fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"لە پیاوێکی 70 ساڵە دراوە"

خۆپیشاندەرێكی سەیدسادق: ئاسایش لێی دام و قۆنەرەش كرایە دەممەوە

20:36 دوو شه‌ممه‌ 27 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس كورد – تایبەت

خۆپیشاندەر و چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆی سەیدسادق دەڵێت، هێزەکانی ئاسایش لێیان داوە و تەنانەت پێڵاویشیان كردوەتە دەمی، قائیمقامی قەزاكەش ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت، “بابەتەكە بەو جۆرە نییە و گەورەكراوە”.

.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی کانونی دووەمی 2020، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و چالاکانی سەیدسادق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دابەشنەکردنی نەوت خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، زانا عەلی، چالاكوانی مەدەنی و یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بە ناس كوردی ڕاگەیاند: لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و ئاسایشەوە بە توندترین شێوە لێماندراو و بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران كرا.

.

دەشڵێت، “لە بەرانبەر داواكردنی مافەكانماندا گەورەترین سوكایەتیمان پێكرا، تەنانەت هێزەكانی ئاسایش پێڵاویان كردە دەمی منەوە و هەموو جەستەم شوێنەواری لێدان و بریندارییە و تەنانەت لە پیاوی 70 ساڵەش دراوە.”

.

دەربارەی ئەوەی سكاڵای یاسایی لەسەر هێزە ئەمنییەكان تۆماردەكەن یاخود نا، ئەو چالاكوانە ئاماژەی بەوەکرد کە “هێزی ئەمنی و دادگا و سەرجەم دامەزراوەكان هی دەسەڵاتن و باوەڕیان بە سكاڵا و یاسا نییە.”

.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لێدانی خۆپیشاندەرانی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت، “مەخابن جارێكی دیكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرشی توند كرایە سەر خۆپیشاندەران، یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندەران بەناوی زانا عەلی سوكایەتییەكی زۆر بە كەرامەتی كراوە و دڕندانە لەلایەن پیاوانی دەزگا ئەمنییەكانەوە پێڵاو خراوەتە ناو دەمییەوە كە ئەمە بەتەواوەتی دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە كە بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكرێت.”

خۆپیشاندەرێكی سەیدسادق: ئاسایش لێی دام و قۆنەرەش كرایە دەممەوە

.

دەشڵێت “ئەگەر پیاوانی دەزگا ئەمنیەكان لە سەروەت و ماڵ و منداڵی بەرپرسان نەترسن ناچن وا لە ڕۆڵەیەكی ئەم نیشتمانە بریندارە بكەن كە تەنها داوای مافی ڕەوای خۆی و ئەوانی كردووە.”

.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، “زانا عەلی یەكێكە لە بریندارەكانی 17 شوبات و ڕۆژانی دوایی بە ئێستاشەوە پێویستی بەچارەسەری درێژخایەن هەیە، بەڵام خاوەن كەسایەتی و نەفسێكی بەرزە و سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەنوس بووە بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی لەسەر عارەبانە میوە و سەوزە دەفڕۆشێت، بۆیە ئەو مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان زۆر ناڕەوایە شیاوی بێدەنگ بون نییە.”

.

بەڵام دیاری ڕەفیق، قائمقامی قەزاكە بە ناس كوردی وت: “لێرەو لەوێ‌ چەند حاڵەتێك هەبوە بەڵام بەو شێوەیە نییە كە گەورە كراوە، ئەو كوڕەشی وای لێكراوە لە ڕابردودا سەرمەشق و دەستپێشخەری خۆپیشاندانەكانی سەیدسادق بووە، ئەمڕۆش ئەو خەڵكی هانداوە و بەشێك لە دروشمەكانیان خراپ بوون و ڕەنگە بۆ ئێستای ئەم وڵاتەی ئێمە گونجاو نەبێت.”

خۆپیشاندەرێكی سەیدسادق: ئاسایش لێی دام و قۆنەرەش كرایە دەممەوە

.

سەبارەت بە ڕوداوەكەش وتی، “خۆپیشاندەران پێش ئەوەی بگەنە بەردەم قائمقامیەت بەلای ئاسایشدا ڕۆشتون و قسەكراوە و حاڵەتەكە بەو شێوەیە وەرگیراوە بەڵام بەو شێوازە نییە و گەورە كراوە، ڕەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبووبێت كە خەڵكی ئەو شارەیە و كوڕێكی باش و كاسبكارە و بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە هەبوبێت بۆ ئەوەی دۆخەكە نەتەقێتەوە و وەك پێشوو خەڵك بكوژرێت، ئەوەندەی من پەیوەندیم بە ئاسایشەوە كردوە بەو شێوەیە بووە.”

.

قائمقامی سەیدسادق جەختیکردەوە لەوەى “ئاگادار نیم هیچ كەسێك سكاڵای لەسەر ڕوداوەكە تۆمار كردبێت و هیچ خۆپیشاندەرێكیش دەستگیر نەكراوە.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل