Shadow Shadow

هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ ناس كورد: شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراوە

داوای یاسایی لەسەر هەڤاڵ ئەبوبەكر تۆماركرا

18:35 دوو شه‌ممه‌ 20 ئایار 2019
article image

ناس كورد- وریا حسێن

لە هەولێر تیمێك لە پارێزەران و نوێنەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەسەر كەیسی دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید و گیراوانی نەوەی نوێ‌ داوای یاساییان لەسەر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی تۆماركرد.

.

گۆران دیبەگەیی نوێنەری پارێزەرانی خۆبەخش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لە دژی ئەو شێوە مامەڵەیەی بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ و گیراوانی دیكەی جوڵانەوەكە، لە دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ سكاڵامان دژی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگار و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی تۆمار كرد، هاوكات لە داوكاری گشتیش داوایەكمان لەوبارەیەوە بەرزكردەوە”.

.

نوێنەری پارێزەرانی خۆبەخش ئەوەشى ڕاگەیاند: “داوامانكردووە ئەو كەیسە ڕێكاری یاسایی خۆی وەربگرێت و دووربخرێتەوە لەهەژمونی سیاسی، چونكە پێمان وایە ئەم دەستگیركردنە تەنها شەڕی دەروونیە لەگەڵ ئەو ستافەی دەستگیركراون”.

.

لە بەرامبەردا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: “ئاگاداری ئەو سكاڵایە نیم، تا ئێستا هیچ ئاگاداركردنەوەیەكیشم لەلایەن دادگاوە بۆ نەهاتووە”.

.

هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە شاسوار عەبدولواحید، بە فەرمانی دادوەر دەستگیكراوە و ئەوان چ پێشتر و ئێستاش بەدواداچویان بۆ كەیسەكەی كردووە، وتیشی “ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە كاروباری دادگا بكەین، بۆیە دەبێت دادگا وەڵامی ئەو شتانە بداتەوە كە نەوەی نوێ‌ لەبارەی كەیسەكەی شاسوارەوە هەیانە”.

.

فراکسیۆنى هاوپەیمانى ئیسڵاح لە پەرلەمانى عێراق داوا دەکات کەیسى شاسوار عەبدولواحید لە دەستوەردانى سیاسی دووربخرێتەوە و بە دادپەروەرانە و یاساییانە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، لەلایەکى ترەوە 65 پەرلەمانتارى عێراق لە فراکسیۆنە جیاوازەکان داوا دەکەن کەیسەکە ببرێتە دادگاکانى بەغداد و داوایان لە ئەنجومەنى دادوەرى عێراق کردووە بەو هەنگاوە هەڵسێت و دەشڵێن، دادگاکانى هەرێم سیاسییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسەدا دەکەن.

.

ڕۆژی 15ی ئەم مانگە لەسەر كەیسی هەڕەشكردن لە پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) شاسوار عەبدولواحید چووە بەردەم دادگای سلێمانی، بەڵام لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە گوازرایەوە بۆ ئاسایش، ناس كورد، لەزاری سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحید ئەوەی ئاشكراكرد، دادوەری ئاسایش لێكۆڵینەوە لەشاسوار دەكات، تا ئێستاش كەیسەكەی نەگوازراوەتەوە بەردەم دادگا.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل