fbpx
Shadow Shadow

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی چارەنوسی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا چی لێدێت؟ [تایبەت]

21:06 هه‌ینی 29 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

باسوخواسى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق زیاد لە هەر شوێن و جێگەیەکى تر شەقامى کوردى و ناوەندە سیاسیەکەى بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و پرسیار لە چارەنووسى ئەو رێککەوتنەى نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێت کە داخۆ دواى دەستلەکارکێشانەوەکە چى لێ بەسەر دێت.

.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”لەڕاستیدا لە ڕووی یاسایی و لە وڵاتانی دەرەوە کاتێک حکومەتێک ڕێککەوتنێک واژوو دەکات، حکومەتەکانی دوای ئەوەش پابەند دەبن پێوەی، بەڵام لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا پێویستە چاوەڕانی ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی داهاتوو بین”.

.

وتیشی، هێشتا هەندێک بابەت ڕوون نین، بۆ نموونە هێشتا نازانرێت، تەنها عادل عەبدولمەهدی دەستلەکاردەکێشێتەوە، یاخود تەواوی ئەنجومەنی وەزیران، کە ئەوەش دۆخەکە دەگۆڕێت.

.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە هەنگاوی نوێی بەخۆیەوە بینی و هەردوولا بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێککەوتنیان ڕاگەیاند و ئاماژە بەوەکرا، کە هەرێمی کوردستان ڕازی بووە بە ڕادەستکردنی 250 هەزار  بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا.

.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بۆ ناس کوردى روونکردەوە “ئەگەر حکومەتی عێراق بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە، ئەوا ئەنجومەنی ئابوری عێراقیش هەڵدەوەشێتەوە کە لە چەند وەزیرێک پێکهاتوون و تەواوی سیاسەتی ئابوری عێراق ئەوان دایدەڕێژن، کە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی عێراق”.

.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەى بەوە کرد، ئەو ئەنجومەنە کاریگەری تەواویان لەسەر سیاسەتی ئابوری عێراق هەیە، بۆیە بە گۆڕینی حکومەت و ئەو ئەنجومەنە ئەوا پێدەچێت گۆڕانکاری لە بودجەی 2020ی عێراق بکرێت، جگە لەوەی پێدەچێت ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان دوابکەوێت.

.

شیروان میرزا لەو بڕوایەدایە، ئەگەر حکومەتیش بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی دیکە بە سەرۆکایەتی هەر کەسێکی دیکە بێت، ئەوا لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێکبکەون و کێشەکان چارەسەربن.

.

هاوکات دەربارەی سەردانی شانی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوودا وەک بڕیاری لێدرابوو، سەمیر هەورامی ئەوەی خستەڕوو، تائێستا بڕیاروایە سەردانەکە بکرێت و هیچ شتێک هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام نازانرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا چی ڕوودەدات و هەموو ئەگەرێک کراوەیە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل