fbpx
Shadow Shadow

"هەموو وردەكارییەكی تێدایە بە داهاتى گومرگەکانیشەوە"

دواى پێنج ساڵ هەرێم داهات و خەرجییەکانى ڕادەستى بەغدا دەکات

14:49 دوو شه‌ممه‌ 14 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان، دواى پێنج ساڵ بودجەی خەمڵێنراوی خۆى ڕادەستى بەغدا دەکات، کە تەواوى وردەکارییەکانى داهات و خەرجییەکانى تێدایە، ئەوەش بەهەنگاوێکى “ئیجابى” لێکدەدرێتەوە بۆ ڕێککەوتنى نێوانیان.

.

لەدواى ساڵى 2014  و بڕینى بەشە بودجەى هەرێم لەلایەن بەغداوە حکومەتى هەرێم هیچ پڕۆژەیەکى بودجەى ئامادەنەکردووە و ڕادەستى بەغداى نەکردووە، بەڵام بۆ ساڵى داهاتوو بودجەیەکى خەمڵێنراوى ئامادەکردووە و ڕادەستى نوێنەرایەتییەکەى کردووە لەبەغدا بۆ ئەوەى ڕادەستى حکومەتى عێراقى بکات.

.

ڕادەستکردنى ئەو بودجەیە کە وردەکارییەکانى خەرجى و داهاتى هەرێمى تێدایە بۆ ساڵى داهاتوو لەکاتێکدایە، بڕیارە بەمنزیکانە دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان لەناویاندا نەوت و بودجە دەستپێبکاتەوە.

.

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند “حکومەتی هەرێم ڕازیبوو بە ناردنی بودجەی خەمڵێندراوی 2020ی هەرێم و لەئێستادا بەدەستمانگەیشتووە و سبەینێ ڕادەستی بەغدای دەکەین”.

.

وتیشی، پێشتر بەغدا دەیوت کە داهات و خەرجییەکانی هەرێم ناڕوونە و گومانیان هەبوو، بەڵام لە بودجە خەمڵێنراوەكەدا هەموو وردەكارییەكی خەرجی ‌و داهاتە جۆراوجۆرەكانی تێدایە، بە گومرگەکانیشەوە.

.

بەوتەى فارس عیسا، بەمنزیکانە شاندێكی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، بۆ گفتوگۆی نەوت‌و بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق.

دواى پێنج ساڵ هەرێم داهات و خەرجییەکانى ڕادەستى بەغدا دەکات

هەرچەندە دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کە چەند مانگێکە بەردەوامن هێشتا نەگەیشتوون بە ئەنجام، بەڵام بەرپرسانى هەردوولا باس لەنزیکى گەیشتن بەڕێککەوتن دەکەن لەنێوانیاندا.

.

فوئاد حسێن وەزیرى دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 14ى تشرینى یەکەمى 2019 لە کۆنفرانسێکدا لە هەولێر ڕایگەیاند “حکومەتى بەغدا ئامادەیە بگاتە رێککەوتن لەگەڵ هەرێم، پێویستیشە لەهەرێم گروپێک دروستبکرێت و بەردەوام بێت لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا”.

.

وتیشى “نابێت دانوستانەکان بەسەردانێک و دوو سەردان تەواوبن، پێویستە لیژنەى هەمیشەیی هەبێت بۆ بەردەوامى دانوستان لەگەڵ بەغدا، لەسەر پرسە جیاوازەکان”.

دواى پێنج ساڵ هەرێم داهات و خەرجییەکانى ڕادەستى بەغدا دەکات

هەنگاوەکەى هەرێم بۆ ڕادەستکردنى بودجەى خەمڵێنراوی ساڵى داهاتوو بە بەغدا لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق سەرقاڵى ئامادەکردنى بودجەى ساڵى داهاتووە، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى هەرێم و بەغدا لەسەر پشکى کورد و بڕیارەکانى دواى خۆپیشاندانەکانەوە، هێشتا پڕۆژەکەى رەوانەى پەرلەمان نەکردووە.

.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند “هەرێم ئەگەر هەنگاوێکی لەوشێوەیە بنێت، دەبێتە ئاسانکاریی و بەرچاوڕونییەکی باش بۆ ڕێککەوتن لە نێوان هەردوولا لەسەر پرسی نەوت و بودجە”.

.

جەختیشیکردەوە، ئەو هەنگاوە ئەوە دەگەیەنێت، هەرێم ویستی ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ بەغدا، هەروەها بیانوش لای بەغدا ناهێڵێت و شتەکان لای هەردوولا ڕون و ئاشکرا دەبن.

.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، دەبوو سبەینێ بودجەی 2020ی عێراق بنێردرێتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە و هەندێک بڕیاری حکومەت گۆڕانکاری لە ڕەشنوسی بودجەدا دەکرێت، بۆیە ئەو دواکەوتنەش لە بەرژەوەندی هەرێمە کە هەوڵبدات بەزویی لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل