fbpx
Shadow Shadow

ئەنجومەنی باڵای فەتوا و چالاکوانانی مافی ئاژەڵ لەو بارەیەوە چیدەڵێن؟

حکومەت لەڕێگەی حەبەوە سەگە بەڕەڵاکان دەکوژێت [تایبەت]

15:12 هه‌ینی 25 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ڤێتەرنەرییەوە دەستکراوە بە کوشتنى سەگە بەرەڵاکان و رێکخراو و ئاژەڵدۆستەکان رەخنەى توند لەو کارە دەگرن و یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامیش شەرعییەتى پێدەدات و تەنانەت بەخێوکردنیان بە حەرام و دوور لە ئادابى کۆمەڵگەى کوردى ناودەبات.

.

لە ڕابردوودا سەگی بەڕەڵا لەڕێگەی گولەوە دەکوژرا، بەڵام ئێستا لەڕێگەی پێدانی حەبێکەوە دەکوژرێت و لەئێستادا ڕۆژانە ئەو کارە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەرییەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام ئاژەڵدۆستێک ئەوە بە کارێکی دڕندانە ناودەبات و چارەسەرێکی دیکەش دەخاتەڕوو.

.

نەبەز عوسمان، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند :”ماوەی چەند مانگێکە دەستمان بە چالاکی لەناوبردنی سەگی بەڕەڵا لەڕێگەی پێدانی حەبەوە کردووە و لە سەرەتادا 50 سەگمان بەو ڕێگەیە لە ناوبرد و دواتریش بەڕێژەی دیکە تائێستا بەردەوامین و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ئەگەر ئاگادار بکرێینەوە لە بوونی سەگ لە هەر شوێنێک ئەوا تیم دەنێرین و لەناوی دەبەین”.

.

وتیشی، سەگەکان دەگرن و حەبێکیان پێدەدەن کە پێی دەوترێت “حەبی مەڵاشو”، دواتر بەڕێگەیەکی گونجاو لاشەکەیان دەکەن بەژێر خۆڵەوە و دەیانشارنەوە.

.

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەڵەبجە، ئەوەی نەشاردەوە کە زۆرێک لە هاووڵاتیان ئەو کارە قبوڵ ناکەن و پێیان ناخۆشە، هەر بۆیە ئەوان زیاتر کارەکانیان بە شەوان و دور لە چاوی خەڵک ئەنجام دەدەن.

حکومەت لەڕێگەی حەبەوە سەگە بەڕەڵاکان دەکوژێت [تایبەت]

.

چالاکوانێکی بواری مافی ئاژەڵ، ڕەخنەی توند لەو کارە دەگرێت و پێیوایە لە ڕووی ئاینیشەوە مرۆڤ مافی ئەوەی نییە ڕوح لە هیچ ئاژەڵێک بسەنێتەوە، پێشنیاریش دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو سەگانە، ڕێگە لە زاوزێیان بگیرێت و بەجیا لە شێڵتەرەکاندا کۆببنەوە.

.

ئاوات حوسامەدین، چالاکوانی بواری مافی ئاژەڵان و هاوکات نوێنەری ئاینی زەردەشتی لە وەزارەتی ئەوقافى هەرێم بە ناس کوردی وت: “کوشتنی سەگ و هەر ئاژەڵێکی دیکە بەهەر ڕێگەیەک بێت کارێکی زۆر دڕندانە و ناشارستانییە و نیشانەی دواکەوتوویی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە لە سەدەی 21دا ئەو کارە بەرامبەر ئاژەڵی بێ زمان بکەین، کە هیچ زیانێکیان بۆ مرۆڤ نەبووە”.

.

وتیشی، کوشتنی ئەو سەگانە چارەسەر نییە، چونکە ئەوان بەردەوام زیاد دەکەن، بەڵکو پێویستە لە زۆربەی شارەکاندا شێڵتەری تایبەت دروست بکرێت و ئەو سەگانە ببرێنە شێڵتەرەکان و نێر و مێیەکان جیابکرێنەوە لەیەکتر، بۆ ئەوەی زاوزێ نەکەن و زیاد نەکەن.

.

ئاوات حیسامەدین، ئاماژەی بەوەشکرد: “ڕاستە لە هەولێر شێڵتەر هەیە، بەڵام ئەوە تەنها بۆ پارە خواردن دروستکراوە و لەئێستادا 120 سەگیان لایە و لەوە زیاتر وەرناگرن، لەکاتێکدا پارەیەکی زۆر وەردەگرن، بەڵام هیچی بۆ خزمەتی ئاژەڵەکان خەرج ناکرێت”.

.

حوسامەدین روونیدەکاتەوە کە ئەو تەنها زەوییەکى ویستووە بۆ ئەوەی شێڵتەرێک دروست بکات لەسەر ئەستۆی خۆى و لەڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە، زەوییەکیان پێداوە، بەڵام دواتر لەلایەن شارەوانییەوە لێى وەرگیراوەتەوە و وتوویانە بۆ کاری دیکە پێویستیانە.

حکومەت لەڕێگەی حەبەوە سەگە بەڕەڵاکان دەکوژێت [تایبەت]

.

بەپێچەوانەى روانینى رێکخراوەکانى ئاژەڵدۆستى و چالاکوانانى ئەو بوارە ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم لەو بڕوایەدایە کوشتنی هەر ئاژەڵێک ئەگەر زیانی بۆ مرۆڤ هەبێت حەڵاڵە و هەروەها بەخێوکردنی سەگیش کارێکی نادروست و حەرامە.

.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژەى بەوە کردووە: “هەر سەگێک ئەگەر سەلمێندرا لە ڕووی تەندروستی و ئابورییەوە زیانی بۆ مرۆڤ و ژینگە هەیە، ئەوا دروستە بەڕێگەیەکی گونجاو لەناو ببرێت، چونکە خوای گەورە هەموو شتێکی لە بەرژەوەندی مرۆڤەکان دروستکردووە”.

.

 

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو،  ئەو دیاردە ناپەسەندەی کە ئێستا پەیدا بووە لە هەندێک شوێن و شارو شارۆچکەی هەرێمدا، کە گەنجانێک سەگ رادەگرن و لە ماڵه‌کانیاندا و  پیاسەیان لەگەڵدا دەکەن، لەروانگەی شەریعەتی ئیسلامدا حەرامە و نەریتێکی ناتەندروستە و لاسایی کردنەوە و چاولێکردنی کەسانێکن کە ناپابەندن بە ئیسلامەوە لە ئەوروپاو شوێنەکانی ترەوە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل