداوى دەستدرێژیکردنە سەر ئەو کچە، لەلایەن پۆلیسەوە پێنج کەس وەکو داواکراو ناسێنران و دواتر سێ کەسیان دەستگیرکران.

.

محەمەد گۆمەشینى وتەبێژى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ بە ناس کوردى ڕاگەیاند “ئەو کەسانە کەسوکارى زڕدایکى منداڵەکە بوون، کە لە دوو ژن و سێ پیاو پێکهاتبوون، بە زڕدایکى منداڵەکەشەوە، دوو کەسى دیکەش دەستگیرنەکراون لەبەر نەبوونى بەڵگە”.

.

بەوتەى گۆمەشینى، هەندێ هەڕەشە هەبووە لەلایەن کەسوکارى ئەوانەى دەستگیرکرابوون لە باوکى منداڵەکە، بۆ ئەوەى دۆسیەکە بکشێنێتەوە یان سوڵحیان لەگەڵدا بکات “دواى دەستگیرکردنى سێ کەسەکە، دۆسیەکە بێدەنگى لێکرا، باوکى کچەکە جەختى لەسەر دەستگیرکردنى دوو کەسەکەى دیکەش دەکردەوە، بەڵام لەناکاو ئێمە و وەزارەتى کار و پۆلیس، لەلایەن باوکى کچەکەوە ئاگادارکراینەوە کە هەر سێ کەسەکەى بینیوە و ئازادکراون”.

.

جەختیشیکردەوە، ئێستا ئەوەى پێویستە قسەبکات دادگایە کە بە چ ماددەیەک و چۆن ئازادکراون، چونکە راى گشتى هاتووەتە سەر خەت و خەڵک پێیوایە خەتاى پۆلیس یان حکومەتە، “خەڵک پۆلیس و حکومەت لەیەک جیاناکاتەوە، لەگەڵ وەزارەتى کار بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەى بزانن لە چاکسازییەکان کەس هەیە لەسەر ئەو دۆسیەیە لە زیندان بێت”.

.

تا ئێستا دادگاى هەولێر هیچ ڕونکردنەوەیەکى لەبارەى ئەو کەیسەوە نەداوە. هەروەها دیار نییە کەیسەکە پارێزەرى هەبووە یاخود نا، بەو پێیەى بەوتەى باوکى کچەکە، ژمارەیەک پارێزەرى خۆبەخش لەبەردەم مایکى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بەڵێنیان پێداوە کە ببنە پارێزەرى کەیسەکە، بەڵام دواتر بەڵێنەکەیان نەبردووەتە سەر.

.

لەبارەى هەڕەشەکانى سەر باوکى کچەکە، محەمەد گۆمەشینى باسى لەوەکرد، ئەمڕۆ لەگەڵ باوکى کچەکە قسەیکردووە و وتویەتى ئەم چەند ڕۆژە هەڕەشە نەبووە، بەڵام تا مانگێک لەمەوبەر بەردەوام بووە و لەلایەن چەند کەسێکەوە بەردەوام هەڕەشەى لێکراوە، کە کەسوکارى ژنەکەیەتى و نزیکى بەرپرسێکن لە پۆلیس، ئەوەى هەڕەشەى لێدەکات ئامۆزاى ژنەکەیە لەهەمانکاتدا پاسەوانى عەمیدێکى پۆلیسە “بەڵام من بە باوکى کچەکەم وت ئەو کەسە بە سیفەتى خزمى ژنەکە هەڕەشەیکردووە نەک لەبەرئەوەى پۆلیسە”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل