fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ناس کورد زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناش ڕێگە بە دەیان هاوڵاتی چینی دراوە بێنە هەرێم (تایبەت)

21:29 دوو شه‌ممه‌ 03 شوبات 2020
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سەرەڕاى بڕیارى قەدەغەکردنى گەشتى هاتن و چوون بۆ چین لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، ڕۆژانە دەیان هاوڵاتى ئەو وڵاتە رێگەیان پێدەدرێت بێنە خاکى هەرێم، بەڵام بەپێی پشکنینەکان، هیچکامیان هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنا نین.

.

لەگەڵ تەشەنەسەندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین و گەیشتنى بەچەند وڵاتێک، هەرێمى کوردستان رێوشوێنى توندى بۆ رێگەگرتن لە گەیشتنى ڤایرۆسەکە بە هەرێم گرتەبەر، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریدا گەشتى هاوڵاتییان بۆ چین و گەشتى هاوڵاتییانى ئەو وڵاتەش بۆ هەرێم قەدەغە بکات.

.

ڕزگارعەلی، بەرپرسی ژووری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هاوکات بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانیشە تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، “ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی چینی دێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان، پێش هاتنە ژورەوەشیان پشکنین و ڕێکاری تەندروستی توندیان بۆ ئەنجامدەرێت”.

.

وتیشی، “پاش دەرکەوتنی نەخۆشی کۆرۆنا دەیان هاوڵاتیی چینی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی”.

.

بەرپرسی ژووری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی دڵنیابوون لەوەی کە ئەو هاوڵاتییە چینیانە هیچ کێشەیەکی تەندروستیان نییە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین ڕێگەی هاتنەژوورەوەیان بۆ شاری سلێمانی پێدراوە.

.

ئەو کەسانەى ڕێگەیان پێداوە بێنە هەرێمى کوردستان، ماوەى 14 ڕۆژ لەژێر چاودێرى پزیشکیدا لە فڕۆکەخانەکان هێڵراونەتەوە، دواى دڵنیابوون لە بارى تەندروستیان ڕێگەیان پێدراوە بچنە شارەکان.

.

ڕزگار عەلى وتى، “ئه‌و هاوڵاتیانه‌ لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوون، دوای ئەوەی هیچ گومانێكیان له‌ سه‌ر نەبووە کە ‌توشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووبن بە شێوەیەکی ئاسایی ڕه‌وانه‌ی شوێنی خۆیان کراونەتەوە”.

دواى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناش ڕێگە بە دەیان هاوڵاتی چینی دراوە بێنە هەرێم (تایبەت)

سەبارەت بە شوێنی پشکنین و مانەوەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە وڵاتی چین دەگەڕێنەوە، ڕزگار عەلی وتی، “لە هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ژوری تایبەت بۆ پشکنین و چاودێری و مانەوەی ئەو کەسانە ئامادەکراوە کە لە وڵاتی چین دەگەڕێنەوە و هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانی تێدایە”.

.

ڕێگەدان بەو هاوڵاتییانە لە چینەوە بۆ هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژى ڕابردوودا بەرپرسانى فڕۆکەخانەى هەولێر ڕێگەیان نەدا چوار هاوڵاتى چینى لە فڕۆکەخانەى هەولێر دابەزن و ڕەوانەى شوێنى پێشوویان کرانەوە.

.

بەڵام بەرپرسی ژووری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان وتی، “هیچ دەسەڵاتێک بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیشەوە مافی ئەوەی نییە ڕێگریی لە گەشتی هاوڵاتیان بکات”.

.

لاى خۆیەوە، تاهیرعەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، پشتڕاستیکردەوە کە چەند هاوڵاتییەکى چینى  لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە هاتوونەتە هەرێم و وتی، “چەند هاوڵاتییەک لە ڕێگەی فرۆکەخانەوە گەڕاونەتەوە سلێمانی، بەڵام مافی ڕێگەپێدان بە هاتنە دەرەوەیان لە فڕۆکەخانە لە دەسەڵاتی دەزگا تەندروستییەکاندایە چونکە ئەوان بڕیار دەدەن”.

.

نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 31ی کانونی دووەمی  ڕابردوو یەکەمین حاڵەتی ڕاگەیەنرا و لە ئێستاشدا بووەتە مەترسییەکی جیهانی، تا ئێستا زیاتر لە 17 هەزار حاڵەتی توشبوون هەیە و 362 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەو هۆیەوە تۆمارکراوە.
.
لەدەرەوەی سنورەکانی چینیش، 170 کەس توشى ڤایرۆسەکە بوون و هاوڵاتییەکیش لە فلیپین بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل