fbpx
Shadow Shadow

تائێستا تەندروستی سلێمانی و نەخۆشخانەى شار بێدەنگن

حکومەت و پەرلەمان بەدواداچوون دەکەن بۆ گیانلەدەستانی نەخۆشێک لە سلێمانی

21:46 دوو شه‌ممه‌ 20 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد – هەڤاڵ فەتاح

هەریەکە لە وەزارەتى تەندروستى و لیژنەى تەندروستى پەرلەمانى کوردستان بەدواداچوون دەکەن بۆ گیانلەدەستدانى نەخۆشێک لە نەخۆشخانەى شارى سلێمانى، دواى ئەوەى پەرلەمانتارێکى پێشوو پزیشکێکى نەخۆشخانەکەى بەوە تۆمەتبارکرد کە بە “هاناى نەخۆشەکەوە” نەچووە.

.

دوێنێ عومەر عینایەت، پەرلەمانتارى خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک ڕووداوى گیان لەدەستدانى نەخۆشێکى گێڕاوەتەوە، کە بە وتەى ئەو لە نەخۆشخانەى شار پزیشکى ئێشکگر وەکو پێویست نەچووە بە هانایەوە.

.

بەوتەى عومەر عینایەت، ڕۆژى 29ى مانگى ڕابردوو کەسێک کە بەهۆى ڕووداوى هاتوچۆوە برینداربووە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەى شار، بەڵام لەماوەى چوار ڕۆژدا تەنها دوو خولەک پزیشکى ئێشکگر بینویەتى و دواتر پێی وتوون کە بیبەنە نەخۆشخانەى ئەهلى و بەهۆى خراپى بارى تەندرستییەوە نەخۆشەکە گیانى لەدەستداوە.

.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ناس کوردى ڕاگەیاند، “سەبارەت بەو بابەتەی کە عومەر عینایەت باسی کردووە کە گوایە لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی پزیشکی ئێشکگر نەچووە بە هانای نەخۆشێکەوە دواتریش نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە، بەدواداچوونی جدی دەکەین”.

.

وتیشی، “بەداواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو جۆرە پرسانە بە شێوەیەکی هەڕەمی دەبێت، سەرەتا لێکۆڵینەوەکان لە نەخۆشخانەکەوە دەستپێدەکات، دواتریش دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی”.

.

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى باسى لەوەکرد، ئەگەر پێویست بکات وەزارەتی تەندروستی  لەڕێگەى لیژنەیەکەوە بەدواداچوون بۆ بابەتە دەکات.

 

هاوکات بەپێی نوسراوێک لە دەستی ناس کورد کەوتووە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی داوای لێکۆڵینەوەى لە بابەتەکە کردووە.

حکومەت و پەرلەمان بەدواداچوون دەکەن بۆ گیانلەدەستانی نەخۆشێک لە سلێمانی

.

جەختیشیکردەوە، پێش ئەوەی دەستبکرێت بە لێکۆڵێنەوە دەبێت دڵنیابنەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە، دواتر ڕێکارە یاساییەکان پەیڕەودەکرێن و کەسی کەمتەرخەمیش بەگوێرەی یاسای سزای خۆی وردەگرێت.

.

بەپێى گێڕانەوەکەى عومەر عینایەت، لەماوەى ئەو چوار ڕۆژەدا کە نەخۆشەکە لەنەخۆشخانەى شار ماوەتەوە، جگە لەو دوو خولەکەى پزیشکى ئێشکگر بینویەتى، پزیشکەکە تەنها لەڕێگەى تەلەفۆنەوە ئاگادارى تەندروستى نەخۆشەکە بووە، نەک بچێت بیبینێت.

.

لەو بارەیەوە وتەبێژى وەزارەى تەندروستى وتى، “دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چاودێریکردنی نەخۆش، بەهیچ شێوەیە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە زانستی نییە، ئەوە کارێکی پێچەوانەی زانستی پزیشکییە و بەهیچ شێوەیەکش ڕێگە پێدراو نییە”.

.

تا ئێستا نەخۆشخانەى شار و بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، ناس کورد چەندین هەوڵیدا بۆ وەرگرتنى لێدوان لە بەرپرسانى نەخۆشخانە و تەندروستى سلێمانى، بەڵام هەوڵەکان بێئەنجام بوون.

.

سەباح زێباری، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد بێئاگایی خۆی لە بابەتەکە نیشاندا، بەڵام جەختی کردووە ئەوان دوای ئەوەی زانیاری تەواو لە سەر ئەو بابەتە وەردەگرن دواتر بەدوادچوونی پێویستی بۆ دەکەن.

.

هاوکات شایان کاکە ساڵح، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند کە “هەر کاتێک کەسوکاری نەخۆشەکە  هانایان بردە بەر پەرلەمانی کوردستان ئەو کاتە ئێمە  تێکەڵی بابەتەکە دەبین”.

.

وتیشی “دەبێت کەسوکاری نەخۆشەکە سکاڵا لە دادگا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان بە میکانزمی دروستی خۆی تێپەربێت، ئێمەش لای خۆمانەوە وەک لیژنەی تەندروستی بەدواداچوونی جدی بۆ بابەتەکە دەکەین”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل