Shadow Shadow

"بۆ ئەوەى لە بودجەى 2020ى عێراق کێشە بۆ هەرێم دروست نەبێت"

داوا دەکرێت پەلەبکرێت لە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد

13:14 چوار شه‌ممه‌ 07 ئاب 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە ئەگەر هەولێر وبەغدا سازان نەکەن مەترسی لە سەر بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لە بودجەی 2020دا، پێشبینیش دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەرێم و عێراق بگەنە ڕێککەوتن.

.

شێروان دوبردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بڕیارە دوای جەژنی قوربان شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی هەرێم بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی نەوت و بودجە، لە چوارچێوەی ئەو لیژنە هاوبەشانەی کە لەنێوان هەردوولادا دروستکراون”.

.

ئەو پەرلەمانتارە کە لە فراکسیۆنی پارتییە ئاماژەى بەوشکرد، ئەگەرێکی زۆریش هەیە پێش کۆتایی ئەمساڵ، کێشەی بودجە و نەوت لەنێوان هەولێر بەغدا کۆتاییان پێبێت.

.

لەلایەکى دیکەوە پەرلەمانتار ئارەزو مەحمود لە فراکسۆنى یەکێتى، داوا دەکات پەلە بکرێت لە ڕێککەوتن و تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: “چونکە ماوەیەکی كورت له‌به‌رده‌م هه‌رێمدایه‌ بۆ یەکلای کردنەوەی ئەو پرسە‌”.

.

ئارەزو مەحمود وتیشی، بە دڵنیایەوە ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی ڕادەستى بەغدا نەکات پێش کۆتایی ئەمساڵ، ئەوا بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکی گەورەدا دەبن.

.

“زۆر ئەستەمە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بتوانن بۆ جارێکی دیکە بڕگەی (ج) لە مادەی (10)ى یاسای بودجەی 2020ى عێراق کە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بچەسپێنن، وەک ئەوەی لە بودجەی 2019 کردیان، گەر ڕێککەوتنى پێشوەختە نەکرێت”، ئارەزو مەحمود واى وت.

.

بەڵام، شێروان دوبردانی ڕایەکى جیاوازى هەیە و دەڵێت: “بە هیچ شێوەیەک حکومەتی عێراق دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کوردستان نابات، ئەگەر هەرێمیش نەوتەکی ڕادەست نەکات، چونکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بە یاسا چەسپاوە، فەرمانبەرانی هەرێمیش هەر وەک فەرمانبەرانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوەی ئەگەری هەیە حکومەتی عێراق دەستی بۆ ببات پشکی هەرێمە لە بودجە گشتی عێراق کە پێیدەڵین بودجەی حاکیمە”.

.

گەر ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد لەبارەى بەشە بودجەى هەرێم بکرێت، ئەوا بودجە تەنها مووچەی فەرمانبەرانى هەرێم نییە، بەڵکو ئەو شایستە دارایانەشە کە پێویستن بۆ هەرێم بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکان، پەرپێدان بە ئەوکەرتانەی کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانەوە هەیە، ئەوەش بەڕاى بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد.

.

بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019ى عێراق، دەبێت هەرێمی کوردستان  ڕۆژانە 250 بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بەڵام نزیکەی هەشت مانگە تائیستا هەرێم نەوتەکەی ڕادەست نەکردووە، بەپێى یاسای بودجەش پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا 12.67%ە، کە دەکاتە  زیاتر لە نۆ ترلیۆن دینار، بەڵام عێراق لە ئیستادا بەهۆی پابەندنەبوونى هەرێمەوە تەنها 522 ملیار دینارى مووچەى فەرمانبەران ڕەوانە دەکات.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل