fbpx
Shadow Shadow

پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژە یاساى هەڵبژاردنەکان کرد

حکومەت زۆربەى بڕگەکانى پڕۆژەکەى سەرۆکایەتى کۆمارى “دەستکاریکردووە”

21:12 سێ شه‌ممه‌ 19 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

پەرلەمانى عێراق  خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەردوو پڕۆژە یاساى هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆن کرد، سەرچاوەیەکى ئاگاداریش ڕایگەیاند، پڕۆژە یاساى هەڵبژاردن هەمان ئەو پرۆژەیەى سەرۆکایەتى کۆمار نییە کە رەوانەى حکومەتى کرد، چونکە حکومەت “دەستکارى زۆریکردووە و ئامانجەکەى لەباربردووە”.

.

لەدوو هەفتەى ڕابردوودا سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق پرۆژەیەکى تایبەت بە هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى ئامادەکرد و ڕەوانەى حکومەتى کرد بەمەبەستى تاوتوێکردنى، دواتر حکومەت پرۆژەکەى بە دەستکاریکردنەوە ڕەوانەى پەرلەمان کرد.

.

سەرچاوەیەکى سیاسی ئاگادار لەبەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند “حکومەت زۆرینەى باشییەکانى پڕۆژەکەى هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها یاساکەیان بەش بەش کردووە، لەکاتێکدا پرۆژەکەى سەرۆکایەتى کۆمار هەر سێ پرۆژەى هەڵبژاردن و پارێزگاکان و کۆمسیۆنى کردبووە یەک پڕۆژە”.

.

وتیشى “ئەو گۆڕانکارییانە زۆرێک لە ئامانجى یاساکەى سەرۆکایەتى کۆمارى لەباربردووە، ئەوەش مایەى ڕەخنەى ڕێکخراوەکان و خۆپیشاندەران بووە، لەگەڵ ئەو کەسانەى بەشداربوون لە ئامادەکردنى پڕۆژەکە، تەنانەت نەتەوەیەکگرتوەکانیش لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا نییە”.

.

بەوتەى سەرچاوەکە، دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەى حکومەت کردونى ئەوەیە، ئەوان هەر قەزایەکیان کردبووە بازنەیەکى هەڵبژاردن، بەڵام حکومەت کردویەتییەوە بە پارێزگا، دەستکارى ژمارەى کورسییەکانیش کراوە، کە سەرۆکایەتى کۆمار کەمیکردبووەوە، هەرچەندە ژمارەکەى ئەوانیش کەمترە لەوەى ئێستا.

.

سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو “هێشتا ماوە بزانین کوتلە سیاسییەکان بۆچوونیان چییە، هەرچەندە بەشێک لە کوتلەکان رەنگە لەگەڵ ئەوەدانەبن بەهۆى یاساکەوە کەسى سەربەخۆ بێتە پێشەوە و ئیمتیازاتى حزبى نەهێڵێت”.

.

بەپێی پڕۆژەکەى سەرۆکایەتى کۆمار، سیستەمى هەڵبژاردن بەتەواوى لەعێراق دەگۆڕێت و کورسییەکانى پەرلەمان بەشێوەیەکى تر بەسەر لیست و کاندیدە براوەکاندا دابەشدەکرێن.

.

لەپڕۆژەکەدا، رۆڵى لیستى حزبى بەتەواوى کەمکراوەتەوە و زیاتر پشت بە لیستى تاکەکەسى و دەنگى کاندیدەکان دەبەسترێت. بۆ ئەوەى دادپەروەپەرى بێتە کایەوە، پشت بە دەنگى کاندیدەکان دەبەسترێت بۆ دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمان، بەجۆرێک دەنگى هیچ کاندیدێک بۆ کاندیدەکانى دیکە ناڕوات، بۆ نمونە ئەگەر پارێزگایەک خاوەنى 10 کورسی بێت، ئەو 10 کاندیدەى زۆرترین دەنگیان هێناوە کورسیەکان دەبەن.

.

پێشتر هاوژین عومەر ڕاوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق کە راسپێردرابوو بۆ کارکردن لە گۆڕانکارییەکانى یاساى هەڵبژاردن بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو “پڕۆژەکە بۆ ئەوەیە عێراق لەهەندێ گەندەڵى بوارى هەڵبژاردن و کەموکورتى دوربخاتەوە، کۆمسیۆن و یاسایەکى تازە دروستدەبێت”.

.

باسى لەوەشکردبوو، ئەو پڕۆژەیە لەبەرەنجامى ماوەیەکى زۆر لە راوێژ و گفتوگۆ و شارەزایانى هەڵبژاردن هاتووەتە کایەوە،بە ئامانجى ئەوە نەنوسراوە کە کێ سودمەند و زیانمەند دەبێت، بەڵکو بۆ ئەوە نوسراوە کە چاکسازى لە پرۆسەکە و پارێزگاریکردن لە شەفافیەت و نەزاهەتى هەڵبژاردن بکرێت.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل