ناس کورد-
بە بەرزکردنەوەی هوتافی “هەینی خۆڕاگری” خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق بەردەوامن لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان، دەشڵێن “بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی دەربڕین ئەگەر 40 ساڵیش بخایەنێت”.
.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی”هەینی خۆڕاگری” لەلایەن ئاپۆڕای خۆپیشاندەرانەوە لە گۆڕەپانی تەحریر، لە شەوی ڕابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ (هەینی) 4 خۆپیشاندەر لە بەغدا كوژراوون و لە شاری نەجەفیش خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقاری مانگرتنی گشتی ئاڕاستە دەکرێت.
.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری بەیانی ئەمڕۆ (هەینی، 15ی تشرینی دووەمی 2019) ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران ڕوویان کردە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا وشارەکانی دیکەی عێراق.
.
ئاژانسەکە ئاماژەى بەوەشکرد، خۆپیشاندەران بە پۆشاکی خوێناوی و تۆزاوییەوە ریزیان بەرانبەر هێزە ئەمنییەکان بەستووە و دروشمی ڕووخاندنی حكومەت دەڵێنەوە.
.
هاوكات خۆپیشاندەرێكی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر بە ڕۆیتەرزی وتووە “هەموومان گەنجین هیچمان نییە، هیچ وەزیفە و کارو مووچەیەكمان نییە، بەرپرسەکانیش هەموو سەرەوت و سامانی ئەم وڵاتەیان دزیوە بۆیە لێرە ناڕۆین تەنانەت ئەگەر 40 ساڵیش بەردەوام بین”.
.
لە ماوەی هەفتەكانی ڕابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە لە عێراق زیاتر لە 300 كەس كوژران و بە هەزاران خۆپیشاندەری دیكەش بریندار بوون، سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەندێك چاكسازی لەلایەن حكومەتەوە، خۆپیشاندەران بڕیاریانداوە بەردەوام بن تاوەكو بەتەواوی حكومەت دەستووری وڵات دەگۆڕێت و یاسای هەڵبژاردنی نوێ پەسەند دەكرێت و كۆمسیۆنی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
.