fbpx
Shadow Shadow

"کە باسی گەندەڵی دەکەین و دەست بۆ کەیسێک دەبەین پێمان دەڵێن بێدەنگ بن"

داواکارانى گشتیی گەرمیان بۆ ناس کورد هۆکاری “سزا”دانەکەیان ئاشکرا دەکەن

17:36 هه‌ینی 15 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

ژمارەیەک دادوەر و سەرۆکى داواکاری گشتیی گەرمیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە “سزا دراون” و بەشێکیان گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و پلەکانییان دابەزێندراوە.

,

ئەمڕۆ، هەینی بەشێک لەو دادوەر و داواکارە گشتییانەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەردەم داواکارى گشتیی لە کەلار خێمەیان هەڵدابو، ڕاگەیاندراویکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: “لە چەند ڕۆژی رابردوودا چەند دادوەر و داواکاری گشتی مانمان گرتبو، لەپێناو جێبەجێکردنی یاسا و پرۆسەی چاکسازی، ئەوەندەی لە توانا و ئیرادەماندا بو درێغیمان نەکرد، ئومێد دەکەین ئەنجومەنی دادوەری زو یان درەنگ لە نیازپاکیمان بگات، ئێمە مەبەستمان تەنها چاکسازی بو لەو بوارەی کاری تێدا دەکەین،وەک خەڵکی تر بێ دەنگ نەبوین، بۆ ئەوەش دەبو سوپاسکراباین نەک وەرگرتنی سزا و بەهۆیەوە کۆمەڵێکمان سزا دراوین”.

,

بورهان ئەحمەد، داواکارى گشتى لە گەرمیان یەکێک لەو کەسانەى بڕیارى گواستنەوەى بۆ دەرکراوە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو کێشەیەی هەیە لەنێوان ژمارەیەک دادوەر و داواکاری گشتیی گەرمیان، لەگەڵ سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی گەرمیانە، ئێمە ژمارەیەک ڕەخنەمان گرتبو کە ئێمە وەک داواکاری گشتی و دادوەرانیش بەپێی پێویست ناتوانین چاودێری دەسەڵات بکەین و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکان بکەین و باسیان بکەین، هەر کە باسی گەندەڵی دەکەین و دەست بۆ کەیسێک دەبەین پێمان دەڵێن بێدەنگ بن و باسی مەکەن”.

,

بورهان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەو کەسەی کە ئێمە کێشەمان لەگەڵى هەیە و ناهێڵێت چاودێری گەندەڵی بکەین، لەلایەن حیزبی دەسەڵاتدارەوە دانراوە و ئەوانیش پاڵپشتی دەکەن و چەندین جار هەڕەشە لە ئێمەش کراوە، ئەگەر بێدەنگ نەبین ئەوە نەقڵ دەکرێین، بۆیە دادوەر و داواکارە گشتییەکانی دیکەش کە ئەبینن هەڕەشە لە ئێمە دەکرێت، ئیتر ناوێرن ڕەخنە بگرن و باسی گەندەڵی بکەن، ئەوەى غەمباری کردووین ئەوەیە کە نەمانتوانی وەک پێویست خەون و خواستەکانی خەڵک لە چاکسازی بەدی بێنین”.

,

“دوای ئەوەی داوامان لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێم کرد، لیژنەیەک بنێرن لەسەر مانگرتن و کێشە و ناڕەزایەتییەکانی ئێمە، بەڵام ئەوان تەنها یەک کەسیان نارد و لە جیهانیشدا لیژنە نەبوە کە یەک کەس بێت و خۆی ئەندام و سەرۆک و جێگری سەرۆکی لیژنەکە بێت و کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام ئەو لایەنگری ئەو لایەنەی بەرامبەرمانی کرد”، بورهان ئەحمەد واى وت.

,

ئەو داواکارە گشتییە وتیشی: “ئێمە ئێستا دوای چەندین ساڵی خزمەت گوازراوینەتەوە بۆ شارەکانی هەولێر و سلیمانی و ڕانیە، سزای ترمان وەرگرتوە لە دابەزاندنی پلە و پۆستەکانمان، من و داواکارێکی گشتی پلەمان دابەزێندراوە بۆ جێگری داواکاری گشتی، بۆیە داواکارین لە پەرلەمان لیکۆڵینەوەی ورد و جدی بکات لە ڕەوشی دادوەری گەرمیان، هەروەها داواکاری ئێمە لە چاکسازی بهێنێتە دی و ڕاستییەکان ئاشکرابکرێن”.

,

ماوەى نزیکەى دوو هەفتەیە سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانى داواکارى گشتى لە گەرمیان لە بەردەم بیناى داواکارى گشتى گەرمیان خێوەتییان هەڵداوە و مانیان گرتووە، وەک خۆیان لەسەرەتاوە ڕایانگەیاندووە، مەبەستی مانگرتنەکەیان ناڕەزایەتییە لەسەر شێواز و دەسەڵاتەکانی داواکاری گشتیی گەرمیان و سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل