fbpx
Shadow Shadow

خۆ لێکبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی کارێکی باشە، بەڵام

19:08 یه‌ك شه‌ممه‌ 15 ئادار 2020
article image

بیروڕا – ئالان م. نوری

 

هەڵمەتی راگرتنی کۆڕو کۆبوونەوەو قەرەباڵغی و ئەم دوو رۆژەی قەغەکردنی هاتووچۆ و هاندانی خەڵک بۆ خۆ بەدوورگرتن لە یەکتر، ئەمانە هەمووی کاری زۆر چاک و پێویستن و بەردەوام بوونیان، لانی کەم بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بێگومان کاریگەریی گەورەی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. بەڵام دەبێت لەپاڵ دەستخۆشی لە دەسەڵاتە تەندروستییەکان، راستگۆش بین لەگەڵ یەکتردا. چونکە کاتی موجامەلە و قسەی خۆش بەسەرچووە.

 

کارەنتین کردنی کۆمەڵگا جێگرەوەی تێستکردنی هەموو گومانلێکراوان نییه‌

 

ئەو رێوشوێنانەی کە لە وڵاتی ئێمەدا دەستمان کردووە بە گرتنەبەری، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا بە ناچاری گیراونەتەبەر کە تێستكردنی گومانلێکراوان تێیاندا، لەبەر هۆی جیاواز بەپیی پێویست نەبووە.

لەسەرەتادا، سەرەڕای دەرکەوتنی حاڵەتی گواستنەوە لە ناوخۆی وڵاتدا، حکومەتی هەندێک وڵات بەردەوام بوون لە لێکدانەوەی ئەم پەتایە وەک مەترسییەکی دەرەکی کە بە پتەوکردنی سنوورەکان چارەسەر دەکرێت.

 

عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەشێک بوون لەو وڵاتانە.بەڵام دوای ناساندنی کۆرۆنا وەک پەتایەکی جیهانی و سەلماندنی کەیسی تووشبوونی ناوخۆیی، پتەوکردنی سنوورەکان کارێکی پێویستە بەڵام، ئیتر لەمەودوا ئەو گرنگییەی جارانی نییە و هەوڵ وتواناکان دەبێت بە زۆری بەرەو ئاراستەی بەرنگاربوونەوەی پەتای ناوخۆیی ببرێت. سەرکەوتوویی پلانی دەسەڵاتە تەندروستییەکانی جیهان ئیتر لەمەودوا بە رێژەی تێست کراوان بۆ کۆی دانیشتوان دەپێورێت.

بە پێی ماڵپەڕی Worldometer، تا 9 ی ئازار براوەکانی ئەم بوارە بریتین لە بەحرەین کە  رێژەی ٪0.491 ی دانیشتوانی تێست کردووە، پاش ئەوان کۆریای باشوور دێت کە رۆژانە نزیکەی 10 هەزار کەس تێست دەکات و تا 9/3 رێژەی تێستکردنی گەیشتە0.409٪ ی دانیشتوان.

 

بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی بەحرێن لە عێراقدا، پێویستمان بەوەیە 186 هەزار کەس تێست بکەین لە وڵاتەکەدا. بە داخەوە، نە دەسەڵاتە تەندروستییەکانی عێراق، و نە ئەوانەی هەرێمی کوردستان ژمارەی تێستکراوان نادرکێنن و هیچ پلانێکی تێستکردنی گشت گومانلێکراوانی ناوخۆیان نەخستۆتە بەردەم هاووڵاتیان.

 

بۆچی تێست کردن پێویستە؟

تێست کردن بەرچاوڕوونی دەدات بە لێپرسراوانی تەندروستی و رادەی راستەقینەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەخاتە روو و یارمەتییان دەدات کە خۆیان و کۆمەڵگا باشتر ئامادەباش بکەن بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتاکە.

هێڵکاریی ئامارە بڵاوکراوەکانی عێراق دەربارەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا تا ئێستە جیاواز بووە لە هێلکارییەکانی وڵاتانی دونیا. بۆ نموونە ئەمە شێوەی بڵاوبوونەوەی ئێرانە:

خۆ لێکبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی کارێکی باشە، بەڵام

 

ئەمەش هێڵکاریی سێ وڵاتی ئەورووپییە، فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا:

خۆ لێکبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی کارێکی باشە، بەڵام

 

وەک دیارە، سەرەڕای جیاوازیی ژمارە و ڕادەی تووشبوون، بەڵام هێڵکارییەکان هاوشێوەی ئەوەی ئێرانن.

ئەمەش هێڵکاریی عێراقە:

خۆ لێکبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی کارێکی باشە، بەڵام

 

وەک دیارە تا دوێنێ هێڵکارییەکە جیاوازە لە وەی وڵاتانی دیکە. جا یان ئەوه‌تا لەمەودوا هێڵکارییەکە نزیکی شێوەی وڵاتانی دیکە دەبێتەوە، یان ئەوەتا ئامارەکان بەشێکی وێنەی گشتیی عێراق دەخەنە روو وئەوەی زانراوە هەموو وێنەکە نییە.

بەبێ بوونی زانیاریی راست و دروست، دەسەڵاتە پزیشکییەکان، بۆ ئەوەی بەر بە تەشەنەکردنی پەتاکە بگرن، ناچارن، لە بریی کەرەنتین کردنی نەخۆش و گومانلێکراوەکان، هەموو کۆمەڵگا کەرەنتین بکەن. کەرەنتین کردنی کۆمەڵگا نیشانەی نەگرتنە بەری رێگای تێست کردنی سەرکەوتووانەی گشت گومانلێکراوانە. بەردەوام بوونی تێست نەکردنیش درێژە دانە بە تاکە رێگەی بەردەست لە ئێستادا بۆ بەرەنگار بوونەوە کە ئەویش کەرەنتین کردنی هەموو کۆمەڵگایە. خۆشبەختانە، کاتی بڕیاری تێست کردنی گشت گومانلێکراوان هێشتا بەسەر نەچووە و چەند زووتر دەستپێبکرێت، ئەوەندە زووتر کەرەنتینی کۆمەڵگا بە ئەنجامی سەرکەوتووانە کۆتایی دێت. ئەوەتا لە پاڵ کەرەنتین کردنی هەموو کۆمەڵگا لە ئیتالیا کاری تێست کردن نەک هەر بەردەوامە بەڵکو ئیتالیای لە 9/3 دا گەیاندۆتە پلەی چوارەم لەرێژەی تێست کردن له‌ جیهاندا.

 

بەڵام تێست کردن پارەی زۆری تێدەچێت

بەڵی راستە. پەیدا کردنی تێست بۆ نزیکی 200 هەزار کەس لە عێراقدا، جگە لە تێچوونی تێستەکە خۆی پێویستی بە سوپایەکی ئامادەباشە لە کارمەندی پزیشکی و پسپۆڕ، هەر لە رێکخستنی کرداری تێستەوە بۆ بۆ گواستنەوە بۆ تاقیگەکان و بۆ پڕۆسێسی تێست تا دەگاتە گەیاندنی ئاکامەکان بە دەسەڵاتە پزیشکییەکانی وڵات ئەمە هەمووی تێچوونە.

 

ئەگەر هەر تێستەی 500 دۆلاریشی تێ بچێت ، ئەوە دەکاتە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار. بێ گومان ئەمە پارەیەکی زۆرە، بەڵام… سەرفکردنی ئەو پارەیە لە ئاستی سەرفکراو و بەهەدەر دراوی ساڵانەی عێراق و هەرێمی کوردستان پارەیەکی ئەوتۆ نییە، بە تایبەتی ئەگەر ببێتە مایەی خستنەکاری هەزارەها کارمەندی تەندروستی وتەکنیکی بە گرێبەست. چونکە ئەوانەی ئەو پارەیە وەردەگرن دەبنە هۆی بووژاندنەوەی بازاڕەکان، چونکە بەلای کەمەوە 75 سەنت لە هەر دۆلارێک کە بە دەستیان بگات، دەڕوات بۆ کڕینی شتومەک لە بازاڕەکاندا و بەو پێیە لانی کەمی 75٪ ئەو پارەیە لە بازاڕدا چەند جارێک دەگەڕێت.

 

تێچوونە ئابوورییەکانی تێست نەکردن

دوو رۆژ لە قەدەغەکردنی هاتۆچۆ ( ئەمڕۆش سێ رۆژی دیکەی خرایە بان) و هاندانی خەڵک بۆ خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی زیانێکی ئابووری سەخت بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت، کە هێشتا زۆر پێمانەوە دیار نییە، چونکە کۆمەڵگای کوردستان و عێراق بە گشتی نەهامەتیی نەبوونی و گەمارۆی ئابووریی ئەوەند بەخۆوە بینیوە کە زووربەی ئەوانەی لانی کەمی دەرامەتیان هەبێت راهاتوون بە زەخیرە خستن و بەرگەگرتن. بەڵام لە پاڵ ئەمه‌شدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان هەیە کە ئەگەر ئەمڕۆ پارە پەیدا نەکات، خواردنی سبەی نییە. لە کوردستان بۆ نموونە، خەڵکێکی زۆر مووچەخۆری حکومەتە (بە ڕێژەی نزیک لە ⅙ ی دانیشتوان) بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەوانە ناچاری دوو ئیش و سێ ئیشن تا بتوانن بژێوییان دابین بکەن. واتە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی هەرێم بەبێ کەرتی تایبەتی وردەفرۆشیار و کۆمپانیاکان ژیانیان مسۆگەر ناکرێت.کارەنتینی کۆمەڵگا سێکتەر لە دوای سێکتەری ئابووری لە عێراق و کوردستاندا بەرەو داخستن دەبات. ئەو زیانانەی لە کەرتی تایبەت، بە وردە فرۆشیار و سەنعەتکارەوە دەکەون، بۆ رێژەیەکی زۆریان، گەر حاڵ بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مانای نابووت بوون و لەدەستدانی بژێوییە. گێڕانەوەی متمانەی بازاڕەکان بە پاشەڕۆژی ئابووریی وڵات زۆر زیاد لە  100 ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنانی راستەوخۆی حکومەتی تێدەچێت.

 

لەبەر هەموو ئەمانەی سەرەوە، هیوادارم هاووڵاتیان، لە عێراق و کوردستان فشاری بەردەوام بخەنە سەر بەرپرسیارانی سیاسی و ئابووری بۆ پابەند بوون بە تێست کردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەی تێستەکان و پلانی گەیاندنیان بەهەموو ئەوانەی گومانلێکراون. چین و کۆریای باشوور دراوسیێ یه‌كترن . یەکێکیان هەموو کۆمەڵگای خستە کارەنتینەوە و ژیان وگوزەرانی لە هەموو خەڵک بە بێ جیاوازی کردە دۆزەخ تا ئەوەی گەیشتە کۆنترۆڵ کردنی پەتاکە، بەڵام کۆریای باشوور لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵی پەتاکەی کردو، بە درێژایی هەلمەتەکەی چەند هەزارێک هاووڵاتیی کارەنتین کرد، کەچی ئاکامەکانیان گەلێک لە چین باشترە. بڕوانە هێڵکاریی ژمارەی تووشبووانی رۆژانەی هەردووکیان (چین سوورە و کۆریا شین)

خۆ لێکبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی کارێکی باشە، بەڵام

 

وەک لە هێلکارییەکەدا دیارە کۆریا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەهۆی تێستەوە کێرڤی پەتاکەی بەرەوخوارەوە برد و وڵاتەکەیان بە کەمترین زیانەوە بەرەو بووژانەوەی ئابووری دەبەن.

 

ئەمڕۆ دەستخۆشی لە بڕیارە یەک لەدوای یەکەکانی کارەنتینکردنی کۆمەڵگا لە عێراق و کوردستاندا دەکەین، بەڵام هەمووشمان دەست لەسەر دڵین نازانین لە داهاتوویەکی نزیکدا پەتاکە خۆی یان ئاکامە ئابوورییەکانی ترسناکترن.

 

دەسەڵاتە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق کە تا ئەمڕۆ بۆیان چۆتەسەر ئەرکی هەموو نەهامەتییەک و قەیرانێک بخەنە ئەستۆی هاووڵاتیان و خۆشیان لە تەخشان و پەخشانی سامانە زۆرەکانی وڵات رۆژێک خۆیان بێبەش نەکردووە. گەر لێیان بگەڕێین پارەی تێچوونی تێست بە زۆر دەزانن سکە بۆمانی سەرف بکەن.بە فشاری ئیمە نەبێت، ئەم شێوازی ژیانەیان ناگۆڕن.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل