Shadow Shadow

حیزبەکانی رۆژهەڵات: چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین بۆ دانوستان

17:29 یه‌ك شه‌ممه‌ 14 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

ده‌نگۆی وتووێژ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و هەوڵە نێوەدەوڵەتییەکان بۆ لێک نزیکبوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان لەگەڵ حکومەتی ئێران پشتڕاست دەکرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەیەوێت فشارەکان لەناوخۆی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەستپێکردووە.

.

پاش دەستپێشخەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆیان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش جەخت لەوە دەکەنەوە، بڕوایان بە دیالۆگی ئاشتییانە‌ هه‌یە و دەڵێن، هەندێک ناوەند و لایەنی سەربەخۆی نێودەوڵەتیش لە پەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی کورد.

.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی ڕۆژهەڵات کە لە چوار حیزب پێکدێن، ئاماژە بەوە دەکەن، هه‌موو کات بڕوایان به‌ چاره‌سه‌ری کێشە‌ی كورد به‌ رێگای ئاشتیخوازانە و دادپه‌روه‌رانەو دیالۆگ‌ هه‌بووە، به‌ڵام له‌لایه‌ك‌ كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای به‌ چاره‌سه‌ری سیاسی مه‌سه‌له‌ی كورد نه‌بووه ‌و لەلایه‌كی دیكەشە‌وه‌ ئه‌زمونی وتووێژه‌كانی ڕابردووش زیاتر كه‌شوهه‌وای بێ متمانه‌یی دروستكردووه‌.

.

ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی ڕۆژهەڵات جەخت لەوەشدەکەنەوە، لە پێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەندێک ناوەند و لایەنی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لەگەڵ ناوەندی هاوکاری حزبەکان لە پەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسی ئاشتییانە بۆ کێشەی کورد لە ئێران.

.

ئارام مودەریس، نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ناوەندی هاوکاری سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیارێکی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان خستووەتەڕوو، ئێمەش لەڕێگەی ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەوە، وەڵامی پێشنیارەکەی ئێرانمان داوەتەوە و چاوەڕێی وەڵامین”.

.

مودەریس باسی لەوەشکرد، ئەوان چەند مەرجێکیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە بۆ دانوستان، کە بریتین لە “هەڵگرتنی حوکمی سەربازی لە رۆژهەڵات، ئازادکردنی بەندکراوانی کورد لە زیندانەکان، لەبەرامبەردا حیزبەکانیش بەڵێن دەدەن چالاکی پارتیزانی لە رۆژەهەڵاتى کوردستان ئەنجام نەدەن”.

.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەریەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی حیزبی دیموکرات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکدێت.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل