fbpx
Shadow Shadow

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پڕۆ گۆڕان خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە و باڵى ناڕازیش وازدەهێنن[تایبەت]

17:17 یه‌ك شه‌ممه‌ 15 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

 

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان، گروپى پرۆ گۆڕانى ناڕازیی بەرنامەى هەڵوەشاندنەوەى خۆى دادەڕێژێت و گروپى ناڕازییەکانیش ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەى لەدەرەوەى ئەو بزوتنەوەیە وەکو گروپێکى “ئۆپۆزسیۆن” کاربکەن، لەکاتێکدا بەرپرسانى گۆڕان داواى ئاشتکردنەوەى ناڕازییەکان دەکەن.

.

ڕۆژى (12-14ى ئەیلولى 2019) دواى چەند مانگێک لە تەقینەوەى کێشە ناوخۆییەکانى گۆڕان و دروستبوونى چەند بەرەیەکى ناڕازی، هەڵبژاردن بۆ جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتى بەرێوەچوو.

.

ئەنجامى دەنگدانەکە نەیتوانى ناڕازییەکانى ناو بزوتنەوەکە رازى بکات، رۆژێک پێش بەرێوەچوونیشى جێگرى سکرتێر و شەش ئەندامى  جڤاتى گشتى دەستیان لەکارکێشایەوە، وەک ناڕەزاییەک بەرانبەر شێوازى بەرێوەچوونى هەڵبژاردنەکە.

.

ناڕازییه‌كانى ناو گۆڕان پێشتر ڕە‌خنه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بوو کە “شه‌رعیه‌تى یاسایى جڤاتى نیشتیمانى كۆتایى هاتووه‌” و سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى ئه‌نجامبدرێت و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ جڤاتى نیشتیمانى نوێ بكرێته‌وه‌ ئینجا هه‌ڵبژاردن بۆ ڕێكخه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه‌یان ڕە‌تكرایه‌وه‌.

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پڕۆ گۆڕان خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە و باڵى ناڕازیش وازدەهێنن[تایبەت]

.

پڕۆ گۆڕان خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە

.

گروپى پڕۆ گۆڕان کە بە ئامانجى چاکسازیکردن لەناو بزوتنەوەکەدا و لەساڵى 2018 خۆى راگەیاند، دواى بێ ئومێدبوونیان لە چاکسازیکردن لەناو بزوتنەوەکەدا لەرێگەى هەڵبژاردنى ناوخۆییەوە، ئێستا ئامادەکاریی دەکات بۆ یەکلایکردنەوەى چارەنوسیان.

.

چیا عه‌باس سه‌رپه‌رشتیارى گروپى پرۆ گۆڕان به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند “هەڵبژاردنەکە له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى ناده‌ستوریى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دواى كۆمه‌ڵێك ڕووداوى ژیانى سیاسى ئه‌و حزبه‌ ئیتر ئومێدمان به‌وه‌ نه‌ما چاكسازیى لەنا‌و گۆڕاندا بكرێت و كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ستبه‌ردارى سیاسه‌ته‌كانیان بن كه‌ له‌پشته‌وه‌ گۆڕان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ئیدى ئێمه‌ش چاره‌نووسى خۆمان یه‌كلایى ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

.

گروپى پڕۆ گۆڕان لەماوەى کارکردنیاندا زیاتر له‌سه‌ر ئاستى گۆڕانخوازانى ڕە‌وندى كوردى له‌زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا کاریان کردووە و چه‌ندین راگەیەندراو و هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر سیاسه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ لەماوەکانى ڕابردوودا خستووەته‌ ڕوو، کە ‌دیارترینیان راگەیەندراوى ناڕە‌زایی بوو له‌سه‌ر ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ى گۆڕان و پارتى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ لە شوباتى ئەمساڵدا کە بەهۆیەوە کێشەکانى ناو گۆڕان تەقینەوە.

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پڕۆ گۆڕان خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە و باڵى ناڕازیش وازدەهێنن[تایبەت]

.

چیا عەباس وتی”چیتر خۆمان نابه‌ستینه‌وە بە چوارچێوه‌ی حزبایه‌تیكردن له‌ناو گۆڕاندا و چاوه‌ڕوانى هیچ چاكسازیه‌كیش له‌و حزبه‌ ناكەین، دواى هەڵوەشاندنەوەى پڕۆ گۆڕانیش، له‌گه‌ڵ ناڕازییه‌كانى ناوخۆى كوردستاندا تاوتوێى پڕۆژه‌یه‌كى جیاواز بۆ ئاینده‌ ده‌كه‌ین له‌چوارچێوه‌ى هێنانه‌ كایه‌ى ئۆپۆزسیۆنێكى مه‌ده‌نى جیاواز و به‌هێزدا”.

.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئه‌وان چاوه‌ڕوانى بڕیاره‌كانى هه‌ریه‌ك له ‌قادرى حاجى عه‌لى و عوسمانى حاجى مه‌حمود ده‌كه‌ن كه‌ به‌وته‌ى ئه‌و، ده‌توانن نه‌خشه‌كه‌ بجوڵێنن و ئه‌زمونێكى نوێتر له‌گۆڕان بهێننه‌ كایه‌وه‌ یاخود هه‌ر بڕیارێكى تر له‌سه‌ر ئاینده‌ى سیاسى بده‌ن پشتیوانى ته‌واوه‌تیان ده‌كه‌ن.

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پڕۆ گۆڕان خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە و باڵى ناڕازیش وازدەهێنن[تایبەت]

.

قادرى حاجى عه‌لى و عوسمانى حاجى مه‌حمود دوو سەرکردەى دیارى بزوتنەوەى گۆڕان بوون و زیاتر لە ساڵێکە بەهۆى ناڕەزاییان لە سیاسەت و شێوازى بەرێوەبردنى گۆڕان چونەتە ماڵەوە و وازیان لەو بزوتنەوەیە هێناوە.

.

بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، جگە لە پرۆ گۆڕان، هەموو بەرە جیاوازە ناڕازییەکانى ناو گۆڕان چاوەڕوانى قادرى حاجى عەلى و عوسمانى حاجى مەحمود دەکەن تا هەنگاوى داهاتوویان رابگەیەنن.

.

ناس کورد لە کەسە نزیکەکانى قادرى حاجى عەلییەوە زانیارى وەرگرتووە، لەچەند رۆژى داهاتوودا قادرى حاجى عەلى لەدەرەوەى وڵاتەوە دەگەڕێتەوە و چاودێرى دۆخەکە دەکات.

.

دوو سەرچاوە لە ناڕازییەکانى ناو گۆڕان کە داوایانکرد ناویان نەهێنرێت بە ناس کورد-یان راگەیاند، تاوتوێی پڕۆژەیەکى نوێى گشتگیر دەکەن، بەڵام کاتێکى زۆریان دەوێت، چونکە دواى شکستى گۆڕان راگەیاندنى پڕۆژەیەکى جیاواز ئاسان نییە.

.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بۆ له‌مه‌ودوا هیچ ئومێدێكیان به‌گۆڕان نه‌ماوه‌ كه‌بتوانێت چاكسازى بكات و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى چارەسەربکات و دووباره‌ ببێته‌وه‌ حزبى نزیك له‌خه‌مه‌كانى خه‌ڵك “بۆیە بەیەکجارى وازى لێدەهێنن و بەشێوازێکى نوێتر بەردەوام دەبن و چاوەڕوانى دەرفەتەکان بۆ ڕاگەیاندنى بڕیارى نوێى سیاسیان دەکەن”.

.

لاى خۆیەوە، ئومێد حه‌مه‌ عه‌لى، په‌رله‌مانتارى پێشووى گۆڕان و یه‌كێك له‌هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌ ناڕازییه‌كانى گۆڕان به‌ناس كوردى وت “به‌هه‌موو مانایه‌كه‌وه‌ گۆڕان بارمته‌ى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ و هه‌موو بنه‌ماكانى حوكمى ویراسى تێدا چه‌سپیوه‌ و تازه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و حزبه‌ بتوانێت له‌و دۆخه‌ ڕزگارى بێت، بۆیە ناڕەزایەتیەکانیان دەبەنە قۆناغێکى نوێوە”.

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، پڕۆ گۆڕان خۆى هەڵدەوەشێنێتەوە و باڵى ناڕازیش وازدەهێنن[تایبەت]

.

لەدواى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفاوە لەساڵى 2017 و گەڕانەوەى نما و چیاى کوڕی، ناڕەزایی لەسەر رۆڵى کوڕەکانى لەناو بزوتنەوەکە سەریهەڵدا، هەرچەندە خۆیان رەتیان کردووەتەوە رۆڵیان هەبێت لەبەڕێوەبردنى بزوتنەوەکەدا.

.

بەوتەى ئومێد حەمە عەلى، ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتیدا ڕویدا، “ئاماژه‌یه‌كن بۆ ته‌واوبوونى گۆڕان وه‌كو پڕۆژەیەکى سیاسى و بووە  به‌حزبێكى بنەماڵەیى”.

.

ئاشکراشیکرد، خه‌باتى ناڕازییه‌كانى ناو گۆڕان ده‌چێته‌ قۆناغێكى تره‌وه‌ و له‌سنورى به‌رته‌سكى ئه‌و حزبه‌ ویراسیه‌ ده‌رده‌چێت و له‌ئێستاشدا چیتر نازناوى ناڕازییه‌كانى ناو گۆڕان هه‌ڵناگرن به‌ڵكو وه‌كو گروپێكى به‌هێزى ئۆپۆزسیۆنى كۆى سیستمى سیاسى و حزبایه‌تى ده‌مێننه‌وه‌ و خه‌باتیش له‌و پێناوه‌دا دەکەن.

.

ئومێد حەمە عەلى باسى لەوەشکرد، له‌ئاینده‌دا چالاكیه‌كانیان له‌شێوه‌ى ئه‌نجامدانى دیالۆگی سیاسى بۆ هێنانه‌ كایه‌ى مۆدێلیكى نوێ و سیاسى بەردەوامى پێدەدەن، “بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر حزب و ئه‌زمونێكى ترى ویراسى و بنه‌ماڵه‌یى لێ به‌رهه‌م نەیەتەوە‌ و هه‌ڵه‌ سیاسیه‌كانیش دووباره‌ نەکەینەوە، و له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ په‌له‌ ناكە‌ن و بیر له‌ هه‌موو ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ ده‌کەینەوە”.

.

گۆڕان بەنیازى ئاشتکردنەوەیانە

.

دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، بزوتنەوەى گۆڕان بەنیازى ئاشتکردنەوەى ناڕازییەکان و چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆییەکانیەتى.

.

.

جەمال حاجی محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دواى هەڵبژاردنى بەسەرۆکى جڤاتى گشتى بە میدیاکانى گۆڕانى وت “كاری لەپێشینەمان ئاشتكردنەوەی ئەو گۆڕانخوازانەیە كە بە هەر هۆكارێك لە بزووتنەوەكە زویر بوون”.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل