fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ئەنجومەنى خانمان: نەیسەلمێنن سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین

دوو پەرلەمانتاری گۆڕان: ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان سێ ملیۆن دیناری داوە بە بابەتی جوانکاری و سوراو

21:33 شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

دوو پەرلەمانتاری گۆڕان ئاشکرایدەکەن، لەماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 700 ملیۆن دینار بۆ ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان تەرخانکراوە و بەهەدەردانی زۆر بە پارەکەوە کراوە، بەگوێرەی بەڵگەکانیشیان 90 هەزار دینار دراوە بە سێتێک کۆکاکۆلا و سێ ملیۆن دیناریش دراوە بە بابەتی جوانکاری و سوراو.

.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ڕەتیدەکاتەوە بەهەدەردانی لەوشێوەیان هەبێت و جەختیشدەکاتەوە، ئەگەر بەڵگەکان نەسەلمێنن سکاڵا لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە تۆمار دەکەن.

.

دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەگەڵ هاوکارم ئاشنا عەبدوڵا لە بەدواداچونێکماندا بۆمان دەرکەوتووە، لە‌ ماوه‌ى ڕابردودا و به‌ پێى ڕاپۆرتى لیژنه‌ى چاودێرى دارایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران زیاتر لە 725 ملیۆن و 250 هەزار دینار دراوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان کە ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ و له‌لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت”.

.

وتیشی، بەگوێرەی نوسراوى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان پاره‌كه‌ له‌ داهاتى فرۆشتنى نه‌وت بووه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژمارى بانكى 20175، سه‌ربارى وه‌رگرتنى سلفه‌ى جۆراوجۆرى حكومه‌ت و به‌خشینه‌ ناحكومه‌یه‌كانى وه‌ك یوئێن و ڕێكخراوه‌كانى دیکە.

.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دەستیان کەوتووە، هەندێک خه‌رجیی ئەو ئەنجومەنە سەیرە، کە به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى خۆى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كڕین بووه‌، له‌یه‌كێك له‌ پسوڵه‌كاندا له‌ كۆى زیاتر له‌ یەک ملیۆن دینار، 720 هه‌زارى دراوه‌ به‌ هەشت سێت كۆكا كۆلا، واتە بۆ  هه‌ر سێتێك 90 هه‌زار كه‌وتوه‌، نزیكه‌ى سێ ملیۆن دیناریش دراوه‌ به‌ كه‌مالیات و له‌ ناویشیاندا سوراو هەبووە.

.

ئەوەشیخستەڕوو، بۆ وه‌رگێڕانى ڕاپۆرتێك، زیاتر له‌ سێ ملیۆن دینار دراوه‌ به‌ كۆمپانیایه‌ك، کە كۆمپانیاكه‌ کاری گه‌یاندن و بازرگانى گشتییه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن خۆى كارى وه‌رگێڕانى بۆ خۆیان كردوه‌ و بۆ هه‌ر لاپه‌ڕهیە‌ك نزیكه‌ى 35 دۆلارى وه‌رگرتوه‌، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسا فه‌رمانبه‌ر بۆى نیه‌ كارى فه‌رمانگه‌كه‌ى به‌ پاره‌ بكات.

.

جەختیلەوەشکردەوە، پسوڵه‌ى خه‌رجكردنى 75 ملیۆن دیناریش بێ سه‌روشوێن بووه‌ و كه‌س نه‌یزانیوه‌ چۆن هاتووه‌ و چۆن خه‌رج كراوه‌، هەروەها ئەو ئه‌نجومه‌نه‌ چه‌ندین كه‌سى هه‌یه‌ به‌ پله‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و ساڵانه‌ زیاتر له‌ 200 ملیۆن دینار موچەیانە.

.

لە بەرامبەردا، پەخشان زەنگەنە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، رەتیکردەوە هیچ شتێکی لەو جۆرە هەبێت و بە ناس کوردی وت :”ئێمە مانگانە کەمتر لە حەوت ملیۆن دینارمان بۆ خەرج دەکرێت و زۆرجار بەشی خەرجییەکانی نەکردووین، بەهیچ شێوەیەکیش ئەو پارەیەی کە باس دەکرێت، زیاترە لە 700 ملیۆن دینار وەرمان نەگرتووە”.

.

وتیشی: “ئێمە سەر بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانین و هەر گومانێک کە هەیانە با بچن لێکۆڵینەوە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، نەک ئێمە”.

.

پەخشان زەنگەنە جەختیکردەوە، ئەو دوو پەرلەمانتارە پێویستە قسەکانیان بسەلمێنن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرنەبەر و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن.

.

لە بەرامبەردا دابان محەمەد ڕوونیکردەوە: “سەرجەم بەڵگەکانمان لایە و لەبەر هەستیاری بابەتەکە بڵاوی ناکەینەوە، بەڵام هەرکات سکاڵامان لەسەر تۆمار کرا، بێگومان بۆ سەلماندنی قسەکانمان سەرجەمیان بڵاودەکەینەوە و هەموو بەڵگەکان ڕوون و ئاشکرا و باوەڕپێکراون”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل