fbpx
Shadow Shadow

خراپییەکانی پڕۆژەیاسای کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن

11:55 پێنج شه‌ممه‌ 21 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس بیروڕا – لەتیف مستەفا

.

پڕۆژەیاسای کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کە لە بەرواری 13ی تشرینی دووەمی 2019 لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ یەکێک لە داواکاریەکانی خۆپیشاندەران لە جیاتی ئەوەی ببێتە ھۆی سەربەخۆکردنی کۆمسێۆن و کەم کردنەوەی گەندەڵی، دەبێتە ھۆی زیاتر کۆیلەکردنی، و ھەروەھا برەودان بەگەندەڵی و لەھەمان کاتیشدا پڕۆژەیەکی دژە کوردیشە وەک لە خوارەوە ڕونی دەکەینەوە:

..

یەکەم: گەرەنتینەکردنی سەربەخۆییبوون

مادەی دوو لە پڕۆژەکە دەڵێت، ئەنجومەنی کۆمسیاران لە حەوت ئەندام پێک دێت بەم شێوەیە:
ئەلیف: سێ دادوەر پۆلێنی یەکەم ،دوو دادوەریان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری فیدراڵی و یەک دادوەریش لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستانەوە کاندید دەکرێن.

.

دووەم: ڕاوێژکارێک خزمەتی 10 ساڵ کەمتر نەبێ لەلایەن ئەنجومەنی شوراوە کاندید دەکرێت.

.

سێیەم : دوو پڕۆفیسۆری زانکۆ لە پسپۆڕێتی زانستە سیاسیەکان و کۆمپیوتەر کە خزمەتی زانکۆییان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێ لەلایەن لیژنەی پسپۆڕی پەرەپێدانی ھەردوو کۆلێجی زانستە سیاسیەکان و کۆمپیوتەرەوە کاندید دەکرێن.

.

چوارەم: ژمێریارێک کە خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێ لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە کاندید دەکرێت.

.

ئەم سەرنجانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
یەکەم: وەک دەردەکەوێت ئەم پڕۆژەیە ئەرکی کاندیدکردنی ئەندامەکانی کۆمسێۆنی سپاردوە بە دام و دەزگاکانی دەوڵەت و وای داناوە کە دام و دەزگاکانی دەوڵەت سەربەخۆ و پڕۆفیشناڵ و پیشەیین، لە بیری چووەتەوە کە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمیش بە دەسەڵاتی دادوەری و زانکۆکانیشەوە لەنێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە وەزیرەوە بۆ فەڕاش بەشێوەی پشکپشکێنە دابەشکراون و کۆنترۆڵکراون و خەڵکی پڕۆفیشناڵ و سەربەخۆ و پیشەیی یان دەرکراون یان پەراوێزخراون و ھەموو جومگەکان بەدەستی حیزبیەکانەوەیە، ھەرکەسێک کاندید بکرێت لەو دەزگایانەدا یەکێک دەبێ سەر بەخۆیان.

.
ئەگەر بەڕاستی دام و دەزگاکانی دەوڵەت سەربەخۆ و بێلایەن بوونایە خەڵک نەدەگەیشتە ئەو ئاستی ناڕازیبوونە و نەدەھاتە سەرجادە،
بۆیە پێویستە بە دوای خەڵکانێکدا بگەڕێین کە بەڕاستی و بە فیعلی سەربەخۆن نەک ئەندامی دام و دەزگایەک بن کە بە شەکلی سەربەخۆن بەڵام لەواقیعدا وابەستەی حیزبن، پێویستە سود لە ئەزموونی دروستکردنی یەکەم کۆمسێۆن لەساڵی 2004 وەربگرین کە ھاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتوەکان توانیان لە دەرەوەی دامودەزگاکانی حکومەت کۆمسێۆنێکی سەربەخۆ لەکەسانی بێلایەن دروست بکەن.
.

دووەم: ئەم پڕۆژەیە لەجیاتی دژایەتی گەندەڵی برەو بە گەندەڵی دەدا

.

لە مادەی حەوتەم بڕگەی دووەم دەڵێ ئەو بەڕێزانەی سەرەوە ئینتیداب دەکرێن بۆ ئەندامێتی کۆمسێۆن، واتە پێویستە بەھەمان پلەو مووچەی پۆستی خۆیان ئینتیداب بکرێن و دوای تەواوبوونی ماوەی ئینتیدابەکەیان کە چوار ساڵە بگەڕێنەوە سەرکاری پێشویان ،کەچی ئەم پڕۆژەیە بەسەر ئەم ئینتیدابەدا بایداوەتەوە و فێڵی لە خەڵک کردوەو لەمادەی 13، دەشڵێت سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران سەرپشک دەکرێن لە نێوان موچە و دەرماڵەی پۆستەکەی پێشوی خۆیان یان موچە و دەرماڵەی ئەوەی وەكیل وەزیر وەری دەگرێت، لەوەش زیاتر لە بڕگەی سێیەمی ھەمان مادەدا دەڵێت لەکۆتایی ماوەی کارکردنیان لە کۆمسێۆن، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران سەرپشک دەکرێن بە گەڕانەوە بۆ سەر پۆستی خۆیان یان خانەنشین بن بە ڕێژەی 80%‏ی ئەو موچەیەی لە کۆمسێۆن وەریدەگرن، ئەمەش واتەدرێژەدان بەو گەندەڵیەی ھەیە، پۆستە باڵاکان بەماوەیەکی کەم بە موچەی باڵا خانەنشین بن، دەبوایە بە ئیجباری بڵێ دەگەڕێنەوە سەر پۆستی پێشویان.

.

سێیەم: سەبارەت بە پشکی کورد

.
سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین ئێمە و خەڵکی کوردستانیش دژی پشکپشکێنەی حیزبین بۆ دابەشکردنی پۆستە گشتیەکان لە عێراق و کوردستانیش بەڵام لەگەڵ ئەوەین کورد و پێکھاتەکانی تریش ھەریەکەیان پشکی خۆی لە پۆستە گشتیەکان ھەبێ لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو پۆستانە بدرێن بەکەسانی شایستە لەسەر بنەمای ململانێ و پێشبڕکێ، ئەگەر سەیری ئەم پڕۆژەیاسایە بکەین ژمارەی ئەندامانی کۆمسێۆنی کەمکردۆتەوە لە نۆ ئەندامەوە بۆ حەوت بەڵام پشکی مسۆگەری کوردی کردوە بەیەک ئەندام واتە نیوا و نیو کەمی کردوە، ئەو ئەندامەش دادوەرێک دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم دادەنرێت، ھەموولایەک دەزانن دەسەڵاتی دادوەری لە کوردستان و عێراقیش سەربەخۆ نییە و لە دەستێوەردانی حیزبی بەدور نییە، لە کوردستان دەسەڵاتی دادوەریش وەک دەزگاکانی تر لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەشکراوە، بەڵام کۆنترۆڵی دەسەڵاتەکە بەپلەی یەکەم لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، بۆیە ئەنجومەنی دادوەری لەجیاتی کاندیدکردنی دادوەرێکی بێلایەن و لێھاتوو ئەکید دادوەرێکی سەر بە پارتی کاندید دەکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دژی پرەنسیپی سەربەخۆیی کۆمسێۆنە و لە قازانجی کوردیش نییە، لەناو لایەنەکانی کوردستانیشدا جگە لە قازانجی یەک لایەن لە قازانجی ھیچ لایەنێک نیە.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل