fbpx
Shadow Shadow

ئایا حکومەت دەکەوێت؟

دۆخى عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدا

16:10 یه‌ك شه‌ممه‌ 06 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

پڕۆسەى سیاسی عێراق لەدواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانى بەغداى پایتەخت و پارێزگاکانى دیکە لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە، کە یەکێکیان کەوتنى کابینەکەى عادل عەبدولمەهدییە، لەکاتێکدا حکومەت لەڕێگەى چەندین بڕیارەوە دەیەوێت خۆپیشاندەران ڕازى بکات.

.

ئەگەرچى بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران بەهێز بەشێوەیەکى کاتى ئەو دۆخە ئاڵۆزەى دامرکاندووەتەوە کە چەند ڕژێکە بەغدا و چەند پارێزگایەکى گرتووەتەوە، بەڵام هێشتا مەترسی سەرهەڵدانەوەى ناڕەزاییەکان نەڕەویوەتەوە، کە بەهۆیەوە نزیکەى 100 کەس کوژران و چوار هەزارى دیکەش برینداربوون.

.

کەوتنى حکومەت و دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى و هەڵبژاردنى پێشوەختە، مانەوەى حکومەت و ئەنجامدانى چاکسازیی گشتگیر و هەمەلایەنە، گۆڕانکاریی وەزارى و لابردنى چەند وەزیرێک، دیارترین ئەوسیناریۆیانەن کە لەئێستادا لەسەر گۆڕەپانى سیاسی عێراق تاوتوێ دەکرێن.

.

هه‌دار بارزانى، په‌رله‌مانتارى  فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ ناس كوردى ڕاگه‌یاند “ڕوداوه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چن به‌شێكى گرنگ له‌داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران چاره‌سه‌ر ببن و ڕوداوى نه‌خوازراوى تریش ڕوونه‌دات”.

دۆخى عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدا

ڕۆژى شەممە سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکى فراکسیۆنەکان لەگەڵ نوێنەرانى خۆپیشاندەران کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان بێ ئەنجام کۆتایی هات، دواتریش سەرۆکى پەرلەمان چەند بەڵێنێکى بە خۆپیشاندەراندا لەوانە، دەستبەرکردنى هەلى کار و دروستکردنى یەکەى نیشتەجێ بوون بۆ هەژاران.

.

په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد، پێده‌چێت به‌شێكى زۆر له‌و داواكارییانه‌ جێبه‌جێبكرێن به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌دابینكردنى خزمه‌تگوزاریى و دامه‌زراندن و هه‌لى كاره‌وه‌ هه‌یه‌.

.

جگە لە داواى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، خۆپیشاندەران داواى شۆڕش و دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت و گۆڕینى سیستەمى سیاسی دەکەن.

.

به‌وته‌ى هه‌دار بارزانى داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران زیاتر بۆ خزمه‌تگوزارین و داواكارییه‌ سیاسیه‌كانیشیان به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى كه‌ باس له‌متمانه‌ وه‌رگرتن له‌سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن “ئه‌سته‌مه‌ بێته‌ دى”.

.

وتیشى “جگه‌ له‌وه‌ى شیعه‌كان هیچ به‌دیلێكیان بۆ شوێنه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هه‌دى نییه‌ و كاتى خۆیشى هه‌موو كوتله‌ شیعه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكکه‌وتن ئێستا شوێنگره‌وه‌ى هه‌روا ئاسان نییه”‌.

دۆخى عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدا

دواى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان، موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە و هەڵوەشاندنەوەى حکومەتى کرد، دواتریش حەیدەر عەبادى پشتیوانى لەو داوایە کرد، بەڵام بەرپرسانى حکومەت و خودى عادل عەبدولمەهدى تا ئێستا هەڵوێستیان لەو بارەیەوە پیشان نەداوە.

.

هه‌دار بارزانى پێیوایە هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەسته‌مه‌ ڕووبدات ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كێ بڕیارى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌دات..؟ “هه‌ر ده‌بێت ئه‌م په‌رله‌مانه‌ به‌پرۆژه‌ یاسایه‌ك بڕیاره‌كه‌ بدات و ڕه‌وانه‌ى دادگاى فیدراڵى بكات بۆ ڕه‌زامه‌ندنى ئه‌وه‌ش زۆر ئاسته‌مه‌ ڕوبدات و سازانى كوتله‌كانى په‌رله‌مانى پێویسته‌”.

.

به‌بڕواى هه‌دار، ئاسته‌نگێكى ترى ئه‌و داواكارییه‌ ئه‌وه‌یه‌، زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ پاڵنه‌ره‌ زاتییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موو په‌رله‌مانتارێك به‌ده‌نگى شه‌رعى خه‌ڵك ده‌چێته‌ په‌رله‌مان و ئه‌وه‌ش زه‌حمه‌ته‌ ڕازى بێت شه‌رعیه‌ت له‌خۆى وه‌رگرێته‌وه‌.

.

لەئێستادا حکومەتى عێراق هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى لەڕێگەى زنجیرەیەک بڕیارەوە خۆپیشاندەران ڕازى بکات، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ 17 بڕیارى دەرکرد، کە تایبەتە بە بڕینەوەى موچە بۆ بێکاران و دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان و دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەى تواناى داراییان سنوردارە.

دۆخى عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدا

فازڵ جابر په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند “ناتوانم له‌ئێستادا پێشبینى ئه‌وه‌ بكه‌م دۆخه‌كه‌ به‌چى لایه‌كدا كۆتایى دێت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ هه‌یه‌، ناشمه‌وێت بچمه‌ ئه‌و ورده‌كارییه‌وه‌ به‌ڵام قسه‌ له‌سه‌ر دیوه‌كه‌ى ترى ده‌كه‌م و پێموایه‌ دۆخه‌كه‌ تێدەپەڕێت”.

.

ئاماژه‌ى بەوەشکرد، حكومه‌ت ناچاركراوه‌ پابه‌ندى داوكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران بێت و به‌په‌له‌ جێبه‌جێیان بكات، واتە ئه‌گه‌رى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌م كاتانه‌دا “ئه‌گه‌رێكى لاوازن”.

.

فاڵ جابر ڕونیشیكرده‌وه‌ “گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزراى هۆكارى سه‌ره‌كى خۆپیشاندانه‌كانن و ئێستا ئەگه‌ر بێتو حكومه‌ت فریا بكه‌وێت و چاكسازیى ئه‌نجامبدات به‌تایبه‌ت له‌زۆر سێكته‌رى ئه‌م وڵاته‌دا گه‌نده‌ڵى هه‌یه‌ و دایڕوخاندووه‌ ئه‌وا چاره‌نوسى خۆى زامنتر ده‌كات”.

.

خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانى عێراق لەکاتێکدایە، ماوەى ساڵێک بەسەر کابینەکەى عادل عەبدولمەهدیدا تێپەڕیوە و خۆپیشاندانەکان بەرفراوانترینن لەوکاتەوە کە ئەم کابینەیە دەستبەکاربووە.

 

عادل عەبدولمەهدى ئەمڕۆ لەوتەیەکدا لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، داواى لە هێزە سیاسییەکان کرد، هاوکاری بکەن بۆ ئەنجامدانى چاکسازیی یاسایی و دارایی و ئیداریی.

دۆخى عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدا

شیروان میرزا په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند “متمانه‌ وه‌رگرتن له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌‌هدى ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌، چونكه‌ شیعه‌كان كه‌سێكى تریان بۆ به‌دیلى ئه‌و نییه‌ و ناشیانه‌وێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌  له‌ده‌ستبده‌ن، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى بۆچونێك له‌شه‌قامى عێراقیدا له‌سه‌ریان دروست بووه‌ و پێیانوایه‌ شیعه‌كان ده‌وڵه‌تدارى ناكه‌ن و عێراقیشیان وێرانتر كردووه‌”.

 

وتیشى “عادل عه‌بدولمەهدى ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و بۆچوون و نیگه‌رانییه‌ له‌سه‌ر شیعه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌ ویستیان سوارى شه‌پۆلى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ببن و داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌تیان كرد به‌ڵام وه‌كو زانیارى پێمگه‌یشتووه‌ سه‌در له‌و داوكاریه‌ى پاشگه‌زبووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تى مانه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ده‌مێنیته‌وه”‌.

 

بەوتەى شیروان میرزا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ت موسته‌حیل نییه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئەگه‌ر حكومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێتەوە په‌رله‌مانیشى به‌دوادێت و ئه‌وكات هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت پێویسته‌.

 

پێشیوایە، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مان پشێوى زۆرتر له‌ئێستادا دروستده‌كات و پێشبینیه‌كان زیاتر بۆ ئه‌وه‌ن گۆڕانكاریى له‌كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدیدا بكرێت و به‌شێكى خێراى داواكارى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێبكرێت و چاكسازى به‌په‌له‌ش ئه‌نجامبدرێت.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل