fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

خواردنی مار و کەروێشک لە مەشقەکانی هێزێکی پێشمەرگە کاردانەوەی لێکەوتەوە [تایبەت]

16:33 هه‌ینی 14 شوبات 2020
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی کۆمەڵێک پێشمەرگە کە لەکاتی مەشق کردندا بە کاڵی ئاژەڵ دەخۆن کاردانەوەی هاووڵاتیان و ژینگەپارێزگانی لێکەوتەوە و وتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، دژی ئەو حاڵەتەن و داوای ڕاگرتنیشی دەکەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، دەکرێت لەجێگەی ئەوە ئەو هێزانە فێری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان بکرێن.

،

دوێنێ پێنجشەممە 13ی شوباتی 2020، وێنەی کۆمەڵێک کوڕ و کچە پێشمەرگە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، کە سەر بە هێزەکانی 80ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بوون و لەکاتی مەشقەکانیاندا گۆشتی ئاژەڵی کێوی وەک مار و کەروێشک بە کاڵی دەخۆن، لەکاتێکدا بەوتەی ژینگەپارێزێک بەگوێرەی ڕێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان کوشتنی مار و کەروێشک قەدەغەکراوە.

،

لەوبارەیەوە، سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو دیاردەیە نە مەردایەتیە، نە ئازایەتی، ژیانی ئاژەڵان و خشۆکەکان بۆ تاقیکردنەوە نیە، ئەوانەی ھێز و بازویان لەسەر ئاژەڵان تاقی دەکەنەوە، لاواز و بێ دەسەڵاتن و ئەرکی ئەوان تەنھا پاراستنی مرۆڤ نیە، بەڵکو پاراستنی ئاژەڵانیشە”.

،

وتیشی، چۆن دەکرێ ھێزێک خۆی بە پارێزەری خاک و گەل و نیشتیمان بزانێ، بەڵام بە قەپ کەروێشکی زیندو بکوژێ و مار بخوات، لەکاتێکدا هێزی دیکەی تایبەتیش بە پاراستنی ئاژەڵان هەیە، ناکرێت هێزێکی حکومی بیانپارێزێت و هێزێکی دیکە بیانخوات، لەکاتێکدا بەگوێرەی ڕێنماییەکارپێکراوەکان لە هەرێم کوشتنی مار و کەروێشکی کێوی بەتاوان دانراوە و قەدەغەیە، چونکە هیج مرۆڤێک ناتوانێت مافی ژیان لەو ئاژەڵانە بسێنێت و بیانکوژێت.

،

هاوکات دەستەی ژینگە دەڵێت، ڕۆژی یەکشەممە بە فەرمی داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن چیتر ئەو نەکەن و قەدەغەی بکەن، ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش پێیوایە، پێویستە لەجێی ئاژەڵ خواردن، پێشمەرگە فێری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و وڵات بکرێت.

،

 

هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم ڕەخنە لەو حاڵەتە دەگرێت و دەڵێت: “ئێمە وەک دەستەی ژینگە و لەڕووی مرۆڤایەتییەوە دژی ئەو حاڵەت و کارانەین و هەوڵی ڕاگرتنی دەدەین”.

،

وتەبێژی دەستەی ژینگە بە ناس کوردی وت: “ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ژینگە کۆدەبینەوە و باس لەو حاڵەتە دەکەین و لەڕێگەی نوسراوەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو کارانە ڕابگرێت و چیتر ئەوە جۆرە مەشقە نەکەن”.

،

لەلایەکی دیکەوە عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لە پێشمەرگە دێرینەکانی هەریم بۆ ناس کورد وتی: “ڕەنگە ئەو جۆرە مەشقە بۆ ئەوە بێت کە ئەو پێشمەرگانە بتوانن ڕوبەڕوی هەموو شتێکی قورس ببنەوە و سڵ لە هیچ نەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دروست نییە و ئەگەر بشکرێت نابێت وێنەکانی بڵاوبکرێتەوە”.

،

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەجێگەی ئەو ڕاهێنانە، هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو گەنجانەی دەبن بە پێشمەرگە فێری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان و پاراستنی وڵات بکرێن و خیانەت لە وڵات نەکەن، نەوەک بەوشێوەیە مەشقیان پێبکرێت.

،

جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان جەختیشیکردەوە، لەڕێگەی لیژنەکەیانەوە ئەو هێزانە ئاگاداردەکەنەوە کە چیتر ئەو جۆرە مەشقانە نەکەن و ڕێگەیان لێدەگیرێت.

،

ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە فەرماندەی یەکەکانی 80، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل