fbpx
Shadow Shadow

"فێڵ لە هاووڵاتیان دەکەن"

دوو پەرلەمانتار سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای ئاسیا سیڵ و کۆڕەک تیلیکۆم تۆمار کرد

19:48 دوو شه‌ممه‌ 30 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد –

دوو پەرلەمانتاری کوردستان بەهۆی گرانی نرخی کارتی باڵانسەوە سکاڵایان لەسەر هەردوو کۆمپانیای ئاسیا سیڵ و کۆڕەک تیلیکۆم تۆمار کرد و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو دوو کۆمپانیایە “فێڵ” لە هاووڵاتیان دەکەن.

.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2019)، لەبەردەم دادگای هەولێر، هەریەکە لە هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و جەلال محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵایان لەسەر هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم  تۆمارکرد.

.

لە سکاڵاى ئەو دوو پەرلەمانتارەدا کە وێنەیەکى دەست (ناس کورد) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە :”هەردوو  کۆمپانیای ئاسیا و کۆڕەک ، هەستاون بە جۆرێک لە فێڵکردن لەگەڵ بەشداربوانی خۆیاندا ئەویش بە فڕۆشتنی باڵانسی کارتی پێنج هەزاری بە شەش هەزار و کارتی 10 هەزار دیناری بە 12 هەزار دینار، ئەوەش زەرەر و زیان لە هاوڵاتیان دەدات و هەروەها پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی عێراقە و دژی هەردوو ماددەی 456 و 453ی یاسای سزادانی عێراقە و داواکارین ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتە بەر”.

.

لەبارەی سکاڵاکەوە هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”ماوەی سی ساڵە ئەو کۆمپانیایانە هاووڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن و پارەی کارتیان بە گران لێدەسێنن و هیچ مەعقول نییە، کارتێک بەبەهای پێنج هەزار باڵانسی تێدایە و لەسەری نووسراوە پێنج هەزار بەڵام بە شەش هەزار بفڕۆشرێتە هاووڵاتیان و ئەوە کارێکی نایاساییە بۆیە سکاڵامان تۆمارکردوە تا مافی هاووڵاتیان وەربگرینەوە”.

.

وتیشى، نوێنەری هەردوو کۆمپانیای ئاسیا و کۆڕەک بانگهێشتی دادگا دەکەن و داوا دەکەن حکومەت کارێک بکات کە ئەو کۆمپانیایانە هاووڵاتیان قەرەبوو بکەنەوە.

.

پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى یەکێتى “پاساو”ى ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ گرانکردنى کارتەکانیان بەوەى لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ناچار بەو کارە کراوون، بە ناڕاست دەزانێت و دەشڵێت “ئەگەر بشزانین دادگاکانی هەرێم هیچیان پێ ناکرێت دەچینە دادگای عێراق و لەسەر سکاڵاکەمان بەردەوام دەبین”.

.

وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان هۆکارى گرانکردنى کارتى پەیوەندى ئەو دوو کۆمپانیایە بۆ بڕیارێکى حکومەتى عێراق دەگەڕێنێتەوە سەبارەت بە زیادکردنى لەسەدا 20ى باج لەسەر ئەو کۆمپانیایانەى پەیوەندیکردن و ئاماژە بەوە دەکات لەبەر ئەوە ئەو کۆمپانیایانە نرخى کارتەکانیان گران کردووە.

 

.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ناس کوردی وت “ئێمەش نیگەرانی خۆمان بە فەرمی بە نوێنەران و بەرپرسانی کۆمپانیای ئاسیا و کۆڕەک ڕاگەیاندوە داوامان لێکردوون کە ئەو نرخانە کەم بکەنەوە چونکە تەنها هاووڵاتیان و بەکاربەران باجەکەی دەدەن و کۆمپانیاکانیش ئەو باجەی لەسەریانە بە هاووڵاتیانی دەدەن”.

.

ئاشکراشى کرد، بەفەرمی داوایان کردوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2020دا دەستکاری ئەو بڕگەی باجەی سەر کۆمپانیاکان بکرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان زەرەر نەکەن.

.

پسپۆڕێکى ئابورى لەو بڕوایەدایە ئەو کۆمپانیایانەى بوارى پەیوەندیکردن هەلى خراپیان لە بڕیارى باج سەپاندنەکەى پەرلەمانى عێراق وەرگرتووە و لەجێی ئەوەی خۆیان باجەکە بدەن باجەکەیان گواستووەتەوە بۆ سەر شانی هاووڵاتی و خۆیان لە باجەکە دزیوەتەوە.

.

خالید حەیدەر، پسپۆڕی بواری ئابوری بۆ ناس کوردی روونکردەوە “دەبوو هەر ئەو کاتەی کە ئەو کۆمپانیانە نرخی کارتەکانیان گران کرد حکومەتی عێراق و هەرێم ڕێگرییان بکردایە، چونکە ئەوە باجەکە هاووڵاتیان دەیدەن و کۆمپانیاکانیش لەپێشتر زیاتر ڕێژەی قازانجیان زیاد بووە”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل