Shadow Shadow

دادگا چۆن مامەڵە لەگەڵ كه‌یسه‌كه‌ى مه‌لا هه‌ڵۆ و ماریا هه‌ورامى دەکات و چ سزایەک دادەنێت؟

20:53 شه‌ممه‌ 17 ئاب 2019
article image

ناس کورد-

 

 

به‌گوێره‌ى به‌دواداچونێكى ناس كورد له‌ڕووى لایه‌نه‌ یاساییه‌كه‌ى كه‌یسى مه‌لا هه‌ڵۆ و ماریا هه‌ورامییه‌وه،‌ چه‌ند ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌یسه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ریش ده‌بێت له‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و پشێوییه‌ میدیاییه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ دروستبووه‌ و خه‌ریكه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ناكۆكى ئاینى و پشێوى كۆمه‌ڵایه‌تیشى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ناس كورد كه‌ له‌چه‌ند شاره‌زایه‌كى یاسایى بواره‌ جیاجیاكانى دادگا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ وه‌ریگرتووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و كه‌یسه‌ ڕووبه‌ڕووى دادگا كرایه‌وه‌ ئه‌وا سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ تۆمه‌ته‌كه‌ى ئاڕاسته‌ كراوه‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر و سكاڵاى خۆى تۆمار بكات، چونكه‌ له‌م كاته‌دا كه‌ به‌كه‌یسێكى كه‌سیى داده‌نرێت به‌گوێره‌ى بۆچونى شاره‌زایان دادوه‌رانى گشتى ناتوانن سكاڵاى تێدا تۆمار بكه‌ن.

.

له‌كاتى چوونى ماریا هه‌ورامى بۆ دادگاش ده‌بێت سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى ئه‌و كه‌یسه له‌گه‌ڵ خستنەڕووى به‌ڵگه‌ى پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ستیكه‌وتووه‌ یاخود ده‌توانێت به‌ده‌ستیبهێنێت بیخاته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر.

 

.

شاره‌زایانى یاسایى بۆچونیان وایه‌ ، ئه‌و قسه‌یه‌ كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی تۆمه‌ت و ناوزڕاندنه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى دیاریكراو كه‌ ئاڕاسته‌ كراوه‌ چه‌ند ماده‌یه‌ك ده‌یگرێته‌وه‌ یاخود به‌چه‌ند ماده‌یه‌ك دادگایى ده‌كرێت له‌وانه‌ 433 له‌یاساى سزادانى عێراقى، 111ى ساڵى 1969ى هه‌مواركراوه‌ و به‌پێى ناوه‌ڕۆكى ماده‌كه‌ش ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك تۆمه‌تێكى به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌كى ئاشكرا هه‌ڵبه‌ست و سزاى زیندانیكردن یاخود به‌غه‌رامەكردن یاخود به‌هه‌ردوو سزاكه‌ سزا ده‌درێت.

.

شاره‌زایانى یاسایى ده‌شڵێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و تۆمه‌ته‌ له‌ڕێگه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌ هۆییه‌كانى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بوو، ئه‌وا لێپێچینه‌وه‌یه‌كى توندتر به‌ڵام به‌هه‌مان ماده‌ ده‌یگرێته‌وه‌.

.

به‌هه‌مان شێوه‌‌ش،ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سه‌كه‌ جنێوى به‌كه‌سێك داو هه‌ستى به‌رامبه‌رى برینداركرد به‌هه‌مان شێوه‌ ماده‌ى 433ى عێراقى ده‌یگرێته‌وه‌ و ئه‌مه‌شیان سزاكه‌ى غه‌رامه‌ و زیندانیكردنه‌ كه‌ له‌ساڵێك زیاتر نییه‌ و سه‌د هه‌زار دینار غه‌رامه‌یەتى‌.

.

 

ناس كورد ئه‌وه‌شى زانیووه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو تۆمه‌ت و ناوزڕاندن و جنێو و هه‌ڕە‌شه‌ى كه‌سێك له‌ڕێگه‌ى مۆبایل و ئامێره‌كانى ترى ته‌له‌فۆن و جۆره‌كانى سۆشیاڵ میدیا بوو، ئه‌وا به‌پێى یاساى  ژماره‌ 6ى ساڵى 2008 ماده‌ى 2 خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن دادگایى ده‌كرێت. سزاكه‌شى زیندانیكردنه‌ له‌6 مانگ كه‌متر نه‌بێت و 5 ساڵیش زیاتر نه‌بێت، یاخود به‌غه‌رامەكردن له‌ملیۆنێكه‌وه‌ تا 5 ملیۆن.

.

كاتێك كه‌سه‌كه‌ سكاڵا ده‌باته‌ به‌رده‌م دادوه‌رى لێكۆڵه‌ره‌وه‌ ئه‌وا دادوه‌ر ئازاده‌ له‌وه‌ى چ ماده‌یه‌كى یاسایى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ دیارى ده‌كات، دیاریكردنى ماده‌ بڕیارێكى سه‌ره‌تاییه‌ و پێویست به‌تانه‌ لێدانیش ناكات و له‌لایه‌ن دادگاى كه‌تن یاخود تاوانه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى دادگایكردنه‌كه‌ ده‌كات.

 

.

له‌باره‌ى وردەکارییەکانى قۆناغەکانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پرسه‌دا دادوه‌ر خۆیان سه‌رپشكن چ جۆره‌ ڕێوشوێنێك بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌كه‌ دیارى ده‌كات و له‌حاڵه‌تێكى وه‌كو ئه‌و كه‌یسه‌ى نێوان مه‌لا هه‌ڵۆ و ماریا هه‌ورامیشدا بڕیارى گرتن بۆ تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌رناچێت به‌ڵكو ته‌نها بانگ ده‌كرێته‌ به‌رده‌م دادگا و ئه‌ویش دوو ڕێگا هه‌ڵده‌بژێرێت یاخود له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا دان به‌تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێت یاخود ڕە‌تیده‌كاته‌وه‌.

.

 

له‌سه‌ر ڕۆڵى داواى لێبوردنه‌كه‌ى مه‌لا هه‌ڵۆ كه‌ به‌فه‌رمى و به‌ده‌نگ دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى تۆمه‌ته‌كه‌ى له‌سووكردنه‌وه‌ى سزا یاساییه‌كاندا، زۆرینه‌ى ڕاى یاسانان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داواى لێبوردنه‌كه‌ له‌حاڵه‌تێكى له‌و شێوه‌یه‌دا له‌یاسادا ڕۆڵى نیه‌ و بگره‌ هۆكارێكه‌ بۆ سه‌لماندنى تاوانه‌كه‌ به‌سه‌ریه‌وه‌ چونكه‌ داواى لێبوردن ته‌نها به‌پێى یاسای ڕۆژنامه‌گه‌رى گه‌ر هاتوو هه‌واڵێك به‌هه‌ڵه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ دواتر دواى ئاگاداركردنه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ كه‌ تۆمه‌ته‌كه‌ یاخود هه‌ڵه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر كراوه‌ ئه‌وكات میدیاكه‌ هه‌واڵه‌كه‌ى ده‌ستكارى كرد یاخود ڕوونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌رى بڵاو كردە‌وه‌ ئه‌وكات له‌یاسادا حسابى بۆ ده‌كرێت.

.

شاره‌زایانى یاسایى كه‌یسه‌كه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش کردووە، ئه‌و ده‌نگه‌ى كه‌ تیایدا تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ى ماریا هه‌ورامى هونه‌رمه‌ند كراوه‌ له‌ڕێگه‌ى مینبه‌رى مزگه‌وت و ئه‌كاوەنتى فه‌رمى و لێدوانى ئاشكراى میدیایى مه‌لا هه‌ڵۆ‌وه‌ نه‌بووه‌ و له‌ڕێگه‌ى كه‌سى تره‌وه‌ كه‌ ده‌نگه‌كه‌ى بۆ ڕە‌وانه‌ كراوه‌ دزه‌ى پێكراوه‌ و ته‌نها ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ى مه‌لا هه‌ڵۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌لماندنى ده‌نگى خۆیه‌تى ئه‌گینا به‌ڕێگه‌ى تر ئاسته‌م بوو ئه‌وه‌ به‌سه‌ریدا بسه‌لمێنرێت.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل