fbpx
Shadow Shadow

 ئایا حکومەتەکەی دەکەوێت؟

 خۆپیشاندان تەنگ بە عادل عەبدولمەهدی هەڵدەچنێت

21:17 سێ شه‌ممه‌ 01 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

دوورخستنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی، جێگری فەرماندەی دژە تیرۆر لەپۆستەکەی، کێشەکانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی  زەقکردەوە و بوو بە پریسکی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگاى دیکە، کە تێیدا بۆ یەکەمجار دروشمى ڕۆیشتنى سەرۆک وەزیران بەرزکرایەوە.

.

خۆپیشاندانەکان بە بەرفراوانترین دادەنرێن لەو کاتەوە کە عادل عەبدولمەهدى لە ئۆکتۆبەرى 2018ەوە بووە بە سەرۆک وەزیران، دواى ئەوەى لیستە براوەکانى هەڵبژاردن بەهۆى ململانێکانیانەوە نەیانتوانى ئەو پۆستە بۆخۆیان ببەن.

.

لە خۆپیشاندانەکەى گۆڕەپانى تەحریرى شارى بەغدادا، دروشمى “گۆڕینى ڕژێم و ڕۆیشتنى عادل عەبدولمەهدى” بەرزکرایەوە، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو کە خۆپیشاندەران داواى لەو شێوەیە بکەن، لەو کاتەوە کە کابینەى نوێ دواى ململانێیەکى درێژخایەن پێکهێنرا.

.

جگە لەوە خۆپیشاندەران، وێنەى عەبدولوەهاب ساعدى یەکێک لە دیارترین فەرماندەکانى دژە تیرۆریان بەرزکردبووەوە، کە لەلایەن عەبدولمەهدییەوە دورخراوەتەوە بۆ وەزارەتى بەرگرى، لە ئاماژەکدا بۆ توڕەیی خۆپیشاندەران بەرانبەر بڕیارى دوخستنەوەى ئەو فەرماندە سەربازییە کە بە یەکێک لە ڕەمزەکانى سەرکەوتن بەسەر داعشدا دادەنرێت.

 خۆپیشاندان تەنگ بە عادل عەبدولمەهدی هەڵدەچنێت

کێ لەپشت خۆپیشاندانەکانەوەیە؟

بە پێچەوانەى خۆپیشاندانەکانى پێشووەوە بەتایبەتى لەسەردەمى حکومەتەکەى حەیدەر عەبادیدا، کە ڕەوتى سەدر هەمیشە لەپشت خۆپیشاندانەکەوە بوو، خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆ لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بەفەرمى پشتیوانى نەکرا، ئەگەرچى بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى وەکو فەتح و حیکمە نەیانشاردووەتەوە کە لە حکومەتەکەى عەبدولمەهدى ناڕازین، سەرەڕاى موقتەدا سەدر کە چەند جارێک ڕەخنەى لە کابینەکە گرتووە.

.

ئەحمەد خزر، چاودێری سیاسی عێراقی کە هاوکات یەکێکە لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لەشاری بەغدا تایبەت بەناس کوردی  ڕاگەیاند “خۆپیشاندانەکان خۆرسک و جەماوەرین، دەستی هیچ لایەنێکی سیاسی عێراقیشی لە پشتەوە نییە”.

.

وتیشی “حکومەت بەشێوەیەکی داپڵۆسێنەر پەنای بردووەتە بەر دەمکوتکردنی خۆپیشاندەران، لە کاتێکدا بەشێوەیەکی ئاشتیانە هاتوونەتە سەرشەقامەکان، مامەڵکردنی حکومەت بەم شێوەیە گڕوتینی زیاتری داوەتە بە خۆپیشاندانەکان و ئەگەری هەیە لەڕۆژانی داهاتوودا تووندتربێت”.

.

هێزە ئەمنییەکان بە گازى فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلى ئاوپرژێن ڕوبەڕووى خۆپیشاندەران بوونەوە، لە هەندێک شوێنیش تەقەیان لێکرا، بەتایبەت کاتێک خۆپیشاندەرانى بەغدا هەوڵیاندەدا لەپردى کۆمارییەوە بپەڕنەوە بۆ ناوچەى سەوزى بەغدا کە بارەگاى حکومەت و پەرلەمان و باڵیۆزخانەکانى تێدایە.

.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق، لە خۆپیشاندانەکەى بەغدا و ژمارەیەک پارێزگاى دیکەدا، خۆپیشاندەرێک کوژراوە و 200 کەسى دیکەش برینداربوون، کە 40 کەسیان سەر بە هێزە ئەمنییەکانن.

 خۆپیشاندان تەنگ بە عادل عەبدولمەهدی هەڵدەچنێت

ئەحمەد خزر جەختدەکاتەوە، خۆپیشاندانەکان تەنها جەماوەرین و هیچ لایەنێکی سیاسی پاڵپشتی ناکات، چونکە داواکاریی خەڵک بۆ چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵی و لابردنی گەندەڵکاران لەبەرژەوەندی ئەو حزباندا نییە.

.

. پێشیوایە، داکۆکینەکردنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن حزبە سیاسییەکانی عێراقەوە ئەو دەردەخات ئەوان پاڵپشتی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن و هەر گۆڕانکاریەکیش لەو حکومەتە  بەرژەوەندییەکانیان دوچاری مەترسی دەکاتەوە.

.

وتیشى “خۆپیشاندانەکان نابنە هۆکارێک بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بەڵکو تەنها تینی بۆ دێنێ و ناچارى دەکات هەندێک گۆڕانکاری ئەنجامبدات”.

.

هاوپەیمانی نەسر: بەرچاو ڕون نین

هاوپەیمانی نەسر، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕابەرایەتی دەکات و بە ڕەخنەگری سەرسەختی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دادەنرێت و لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندایە، تا ئێستاهیچ هەڵوێستێکی ڕوونی دەربارەی خۆپیشاندانەکان ڕانەگەیاندووە، بەوپێیەی تائێستا بەرچاو ڕون نین.

 خۆپیشاندان تەنگ بە عادل عەبدولمەهدی هەڵدەچنێت

حسێن فنجان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی نەسر، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند “ئێمە بەرچاو ڕونین لەو دۆخەی کەئێستا لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراق دەگوزەرێت، وێنەکە زۆرناڕوونە، لەبەرئەوە ناتوانین لە ئێستادا بڕیاری دژ وەستانەوە یان پشتگیری  لە خۆپیشاندانەکان بکەین”.

.

وتیشی “پێش ئەوەی بریاڕێک لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە بدەین دەبێت بزانین بەڕوونی هۆکارەکانی چین، چونکە خۆپیشاندانەکان تائێستا شێوازێکی تەمومژاوی هەیە”.

.

بۆچى ڕەوتی سەدر بێدەنگە؟

تائێستا ڕەوتی سەدر، کە موقتەدا سەدر ڕابەڕایەتی دەکات، لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە بێدەنگە و پیشتگیریی نەکردووە، لەکاتێکدا ڕەوتی سەدر و خودی ڕابەرەکەی موقتەدا سەدر، بەو ناسراون کە چەندین خۆپیشاندانی جەماوەری ملیۆنی دژ بە حکومەتە جیاجیاکانی عێراقیان ئەنجامداوە.

 خۆپیشاندان تەنگ بە عادل عەبدولمەهدی هەڵدەچنێت

قوسەی موحسین، ئەندامى پەرلەمانی عێراق، لەهاوپەیمانی سائرون تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند “هەوپەیمانی سائیرون و  ڕەوتی سەدر لەگەڵ هەموو داواکارییەکی  ڕەوای خەڵکی عێراقن، بەڵام دەبێت ئەو داواکاریانە لە چوارچێوەی یاسا بێت و بەدەربێت لە هەموو پشێوییەک”.

.

وتیشی “ئێمە بەهەموو شێوەیەک سەرکۆنەی ڕفتاری حکومەت دەکەین لەگەڵ  خۆپیشاندەران”.

.

پەرلەمانتارەکەى سائیرون ئاشکرایکرد، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕاگەیاندنێکی  فەرمی بڵاودەکەنەوە،، کە دیدو هەڵوێستی ڕوونی سائرونی تێدادەبێت لەسەر خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل