fbpx
Shadow Shadow

دوو بەرپرسی هاتووچۆی سلێمانی: پیادەڕەوەکان لە دۆخێکی مەترسیداردان

12:39 سێ شه‌ممه‌ 06 ئاب 2019
article image

ناس کورد-
دوو بەرپرسی هاتووچۆی سلێمانی هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی قوربانیانی پیادەڕەو لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا و ئاماژە بەوە دەکەن، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لەکۆی 293 کەس کە بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە 91 کەسیان پیادەڕەو بوون.

.

بەختیار محەمەد و كاروان محەمەد، هەردوو ئەفسەری هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، لە نوسینێكی هاوبەشیاندا ڕایانگەیاند، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ئێمە دەبنە قوربانی رووداوەكانی هاتووچۆ ژمارەیەكی زۆر بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن، هەمیشە پلەی یەك لە قوربانی ڕووداوەكان سەرنشینەكانن و پلەی دوو پیادەكانن و دواتر شۆفێرانن، کە ڕێژەی قوربانی پیادەڕەوەکان، ڕێژەیەکی مەترسیدارە.

.

بەگوێرەی ئامارێک کە ئەو دوو ئەفسەرە بڵاویانکردووەتەوە، لەساڵی 2018 لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی 218 هاوڵاتی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە كە لەو ژمارەیە 153 کەسیان سەرنشین بوون و 67 کەسیشیان پیادەڕەو بوون و تەنها چوار کەس لە قوربانییەکان شۆفێر بوون.

.

هاوکات، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019 لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی 75 كەس گیانی لەدەست داوە كە 41 كەسیان سەرنشین بوون و 24 کەسیش لە پیادەكان بوون و هەروەها 10 کەسیان لە شۆفێران بوون.

.

ئەو دوو ئەفسەرە روونیانکردۆتەوە، هەمیشە ریزبەندی گیانلەدەستدانی پیادەكان لە پلەی دووەم بووە و بەردەوام ژمارەیەكی بەرز و مەترسیدار بووە.

.

جەختیشدەکەنەوە، یاسای هاتووچۆی ژمارە 86ی ساڵی 2004 لە چەند بەشێك باس لە پیادەڕەوەكان دەكات، لەبەشی 25 یاساكە باس لە سزادانی ئەو شۆفێرانە دەكات لە پیادەكان دەشێلن لەسەر هێڵی پەڕینەوە یاخود لەدەرەوەی هێڵی پەرینەوە باس لە هەڵسوكەوتی شۆفێر دەكات لەكاتی رووداوەكە بە یارمەتیدانی قوربانیەكە یاخود بەجێهێشتن و هەڵهاتن دوای رووداوەكە وە هەندێ‌ باسی یاسایی تر.

.

هەروەها بەگوێرەی بەشی 17ی یاساکە، پێشڕەوی بۆ پیادەكانە كاتێك كە پێ‌ دەخەنە سەر هێڵی پەڕینەوە و دەیانەوێت بپەڕنەوە واتە لەم كاتەدا پێویستە شۆفێر بوەستێت و یارمەتی پیادەكە بدات.

.

هاوکات، بڕیاری ژمارە 79ی ئەنجومەنی وەزیران لە 27ی شوباتی 2019 لە خشتەی ژمارە (2)ی خشتەی سزاكانی هاتووچۆ بڕگەی (14) دەڵێت: “هەر شۆفێرێك لەسەر هێڵی پەڕینەوە یارمەتی پیادەكان پێویستە ئەو شۆفێرە بەبڕی 30 هەزار دینار سزا دەدرێت.

.

ئەو دوو بەرپرسەی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەیان بەوەکردووە، قسەكە ئەوەیە لەساتی دەرچوونی ئەو یاسایە تاوەكو ئێستا ئەو بڕگانە بە ئەندازەی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆ جێ‌ بەجێ‌ نەكراوە و پشت گوێ‌ خراوە، بۆیە كاری بەڕێزانە لە داواكاری گشتی و دەستە و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كەلێپرسینەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ هۆكارەكانی باش جێ‌ بەجێ‌ نەكردنی ئەو یاسایە.

.

جەختیشیانکردووەتەوە، درك بەكەم تەرخەمی بەرچاو دەكرێت لە جێبەجێكردنی ئەو پرسە هەستیارە کە پەیوەستە بە سەلامەتی پیادەڕەوەكان و خاڵێكی كەموكوڕییەكانی ئەو یاسایەش ئەوەیە كە ناچاری پیادە نەكراوە كە شوێنی پەڕینەوە بەكاربهێنێت بۆ پەڕینەوە.

.

ڕوونیشیانکردووەتەوە، كاتی ئەوە هاتووە كە شێوازی كاركردن لەدام و دەزگاكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێت و بەشێوازی زانستی لێكۆڵینەوە لە داتا و ئامارەكانی قوربانیەكانی هاتووچۆ بكرێت وە دۆزینەوەی خاڵی لاواز لە هۆكاری هەڵكشانی قوربانیانی رووداوەكانی هاتووچۆ.

.
کاروان محەمەد و بەختیار محەمەد باسیان لەوەشکردووە: “بەرپرسیارێتی لە هۆكاری دروست بوونی رووداوەكانی هاتووچۆ تەنها شۆفێر نیە، نابێت كاتێك كە ئاماری قوربانیەكانی هاتووچۆ ڕوو لە دابەزین بكات، وەك سەروەریەك بۆ خۆمانی تۆمار بكەین وە كاتێكیش كە قوربانی ڕووداوە هاتووچۆ ڕوو لەزیاد بوون بكات، بە دیاردەیەكی جیهانی ئەژماری بكەین و بەرپرسیارێتی سەرەتاو كۆتایی بخەینە ئەستۆی شۆفێران”.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل